لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 66%ی جووتیارانی دەڤەری بەرواری باڵا وازیان لە چاندنی دارسێو هێناوە. لەبەرئەوەی داهاتیان لەو دارسێوانە بەرامبەر بە تێچوویان کەمترە.
ئەمساڵ جووتیارانی ئەو دەڤەرە زیاتر لە 10 هەزار دارسێویان بڕیوە و درەختی دیکە دەڕوێنن. مەترسیی ئەوە هەیە لە 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا باخی دارسێوەکان نەمێنن.
عیزەت محەممەد تاهیر جووتیارێکی دەڤەرەکەیە و بە ڕووداوی ڕاگەیاند پێشتر باخەکەم هی سێو بوو، بەڵام بەری نەدەدا، بۆیە بڕیم و دەیکەمە دارمیوەیەکی دیکەی وەک ئاڵوو یان گێلاس کە داهاتی هەبێت تاوەکو ژیانم دابینبکات و لە گوند بمێنمەوە.
شلێمون ئەسنیو، جووتیارێکی دیکەی دەڤەرەکەیە و لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە باخی سێوی هەیە و دڵی نایەت دارسێوەکانی ببڕێت، بەڵام وەک ساڵانی ڕابردوو خزمەتی دارسێوەکانی ناکات و دەڵێت پێشتر بەرهەمیان باشبوو، بەڵام ئێستا داخوازییەکی کەم لەسەر سێو هەیە، بۆیە ساردبووینەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەکانی کشتوکاڵ لە دەڤەری بەرواری باڵا، بەر لە شەش ساڵ زیاد لە دوو هەزار جووتیاری دەڤەرەکە سەرقاڵی بەخێوکردنی دارسێو بوون، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 400 جووتیار.
عەبدولعەزیز محەممەد تاهیر، بەرپرسی هۆبەی کشتوکاڵ لە شارۆچکەی کانی ماسی ڕاگەیاند یان دەبێت ڕێگەکە چاک بکرێت و لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە تونێلی مەتین دروستبکرێت، یان دەبێت کارگەیەکی لەقوتوونان لە دەڤەرەکەدا دابمەزرێندرێت تاوەکو سوود لە بەرهەمی هەموو دەڤەرەکە وەربگرێت و، ئەو کاتە جووتیاران ڕوو لە چاندن دەکەنەوە.
لە ساڵی 1951دا بەشێک لە خەڵکی دەڤەری بەرواری باڵا دەستیان بە چاندنی دوو جۆری تایبەتی سێوکرد کە لە ئەمریکا و لوبنانەوە هێنرابوون. ژینگە و کەشوهەوای دەڤەرەکە یارمەتیدەری گەشەکردن و بەناوبانگبوونی سێوی ئەوێ بوو و لەو کاتەوە ژیانی زۆربەی خەڵکی لەسەر بەرهەمی ئەو سێوانە بوو.
لە #دهۆک# و زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستاندا هەر کاتێک باسی سێوی خۆماڵی بکرێت، خەڵکی سێوی بەرواری باڵایان بیردەکەوێتەوە، چونکە هەم ڕەنگ و هەم تامیشی جیاوازە.[1]