دوشەمە 18-11-2019، دادگای کەتنی #کەلار# لە بڕیاردان لە دۆسیەی سکاڵایەک دژ بە (رادیۆی دەنگ)، پەنای بردەوە بەر یاسای سزادانی عێراقی لە بری یاسای ڕۆژنامەگەری، بە مادەی (433) لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوبەری ڕادیۆکەی (ئازاد عوسمان محەمەد)ی بە (3) سێ مانگ بەندکردن لەگەڵ ڕاگرتن وقف تنفيذ و پێبژاردنی (225000) دوسەد و بیستوپێنج هەزار دینار حوکم دا.
ڕادیۆی دەنگ ڕاشیگەیاند پەنابردنی دادگای کەتن بۆ ئەم یاسایە، لەکاتێکدا کە دۆسیەکە دۆسیەیەکی تەواو ڕۆژنامەوانیانەیە و لەسەر هەواڵێکی ڕۆژنامەوانی لەسەر ڕادیۆی دەنگ تۆمارکراوە کە دەزگایەکی ڕاگەیاندنە، ئیتر پەنابردنی یاسا و دادگا و دادوەر بۆ یاسای سزادان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسەدا، پاساوی هەرچی بێت لەوە کەمناکاتەوە کە نادادیی و ڕێزنەگرتنی یاسای ڕۆژنامەگەریی و پیشەی ڕۆژنامەوانیە. جەختیشدەکاتەوە ئەم مامەڵەکردنەش پاش مامەڵەی هەفتەی پێشوی هەمان دادگا دێت کە لەپێشهاتێکی مەترسیدار دا بڕیاری ڕاگرتن توقیفی بۆ بەڕێوبەری (رادیۆی دەنگ) دەرکرد.
ڕادیۆی دەنگ ڕاشیگەیاند پەنابردنی دادگا بۆ تەوقیفی ڕۆژنامەنوسان و هەروەها یاسای جگە لە ڕۆژنامەگەری لە کەیسەکانی پەیوەست بە ڕۆژنامەوانی، بە توندی ئیدانە و سەرکۆنە دەکەین و خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت و پرسیاری زۆر لەسەر دادوەریی و کاری دادگاکان بەتایبەت لە #گەرمیان# دا دروست دەکات.
ڕادیۆکە داوا لەسەرجەم ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان و سیاسیەکان و پارلەمانتار و دادوەر و یاسایی و چالاکانی مەدەنی و بەرپرسانی حکومیی دەکات، پێکەوە بەگژ ئەم مامەڵەکردنەدا بچنەوە و چیتر ڕێگەنەدەن بەمشێوەیە یاساکان بۆ دژایەتی ڕۆژنامەوانان و پیشەی ڕۆژنامەنوسیی بەکاربهێنرێن.[1]