=KTML_Bold=ئیمپراتۆری ئاشووری=KTML_End=، بە گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مێژوو هەژمار دەکرێت، (300) ساڵ بەر لەوەی بە شێوەی دراماتیکی هەرەس بهێنێت، فەرمانڕەوای تەواوی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی نزیک بوو.
ئیمپراتۆرییەکە، لە ساڵی (912)ی پێش لەدایکبوونی مەسیح لە میزۆپۆتامیا سەریهەڵدا. لە خۆرئاوایەوە، سەرێکی لە دەریای سپی ناوەڕاست و میسر بوو، لە خۆرهەڵاتیشیەوە گەیشتبووە کەنداو و خۆرئاوای ئێران.
توێژینەوەیەکی نوێ، دەریخستووە، هۆکاری شکستی سەرەکی ئه و ئیمپراتۆریە گەورەیەی مێژوو، کەشوهەوا بووە.
دوای مردنی پاشا ئاشوور پانیپاڵ، کە بە پادشای جیهان دەناسرا، لە دەوروبەری ساڵی (630)ی پێش لەدایکبوون، پاشان دەستگرتن بەسەر شاری نەینەوای گەورەدا لە ساڵی (612)ی پێش لەدایکبوون لە لایەن بابلییەکان و هاوپەیمانەکانییەوە لە دەوروبەری کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش لەدایکبوون، ئیدی ئیمپراتۆرییەکە بە تەواوی هەرەسی هێنا.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:left;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/375202/0002.JPG=KTML_ImageCaption_Title=ئاشوری=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=ئاشوری=KTML_ImageCaption_End=
$باران ئیمپراتۆرییەکەی مەزن کردبوو$
شارەزایان گەیشتوونەتە ئه و بڕوایەی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان بە گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکەوە پەیوەست بوون. گۆڕانی ئاوهەوای شێداری ناوچەکە بۆ وشکەساڵی و نەمانی داهات و بەروبوومی دانەوێڵە هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی ئاشوورییەکان بووە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە: نزیکەی دوو سەدە باران و ئاوهەوا سازگار بووە بۆ کشتوکاڵ و ئاستی گەشەی ئابووری بەرز بووەتەوە و بەرهەم زۆر بووە، بە تایبەتی دانەوێڵە. ئەمەش وایکردووە، شارستانییەتی ئاشوورییەکان گەشە بکات، شاری نوێ درووست بکرێن. سنووری قەڵەمڕەوی ئیمراتۆرییەکە فراوان بێت. گەشەی دانیشتوان خێراتر بێت. پێش ئەوەی کەشوهەوا لە سەدەی حەوتەمی پێش لەدایکبوون بۆ وشک بگۆڕێ.
له و سەردەمدا، شەڕوشۆڕ و ناکۆکی ناوخۆیی، بوونە هۆی شکستی سەربازی ئیمپراتۆریەکە، بەڵام لە هەموویان کاریگەرتر هۆکاری ئه و ڕووداوانە بوو، کە بەرتەسکبوونەوەی سنووری بەرهەمی دانەوێڵە و کەمبوونەوەی بەرهەم بووە.
پرۆفیسۆر نیکولاس پوستگیت، شارەزای بواری مێژووی ئاشووری لە زانکۆی کامبریج، دەڵێت: هیچ شیکردنەوەیەکی وردمان بۆ ئه و سەردەمە نییە، کە ئاشوورییەکانی پێدا تێپەڕین. نووسراوەکان زیاتر ئاماژەن بۆ دەورانی ساڵانی نێوان (645) بۆ (612)ی پێش لەدایکبوون و شەڕی کۆتایی نەینەوایە.
$کونەبا$
تیمێکی شارەزا، شیکاریان بۆ دوو پارچە بەردی کلسی نیشتووی ئەشکەوتی کونەبای شاخی گوڵان کردووە. لە سەر پارچە کلسییەکان دوو جۆر گەردی جیاوازی ئۆکسجینیان ئاشکرا کردووە، کە بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو لە ناو ئەشکەوتەکە چوونەتە ناو بەردە کلسییەکان.
ئەشکەوتی کونەبا کەوتووەتە بناری شاخی گوڵان بە ڕووی #دەربەندیخان# و دەروازەی ئەشکەوتەکە بریتیە لە تەنیا ڕێگایەک و دوواتر دابەش بووە بۆ دوو ڕێگا بە ئاراستەی باکوور و باشوور و ڕێگەی باکوور درێژیيەکەی زیاترە و بریتیيە لە چەند ڕێگایەکی دابەش بوو.
ئەم ئەشکەوتە پێکهاتەیەکی سرووشتیيە، پێکهاتەی ناوەوەی بەرد و قسڵ و کلس و خۆڵە. لە ئەنجامی بوونی ڕادەی بەرزی شێ و ئاو، هەروەها بوونی پێکهاتەیەکی بەردی کلسینی ڕووپۆش و هەبوونی ماددەکانی جۆری ئەسکەلەتایت و مەگناتایت، ڕووپۆشی ناوەوەی ئەشکەوتەکەی کردووە بە چینێکی میتالیکی جوانی درەوشاوەی ناوازە.
بەردە کلسینەکان کۆمەڵێکی ڕەنگاوڕەنگی جیاواز بە یەکن، بەپێی دابەشبووی جۆری ڕەنگی خۆڵەکان بە ناو ئەشکەوتەکەدا دابەش بوون.
ئەم ئەشکەوتە کتێبخانەیەکی زانستیی گەورەیە و مێژوی ملیۆنان ساڵی میزیۆپۆتامیا و ناوچەکەی تێدا پارێزراوە. ئه و کریستاڵانەی بەهۆی تنۆکە ئاوەکانی ناو ئەشکەوتەکەوە دروست بوون، شایەتی ڕاستەقینەی ئه و وشکەساڵی و سەرما و گەرما و خۆڵبارین و گۆڕانکارییە جیۆلۆجی و سەردەمە جیاوازانەی لەخۆیدا هەڵگرتووە کە کوردستان و میزیۆپۆتامیا و جیهانی پێدا تێپەڕیوە.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/375202/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=کونەبا=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=کونەبا=KTML_ImageCaption_End=
کونەبا بەپێی داتاو ڕووپێوییە ئامادەکراوەکان قوڵییەکەی (676) مەترە و قوڵی ئەشکەوتەکە لەبەشی لای ڕاستەوە بەشێوەیەکە کۆتاییەکەی دیار نییه و تائێستا هیچ کەسێک نەگەیشتووەتە کۆتاییەکەی. لەناو ئەم ئەشکەوتەدا شوێنی وای تێدایە کە (30) مەتر دەچیتە خوارەوە پاشان ئاوێکی سازگار بەدی دەکەیت کە لەدەریاچەیەکی گەورە دەچێت، ئه و ئاوەی لەناو ئەشکەوتەکەدایە بەهۆی ئەوەی ئاوی لەسەر دەڕوات و لەناو کونی بەردەکانیشدا ئاوی تێدا دەوەستێت، گەشتیاران دەتوانن بۆ خواردنەوە سوودی لێ ببینن، کە لەم ناوچەیەدا چلوره و کریستاڵە ڕەنگاڵەکان وەک چلورەیەکی قامیشی درێژ هاتوونەتە خوارەوه و هەندێکیان لەسەر زەوییەوە درێژبوونەتەوە، بەشێکی دیکەش لە بنمیچەکەیەوەە درێژبوونەتەوە، کەشێوەی کریستاڵییەکە دەنەخشێنن. بەردی ناو ئەشکەوتەکە ناوە زانستییەکەی (ئەستەلەکتایت و تەستەلەکمایت)ە.
لایەنێکی دیکەی سەرنجڕاکێشیی ئەشکەوتی کونەبا، کەجیاوازە لەزۆربەی ئەشکەوتەکانی دیکە، ئەوەیە هیچ گیاندارێکی تێدا ناژی، کە بۆ ئەوەش تائێستا هیچ توێژینەوه و لێکۆڵینەوەیەک نەکراوه و هۆکارەکەشی نازانرێت.
ئەنجامی توێژینەوەکە
=KTML_Bold=شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە، =KTML_End= مادەی ثوریۆم لەسەر پێکهاتە کلسییەکان نییە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (925) تا (550)ی پێش لەدایکبوون و هەردوو قۆناغەکە پیشانی دەدات، کەشوهەوا لەبار و گونجاو بووە.
=KTML_Bold=قۆناغی یەکەم=KTML_End= تا ساڵی (725)ی پێش لەدایبوون درێژدەبێتەوە و ئه و قۆناغە زۆر شێدار بووە. تیمەکە ئاماژەی بەوەشداوە لە ماوەی ساڵانی (850)ی پێش لەدایکبوون تا (740)ی پێش لەدایکبوون زۆرترین باران باریوە و ئه و ماوەیەش ئیمپراتۆری ئاشووری بەردەوام ڕووی لە گەشە و فراوانبوون بووە.
=KTML_Bold=قۆناعی دووەمی=KTML_End= کەشوهەوای ناوچەکە بە گوێرەی توێژینەوەی سەر بەردە کلسییەکانی ئەشکەوتی کونەبا لە ساڵی (675)ی پێش لەدایکبوون تا (550)ی پێش لەدایکبوون درێژ دەبێتەوە و ئه و ماوەیە وشکە ساڵی بووە و ساڵ لە دوای ساڵ وشکەساڵی زیاتر تینی بۆ خەڵکی ناوچەکە هێناوە و له و ماوەیەشدا گرانی داهاتووە و قاتوقڕی بووە و هەر له و ماوەیەشدا ئیمپراتۆری ئاشووری هەرەسی هێناوە.
پرۆفیسۆر، ئاشیش سنها لە زانکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا، کە شارەزای کەشوهەوای چاخە دێرینەکان بووە و نووسەری توێژینەوەکەیە، دەڵێت: نموونەکانی کۆمپیوتەر پیشانی دەدەن، ئیمپراتۆری ئاشووری کاریگەر بووە به و ڕەوشی کەشوهەوایەی لە ئەشکەوتی کونەبا بەدیکراوە و ئه و وشکەساڵییەی بەدیکراوە، هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوه و تەنیا پەیوەست نەبووە بە ناوچەیەکەوە.
ئه و زانیارییانەی لە مانگە دەستکردەکانەوە لە بارەی بەرهەمی دانەوێڵەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستکەوتن، دەریدەخەن، بەرهەمی دانەوێڵە تا ئێستاش زۆر هەستیارە بەرامبەر بە ڕەوشی کەشوهەوا، بە تایبەتی باران، هەر کاتێک ئاستی باران بارین دابەزێت، ڕاستەوخۆ بەرهەمی دانەوێڵە کەمدەکات.[1]