نوێنەری شاری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە
بەهۆی ناڕەزایەتییەکان دژبە زیادکردنی نرخی بەنزین، ڕۆژی یەکشەممە 17-11-2019
محەمەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری شاری
بۆکانبۆکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرلەمانی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە سەرۆکایەتی هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئێران بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزینی پەسەندکردو ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش پشتیوانی لە بڕیارەکەیان کرد.
بەپێی میدیاکانی ئێران، محەمەد قەسیم عوسمانی، لە دانیشتنی ئاشکرای ئێوارەی ڕۆژی 17-11-2019 پەرلەمانی ئێراندا ڕایگەیاندکاتێک عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، خۆی بەشەخسی و بەبێ ڕاوێژکردن بە پەرلەمان دەربارەی زیادکردنی نرخی بەنزین بڕیاردەدات، وەک ئەوەی بۆچونی ئێمەی نوێنەران گرنگ نەبێت، بەم پێیە بێت بونی ئێمە لە پەرلەمان هیچ واتایەکی نییەو ئیدی ئێمە بۆچی لێرە بین.
عوسمانی وتوشی لەبەرئەوەی کە هیچ ڕۆڵێکم لەو بڕیارەدا نەبوە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەم.
ئەو نوێنەرەی شاری بۆکان لەپەرلەمانی ئێران دوای قسەکانی دەقی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.
لەلایەکی دیکەوە هەندێک لەمیدیا ئێرانییەکان باسیان لەوە کردوە کە جگە لە عوسمانی، ژمارەیەکی دیکەی پەرلەمانتارانی ئێران دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ئامادەکردوە.
سەید جاسم قاسمی نوێنەری
کرماشانکرماشان، محەمەد جەواد ئەبتەحی نوێنەری خومەینی شەهر، محەمەد جەواد فەتحی نوێنەری تاران، لەنێو ئەو پەرلەمانتارانەدان کە دەوترێت دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ئامادەکردوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش مەحمود سادقی، نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندبو کە بڕیاری داوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات.
لە شەوی هەینییەوە دژ بە بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران و هەروەها لە دوێنێشەوە لە شارو شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوەو لە میانی ناڕەزایەتییەکاندا بە دەیان کەس کوژراون و بە سەدان کەسیش بریندار بون.
هاوکات دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندوە کە لەماوەی دو ڕۆژی ڕابردودا، زیاتر لە یەک هەزار خۆپیشاندەریان دەستگیرکردوە.
[1]