داستان مارف لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی 1990 لە سلێمانی لە دایک بووە. بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە. یەکەم شیعری لە 2011دا لە گۆڤاری هەناردا بڵاو بووەتەوە. ئەو لەم چەند شیعرەدا سەرنج دەخاتە سەر خۆشەویستی، شیعر، دنیای شیعرییانە و مرۆڤ و ژیانەکەی.
$ئەوەی له سینەم چەقیوە ڕۆتر بچێت ئاسانترە$
داستان مارف
1
دەستەکانم دەتیانەوێت؛ لێرە نیت و لە گیرفانمیان دەنێم.
2
یەک خەونمان هەبوو، یەک خەممان هەبوو، بووبووین بە یەک.
تۆ لە ماتماتیکدا سەرکێش بوویت و جیا بووینەوە.
3
تۆ لە ڕەنگت کەم نەبوو،
منیش نەمویست تاوس بخەمە ئەرکەوە.
4
شاعیرەکان دڵخۆش نین؛
وشەکان بە بەرگی خیانەتەوە دەگەنە جێ.
5
مانگ دڵخۆش نییە؛
مانگ نایەوێت لە شیعرێکی خراپدا بێت.
6
مرۆڤەکان دڵخۆش نین؛
مرۆڤەکان تەنیا مانەوە.
7
وێنەکێشەکان دڵخۆش نین؛
وێنەکێشەکان دەزانن، هەموو ڕەنگی دونیا ئەم تاریکییە، ڕوون ناکاتەوە!
8
لە پەنجەرەکەوە مانگ دیارە
دایبخە، با درۆی شاعیران نەیەتە ژوورێ.
9
لە تەک غەریبەیەکەوە ڕێ دەکەم
دەنگی دانه دانەی بەڕێکردنی تەزبیحەکەی دەبیستم،
پاااااااااپپ.
سڵاوکردن لە هاوڕێیەک!
مرۆڤەکان بەناومدا دەڕۆن و هەست بە بوونم ناکەن
بەناو مرۆڤەکاندا دەڕۆم و هەست بە بوونیان ناکەم.
ئێرە پێی دەگوترێت شار، ئەم ڕۆژگارەش،
دونیای نوێ![1]