ژنێک دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە
مامۆستایەک بەگوریسێک خۆی هەڵدەواسێت
گەنجێک گوللەیەک دەنێت بەسەری خۆیەوە
پیاوێک پەلاماری هاوسەری پێشووی دەدات
هەرزەکارێک دایکی خۆی سەردەبڕێت
لاقەکردنی منداڵ و کوشتن و دزی و دەیان تاوانی تر، کە ڕۆژانە دەیبینین و دەیبیستین.
لەم چەند ساڵەی دواییدا جگە لە کێشە کەڵەکەبووە چارەسەرنەکراوەکانی کۆمەڵگە و لە سەرووی هەموویان توندوتیژیی دژ بەژنان و کوشتنیان، کۆمەڵێک دیاردە و کێشەی کۆمەڵایەتی ڕوویان کردۆتە کۆمەڵگە کە پێشتر نەبوون.
کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی و شەڕی #داعش# و بڕینی مووچە و هاتنی ئاوارەکان و بەشوودانی منداڵان و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتانی ئاوارەی عەرەب، بە شێوەیەک کە زیاتر لەکڕین دەچێت و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی دەروونی و نەبوونی چارەسەر و کاریگەرییە نەرێنییەکانی سۆشیال میدیا و گەورەبوونی هەڕەشەکانی لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە و چەندین کێشەی تری ڕاستەقینە، کە بوونەتە مەترسی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کاتی ئەوە هاتووە کاری زۆر جیدی بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت.
زیادبوونی تاوانەکان بەشێوەیەکی ترسناک لەلایەکەوە و لەلایەکی تریشەوە ڕاستەوخۆ خستنەڕووی هۆکارەکان لەلایەنە بەرپرسەکانەوە، بەوەی کە”کێشەی کۆمەڵایەتی” یاخود ”گرفتی دەروونی” یان هەرچی هۆکارێکی تر، دەبێتە بەهانەیەک بۆ زۆربوون و تەشەنەکردنی تاوان، نەک کەمکردنەوەی. پێویستە پۆلیس و دادگا لە دەرەوەی حوکمەکانی کۆمەڵگە و وەسفەکانی کۆڵانەکان کاری خۆی بکەن بۆ ڕێگرتن لە تاوان لەلایەک و سزادانی تاوانباران لەلایەکی ترەوە.
هەموو تاوانێک لە ئەنجامی کێشەیەک ڕوودەدات، بەڵام دیاریکردنی هۆکاری کوشتن یەکسەر و لەلایەنی بەرپرسەوە، جگە لەوەی کارێکی پرۆفیشنا ڵانە نییە، لەهەمانکاتیشدا ئەوە ئەگەر قسەی کۆڵان و گەڕەکەکان بێت تا ڕادەیەک ئاساییە، بەڵام کاتێک لایەنی تایبەتمەند و بەرپرس ئەم چەند وشەیە وەک هۆکار دەخەنە بەردەم ڕاگەیاندنەکان و ڕاگەیاندنیش وەک بەبەغا دەیڵێتەوە، ئەوەندەی لە خۆپەڕاندنەوە و خۆدزینەوە لە بەرپرسیایەتی دەچێت، لە هیچیتر ناچێت.
ئاخر کاری پۆلیس دەبێت زۆر لەوە وردتر بێت، کە ڕاستەوخۆ دوای ڕوودانی تاوانێک، کلیلێک بدات بەدەستەوە و مەتەڵێک هەڵبێنێت.
کێشەی کۆمەڵایەتی کێشەیەک نییە لە ئاسمانەوە وەک باران ببارێت بەسەر کەسەکاندا و کێشەی دەروونیش لەکونفەیەکونێکدا دروست نابێت، ئینجا ئەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لەسەریانە پێشکەشکردنی بیانوو و هۆکار نییە، بەڵکو ئەوان ئه و دەزگایەن کە دەبێت ڕێگر بن لە ڕوودانی تاوان و سزای تاوانباران بدەن.
کێشەکان ئەگەر دەروونی بن، یاخود کۆمەڵایەتی و سیاسی و دارایی و…هتد، هەموویان بەستراون بەیەکەوە و یەکیان ئەویتر دروست دەکات. کێشەی دارایی بە تەنها دەتوانێت چەندین کێشەی تر دروست بکات. مادده بێهۆشکەرەکان، گرفتی دەروونی و دارایی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هۆکارن بۆ دروستبوونی دەیان گرفتی تەندرووستی و کۆمەڵایەتی و دەروونی، بەڵام کێن ئەوانەی دەتوانن ئەم هۆکارانه بخەنەڕوو و کاری لەسەر بکەن؟
دام و دەزگاکانی حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان نەک دەیان، بەڵکو سەدان کەسی تایبەتمەندیان هەیە و لەناو دەزگا و وەزارەت و ڕێکخراوەکاندا ئیشیان ئەوەیە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و بتوانن زانستیانە وەڵامی ئه و پرسیارانە بدەنەوە تا ببن بەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان تا دواتر کار بکرێت لەسەر بنبڕکردنیان و دۆزینەوەی چارەسەری بابەتیانە بۆ گرفتەکان، یاخود کارکردن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکان، نەک لایەنی فەرمی وەک پۆلیس، ئه و هۆکارانە ڕاستەوخۆ فڕێبدەنە بەردەمی ڕاگەیاندن و ئەمانیش وەک بنێشت بیجوون و بیجوونەوە.
لەکاتێکدا کۆمەڵگەی ئێمە لەژێر باری کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا دەناڵێنێت، ئەگەر لێدوانی فەرمیی لایەنی تایبەتمەند و بەرپرس لەسەر تاوانێکی گەورە هەمان قسە بێت کە لە کۆڵان و گەڕەکدا دەکرێت، ئیتر دەبێت پێمان سەیر نەبێت گەر ”کێشەی کۆمەڵایەتی” شوێنی ”شەرەف” و ”نامووس” بگرێتەوە و ئیتر وەک بەردێک لەسەر هەموو تاوانەکان دابنرێت.[1]
نووسینی: تەرزە فایەق