چیرۆکی تیرۆری سەمەری 6 ساڵان
سەمەر سەڵاح، جەستەی تەواو شێوێنرابوو، سەری لە جەستەی جیاکرابۆوە، لە ڕۆژی 01-10-2019 و بەدوری چەند سەد مەترێک لە پشت ماڵەکەی خۆیدا تەرمەکەی بە فڕێدراوی هەڵگیرایەوە.
ماڵی باوکی سەمەر دەکەوێتە گوندی تۆپزاوا لە ناحیەی یایچی -12کم لە خۆرئاوای کەرکوک-، لە خانوویەکی تەواونەکراودا کرێچین، دوای ئەوەی لە گوندەکەیان لە قەزای حەویجه ئاوارە دەبن.
کاتێک سەمەر لە بەردەرگا دیارنەما، هەموو شوێنێک گەڕاین بەدوایدا و نەماندۆزییەوە، دەزگا ئەمنییەکانمان ئاگادارکردەوە هەر هیچ هەواڵێک نەبوو، تا تەرمەکەیمان لە پشتی ماڵی خۆماندا دۆزییەوە باوکی سەمەر وای وت.
مریەم حەمود، لەناو حەوشەکەی ماڵەکەیدا؛ بێهێز کەوت بوو، خۆڵی سەر زەوییەکە رەنگی رەشی جلەکانی کردبووە خۆڵەمێشی، لە سنگی خۆی دەدا و بە دەنگێکی بەرزتر لە ئامادەبوان، مەرگی کچەکەی دەلاواندەوە.
زۆر ناخۆشی و کاری نامرۆڤانەم بینیووە، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە، منداڵێکی تەنیا تەمەن شەش ساڵ، کە تەمەنی پەپولەیەکە بۆ بەوشێوە دڕندانەیە سەری لە لاشەی لێبکرێتەوە.
کچەکەی مریەم، ئێوارەی 29-10-2019، لە چەند خولەکێکدا لەبەر بەردەرگا لەبەرچاو وندەبێت، هەرچی شوێن هەیە بەدوایدا دەگەڕێن بێئەوەی هەواڵێکی بزانن، تا لە سێیەم رۆژی دیارنەمانیدا تەرمەکەی دەدۆزنەوە.
سەڵاح حەسەن، سەربازه، 10 ساڵە هاوسەرگیریکردووە و جگە لە سەمەر؛ باوکی کچێک و چوار کوڕی ترە.
لەگەڵ بەرێکردنی تەرمی کچەکەیدا بەره و گۆڕستان، سەڵاح بە کوڵ دەگریا و دەیوت، زۆر جێی داخە.. سەری لە جەستەی کراوەتەوە و هەموو جەستەیشی شێوێنراوە.
سەرمی سەمەر لە گۆڕستانی گوندی تۆپزاوە بە خاکسپێردرا، بەڵام کەسوکاری گەڕانەوە بۆ حەویجە، لەوێ و لەنێو کەسوکاریاندا پرسەیان دانا.
ئای کە دڵخۆش بوو بە چوونە خوێندنگە، زۆر تامەزرۆ بوو، بەداخەوە دەستی رەشی تیرۆر نەیهێشت به و ئاواتەی بگات مریەم، لە نێو لاوانەوەی مەرگی کچەکەیدا، جاربەجارێک رادەوستا و باسی لە خولیاکانی سەمەر دەکرد.

جلوبەرگی خوێندنگە و جانتاکەی سەمەر لەبەردەستی باوکیدا کە بۆ یەکەم رۆژی خوێندنگە بۆی کڕی
سەمەر جلوبەرگ و جانتای خوێندنگەی بۆ کڕدرابوو، یەکەم ساڵی خوێندنی بوو، چاوەڕێی بوو 30-09-2019، لەگەڵ منداڵەکانی گەڕە کدا بۆ یەکەمجار لەسەر کورسی قوتابخانە دابنیشێت.
بەیانی ئه و رۆژە ی رفێنرا باوکی جلوبەرگ و جانتای بۆ کڕیبوو، ئه و رۆژە سێ بۆ چوار جار جلەکانی لەبەرکرد، جانتاکەی دەکردە شان و دایدەنایەوە، زوو زوو پرسیاریدەکرد کەی دەچێتە خوێندنگە، ئێمەش دەمانوت چاوەڕێبە زۆری نەماوە مریم وای وت.
حەسەن شاهر، باپیری سەمەرە و باسی لە کێشەیەکی کۆنتری خانەوادەکە کرد، پێیوایە کوشتنی کچەزاکەی پەیوەندی به و رووداوەوە هەیە.
لە سەردەمی داعشدا تیرۆریستان مامێکی سەمەر و مامێکی باوکی سەمەریان کوشت، بەڵام تیرۆریستەکانمان دەناسی کە کێن و خەڵکی کوێن پلە و پۆستیان چییە، کاتێک بارودۆخەکە گۆڕا و حەویجە کۆنتڕۆڵکرایەوە، لەکاتی مامەڵەی شەهیدانەدا لە دادگا بکوژەکانمان ئاشکراکرد، بۆیە گومان دەکەین بنەماڵەی ئەوان سەمەریان کوشتبێت.

باوکی سەمەر لەسەر گڵکۆی کچەکەی
باپیری سەمەر بە پێویستی زانی دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچون بۆ گومانەکانی ئەوان بکەن، کێشەکەش لەوەدایە چۆن تیرۆریستان دەستیان گەیشتە ئێمە و توانییان به و شێوەیە پەلامارمان بدەن.
ئازاری سەمەر هێشتا نوێیە؛ کەسوکاری چاوەڕێی بینینی راپۆرتی پزیشکی دەکەن تا بزان بۆچی چونە بەردەرگایەک ئەوەنە باجەکەی قورس کەوتەوە.
[1]