بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی زۆرمان دا کە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی کورد لە سووریا دوور بکەوێتەوە و چیتر نەهامەتی و کارەسات ڕوونەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا تووشی پەلاماردان و دۆخێکی مەترسیدار بوونەتەوە.
بەردەوامبوونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەکی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵک و ئاسایش و سەقامگیریی کۆی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و لایەنەکان ڕابگەیێنم کە، هۆکارەکانی ئەو شەڕە هەرچییەک بووبن و هەر لایەنێک کەمتەرخەم بووبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناکە هەبووبێت، ئێستا کات، کاتی موزایەداتی بێهوودە و بۆچوونی عاتیفی و هەڵچوون نییە. کاتی ئەوەیە کە هەموو لایەکمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەکاری بهێنین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵکی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت.
#مسعود بارزانی#
#12-10-2019#