بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای #ورمێ#، ڕۆژی 13-09-2019، لە ووتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە پارێزگای ورمێدا، 24 کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە بوونەتە قوربانی.
بە وتەی ڕەسووڵ ڕۆشەنی، ئەو ڕێژەیەی گیانلەدەستدانی کرێکاران، بەهۆی ڕووداوی کارەوە بە براورد لەگەڵ ساڵی 1997، لە سەدا 41 بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە و لە ساڵی ڕابردوودا، 17 کرێکار گیانیان لەدەست داوە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە کۆی گشتیی ئەو 24 کەسە، 23 کەسیان پیاو بوون و 1 کەسیشیان ژن بووە.
بەربوونەوە لە بەرزایی و بەرکەوتنی شتی قورس، لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ئەو کرێکارانە بوونە.
ڕۆشنی هەروەها ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵدا، 617 کەس لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار هاتوون و لە کۆی ئەو 617 کەسە 605 کەسیان پیاو بوون و 12 کەسیشیان ژن بووە.
گیانلەدەستدانی بێدەنگی کرێکاران دەستەواژەیەکە کە لە لایەن چالاکانی مەدەنی، لە پەیوەندی لەگەڵ مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا کە تووشی ڕووداوی کار دەبەن، بە کار دەبرێت.[1]