بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز لە شەخسە حەسەن، لێپرسراوی بەشی هەنگەوانانی شارۆچکەی پشدەر وەریگرتووە، لەسنوری شارۆچکەکە 7 هەزارو 908 هەنگەوان و 21 هەزارو 642 سندوقی کشتوکاڵی تایبەت بە هەنگ هەن، هەروەها ژمارەی خەڵەفی خۆماڵی''پورەی هەنگ لەسەر داری سروشتی'' 7 هەزارو 358 دانەیە.
بەپێی بەدواداچوونێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شارۆچکەی پشدەر، ساڵی 2019 هەر سندوقێک نزیکەی چوار کیلۆ هەنگوینی تێدایە، بەگشتییش پێشبینیی دەکرێت نزکەی 100 تۆن بەرهەمی هەنگوین هەبێت.
حاجی فەقێ هەنگەوانێکی گوندی سەرگەنێلە و نزیکەی 100سندوقی هەنگی هەیە، سەبارەت بە بەرهەمی هەنگوین دەڵێت: بڕی بەرهەم لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر جیاوزە، ئەگەر گوڵ و گیا زۆربێت هەنگوینیش زۆرە و سودی باشی بۆ هەنگەوانان دەبێت.
ماوەی بڕینەوەی هەنگ، بەپێی زۆریی و کەمیی هەنگەکان دەگۆڕێت، حاجی فەقێ بۆ بڕینەوەی هەنگەکانی 20 ڕۆژی پێویستە، دووجۆر هەنگیش هەیە، ڕەش و زەرد، بەرهەمی هەنگی ڕەش لە بەرهەمی زەرد باشترە.
هەنگەوانان بۆ بەخێوکردنی هەنگ ژینگەی خاوێن هەڵدەبژێرن، بەوپێیەی تا ژینگەکە خاوێنتر بێت بەرهەمی هەنگەکەش باشتردەبێت، هەروەها هەنگ بۆ ئەوەی بگات بە شیلەی گوڵەکان نزیکەی 5 بۆ 6 کیلۆمەتر دەبڕێت.
هەنگەوانان نیگەرانن لە هاوردەکردنی هەنگوینی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان و باس لەوە دەکەن، بەرهەمەکانیان وەک پێویست لەبازاڕەکان ساغ نابێتەوە، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن لەکاتی پێگەیشتنی هەنگوینی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی هەنگوین قەدەغەبکات.
شەخسە حەسەن، لێپسراوی هەنگەوانیی پشدەرسەبارەت بە کێشەی هەنگەوانان و بەرهەمی هەنگ دەڵێت: ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا بێت لەڕێگە ڕێنماییکردن و کۆڕ و سمینارات و زانیاریی پێدان سەبارەت بە خێوکردنی هەنگ، پێدانی داو دەرمان هاوکاریمان کردوون.[1]