لاهوڕ شێخ جەنگی: مام جەلال بۆ چارەسەری کێشەی کوردو کەرکوک تێدەکۆشا
پەیامی
لاهوڕ شێخ جەنگیلاهوڕ شێخ جەنگی بۆ دووەمین ساڵیادی کۆچیدوایی سەرۆک
مام جەلالمام جەلال.
دەقی پەیامەکە.
دوو ساڵ لەمەوبەر، مامی گەورە و خۆشەویست و ورە بەرزم، کۆچی دوایی کرد.
مام جەلال هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێی رزگاریخوازی کوردستان و خوڵقێنەری مافی چارەی خۆنوسین بوو. سەرکردەیەکی ئاشتیخواز و جەماوەریی و پشوودرێژ، پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵک، لایەنگری حکومەتێکی خزمەتگوزار، و پارێزەری ئەزموونێکی هاوسەنگی حوکمڕانیی بوو لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
مام جەلال لە حەفتا ساڵ خەباتی نەپساوە، لە دانوستانە سەختە ناوخۆیی، عێراقی، ناوچەیی و جیهانییەکان، بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد و کێشەی
کەرکوککەرکوک تێکۆشا، ئه و کەرکوکی ناونا (قودسی کوردستان)، و توانی لە دڵی هەمووماندا ئه و راستییە بیچەسپێنێت کە تا کوردێکی بەشەرەف مابێت پێویستە کەرکوک کوردستانی بێت.
مام جەلال، سکرتێری گشتی (ی.ن.ک)، پشتئەستوور بە پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆڵی گرنگی بینی لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی، و لەڕێی پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و پاڵپشتیکردنیان، لە لاوازکردن و روخاندنی رژێمی صەدامی دیکتاتۆردا سەرکەوت. لە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتیکردنی عێراقیشدا، عێراقی لە خزانی زیاتر بەره و خوێناوی شەڕی مەزهەبی و نەتەوەیی پاراست، بەرەی گروپە یاخییەکانی بە کرانەوە و لێبوردن تێکشکاند، ناونرا (صەمامی ئەمانی عێراق)، رۆڵی سەرەکی بینی لە دابینکردنی ئارامی و رێی لە جەنگی ئیقلیمی گرت.
مام جەلال دیپلۆمات و ئاشتیخوازێکی نمونەیی، لە کات و ناوچەیەکی هەستیار، بە سەرکردە و سەرۆکێکی بێ وێنە ناوی چووە مێژووەوە.
بەداخەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر، من و ئێوە و سەدان هەزار کەسی تر، هەواڵی کۆچی دوایی مام جەلالمان پێ گەیشت. هەموو به و هەواڵە تاساین. خەمێکی قووڵ لە هەناوی هەریەکێکمان و، بۆشاییەکی گەورە لە ناو یەکێتیی و لەناو پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان، لە عێراق و ناوچەکە دەرکەوت، کە تا ئێستاش بەردەوامە. ماتەمگێڕان، سەدان هەزار کەس، تەنانەت ئەوانەش کە یەکێتیی نەبوون، کە کورد نەبوون، بۆ دوورکەوتنەوەی مام جەلال گریان، نیگەران و نادڵنیا لە ئایندە و چارەنووسیان دوای مام جەلال: کە ئایا ئاشتی و ئاوەدانی و رێبازەکەی بەردەوام دەبێت؟
ئێستا و دوای دوو ساڵ له و بۆشایی و ماتەمە سەرتاسەرییە، دۆخێکی پڕ هەڕەشە، باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمی کوردستان، کەرکوک و، عێراق و ناوچەکە. و وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەمووکات زیاتر پێویستمان بە دەستنیشانکردن و پابەند بوونە بە بنەما سەرەکییەکانی رێبازی مام جەلال بۆ رزگاربوون.
لە غیابی سەرکردایەتی مام جەلال و لەپێناو نوێکردنەوە و درێژەدان بە رێبازەکەی، پەیکەر و رێکخستن و سیاسەتی یەکێتیی، پێویستی بە داڕشتنەوە هەیە. پێویستە دڵسۆزانی مام جەلال، بە بەستنی کۆنگرەیەکی هەڤاڵانە، ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکەین.
یەکێتییەکی نوێ و پتەو، کە بتوانێت لە کوردستاندا نوێنەرایەتی سەرمایە سیاسییەکەی مام جەلال بکا، یەکێتییەکی جەماوەرییە کە پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا دەبێت، و پێویستە لە دەسەڵاتدا، لە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمدا، شەریک بێت نەک بەشدار.
تەنها یەکێتییەکی شەریک لە دەسەڵاتدا، دەتوانێت ئۆباڵی حوکمڕانییەکی تەندروست و شایستە بە خەڵکی کوردستان، بگرێتە ئەستۆ، تەنها رێگەش بۆ بەردەوامبوونی یەکێتیی لە کایەی حوکمڕانی دا، پێویستە لێرەوە بێت. هەر دەسەڵاتێک کەمتر لە پێگەی تاکی کورد، بە تاکی کورد رەوا ببینێت، هەر پرۆژەیەک کە جێبەجێ نەکرێت، هەر گوند و شارۆچکە و شارێک کە لە داهات و بنیادناندا، پەراوێز بخرێت، ئەوا ئه و دەسەڵات و سیاسەتە، لە زۆنی سەوز رەددەکرێتەوه.
کاتی ئەوە هاتووە یەکێتیی نیشتمانیی، پشتبەستوو بە رێبازی مام جەلال و شەهیدەکانی، هاوسەنگی لە دەسەڵات و شەراکەت لە بڕیار و بنیادناندا بچەسپێنێت، و بەکەمتر لە دابینکردنی مافەکانی خەڵک رازی نەبێت. و دڵنیاش بن رازیی نابێت.
رێبازی مام جەلال، پێکەوە ژیانی نێوان نەتەوە جیاوازەکان و، پاراستنی کوردستانیبوون و ئارامی و ئاسایش و وەبەرهێنانە لە کەرکوک. هەر لادانێک لە رێککەوتنە کوردستانی و عێراقییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک، و هەر رێگرییەکی ناوخۆیی لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک، پێچەوانەی رێبازی مام جەلالە و دژی بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکە و پێویستە رێگەی پێنەدرێت.
رێبازی مام جەلال، لەگەڵ ژیانێکی شایستەیە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق بە جۆرێک کە خێروبێری ئەم وڵاتە، بۆ هاوڵاتییان سەرف بکرێت. ئەرکی یەکێتیی نیشتمانییه لە لوتکەی دەسەڵات و لە جومگەکانی کوردستان و عێراقدا، ئێستا کە خەڵک داوای مافی رەوای خۆی دەکات، بە دەنگی بەرز پشتیوانیی ئەم رێبازە بۆ مافی خەڵک، دووپاتبکاتەوە.
رۆحی مام جەلال شاد، و تەمەنی درێژ بۆ ئێوە
[1]
لاهور شێخ جەنگی
⚠️ פריט זה נכתב בשפה (🏳️ کوردیی ناوەڕاست), לחץ על סמל
כדי לפתוח את הפריט בשפת המקור!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!