پەیامی #لاهوڕ شێخ جەنگی# بۆ دووەمین ساڵیادی کۆچیدوایی سەرۆک #مام جەلال#.
=KTML_Bold=دەقی پەیامەکە=KTML_End=.
دوو ساڵ لەمەوبەر، مامی گەورە و خۆشەویست و ورە بەرزم، کۆچی دوایی کرد.
مام جەلال هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێی ڕزگاریخوازی کوردستان و خوڵقێنەری مافی چارەی خۆنوسین بوو. سەرکردەیەکی ئاشتیخواز و جەماوەریی و پشوودرێژ، پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵک، لایەنگری حکومەتێکی خزمەتگوزار، و پارێزەری ئەزموونێکی هاوسەنگی حوکمڕانیی بوو لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
مام جەلال لە حەفتا ساڵ خەباتی نەپساوە، لە دانوستانە سەختە ناوخۆیی، عێراقی، ناوچەیی و جیهانییەکان، بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد و کێشەی #کەرکووک# تێکۆشا، ئه و کەرکووکی ناونا (قودسی کوردستان)، و توانی لە دڵی هەمووماندا ئه و ڕاستییە بیچەسپێنێت کە تا کوردێکی بەشەرەف مابێت پێویستە کەرکووک کوردستانی بێت.
مام جەلال، سکرتێری گشتی (ی.ن.ک)، پشتئەستوور بە پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆڵی گرنگی بینی لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی، و لەڕێی پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و پاڵپشتیکردنیان، لە لاوازکردن و ڕوخاندنی ڕژێمی صەدامی دیکتاتۆردا سەرکەوت. لە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتیکردنی عێراقیشدا، عێراقی لە خزانی زیاتر بەره و خوێناوی شەڕی مەزهەبی و نەتەوەیی پاراست، بەرەی گروپە یاخییەکانی بە کرانەوە و لێبوردن تێکشکاند، ناونرا (صەمامی ئەمانی عێراق)، ڕۆڵی سەرەکی بینی لە دابینکردنی ئارامی و ڕێی لە جەنگی ئیقلیمی گرت.
مام جەلال دیپلۆمات و ئاشتیخوازێکی نمونەیی، لە کات و ناوچەیەکی هەستیار، بە سەرکردە و سەرۆکێکی بێ وێنە ناوی چووە مێژووەوە.
بەداخەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر، من و ئێوە و سەدان هەزار کەسی تر، هەواڵی کۆچی دوایی مام جەلالمان پێ گەیشت. هەموو به و هەواڵە تاساین. خەمێکی قووڵ لە هەناوی هەریەکێکمان و، بۆشاییەکی گەورە لە ناو یەکێتیی و لەناو پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان، لە عێراق و ناوچەکە دەرکەوت، کە تا ئێستاش بەردەوامە. ماتەمگێڕان، سەدان هەزار کەس، تەنانەت ئەوانەش کە یەکێتیی نەبوون، کە کورد نەبوون، بۆ دوورکەوتنەوەی مام جەلال گریان، نیگەران و نادڵنیا لە ئایندە و چارەنووسیان دوای مام جەلال: کە ئایا ئاشتی و ئاوەدانی و ڕێبازەکەی بەردەوام دەبێت؟
ئێستا و دوای دوو ساڵ له و بۆشایی و ماتەمە سەرتاسەرییە، دۆخێکی پڕ هەڕەشە، باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمی کوردستان، کەرکووک و، عێراق و ناوچەکە. و وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەمووکات زیاتر پێویستمان بە دەستنیشانکردن و پابەند بوونە بە بنەما سەرەکییەکانی ڕێبازی مام جەلال بۆ ڕزگاربوون.
لە غیابی سەرکردایەتی مام جەلال و لەپێناو نوێکردنەوە و درێژەدان بە ڕێبازەکەی، پەیکەر و ڕێکخستن و سیاسەتی یەکێتیی، پێویستی بە داڕشتنەوە هەیە. پێویستە دڵسۆزانی مام جەلال، بە بەستنی کۆنگرەیەکی هەڤاڵانە، ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکەین.
یەکێتییەکی نوێ و پتەو، کە بتوانێت لە کوردستاندا نوێنەرایەتی سەرمایە سیاسییەکەی مام جەلال بکا، یەکێتییەکی جەماوەرییە کە پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا دەبێت، و پێویستە لە دەسەڵاتدا، لە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمدا، شەریک بێت نەک بەشدار.
تەنها یەکێتییەکی شەریک لە دەسەڵاتدا، دەتوانێت ئۆباڵی حوکمڕانییەکی تەندروست و شایستە بە خەڵکی کوردستان، بگرێتە ئەستۆ، تەنها ڕێگەش بۆ بەردەوامبوونی یەکێتیی لە کایەی حوکمڕانی دا، پێویستە لێرەوە بێت. هەر دەسەڵاتێک کەمتر لە پێگەی تاکی کورد، بە تاکی کورد ڕەوا ببینێت، هەر پرۆژەیەک کە جێبەجێ نەکرێت، هەر گوند و شارۆچکە و شارێک کە لە داهات و بنیادناندا، پەراوێز بخرێت، ئەوا ئه و دەسەڵات و سیاسەتە، لە زۆنی سەوز ڕەددەکرێتەوه.
کاتی ئەوە هاتووە یەکێتیی نیشتمانیی، پشتبەستوو بە ڕێبازی مام جەلال و شەهیدەکانی، هاوسەنگی لە دەسەڵات و شەراکەت لە بڕیار و بنیادناندا بچەسپێنێت، و بەکەمتر لە دابینکردنی مافەکانی خەڵک ڕازی نەبێت. و دڵنیاش بن ڕازیی نابێت.
رێبازی مام جەلال، پێکەوە ژیانی نێوان نەتەوە جیاوازەکان و، پاراستنی کوردستانیبوون و ئارامی و ئاسایش و وەبەرهێنانە لە کەرکووک. هەر لادانێک لە ڕێککەوتنە کوردستانی و عێراقییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک، و هەر ڕێگرییەکی ناوخۆیی لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک، پێچەوانەی ڕێبازی مام جەلالە و دژی بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکە و پێویستە ڕێگەی پێنەدرێت.
رێبازی مام جەلال، لەگەڵ ژیانێکی شایستەیە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق بە جۆرێک کە خێروبێری ئەم وڵاتە، بۆ هاوڵاتییان سەرف بکرێت. ئەرکی یەکێتیی نیشتمانییه لە لوتکەی دەسەڵات و لە جومگەکانی کوردستان و عێراقدا، ئێستا کە خەڵک داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات، بە دەنگی بەرز پشتیوانیی ئەم ڕێبازە بۆ مافی خەڵک، دووپاتبکاتەوە.
رۆحی مام جەلال شاد، و تەمەنی درێژ بۆ ئێوە[1]
لاهور شێخ جەنگی