پەندێکی کوردی هەیە ئەڵێ خوا تا کێوی نەبینێ، بەفری تێناکا، ئەم پەندە پڕبەپێستی میللەتی کورد هاتووە، لە زۆر ڕووەوە.
جاران، پێش سەردەمی فەیسبووک و سۆشیاڵ میدیا، کاتێک خانمان ئەچوون بۆ بازاڕ، هەر کە لەماڵ دەرەچوون تا گەڕانەوەیان پڕئەکران لە نوقوورچ و دەستهێنان بە ڕان و سمت و دەستگرتن و لە هەمووشیان زیاتر قسەی نەشیاو (کە ڕووی مەجلیسی نییە)، بێوەییترینیشیان ماااشەڵڵە و بە قوووربانێت بم بوون... هەر تەنها لەبەر ئەوەی پیاوان ئازادبوون لە چوونە دەرەوە و وەستان لە هەرشوێنێ مەبەستییان بووایە، حەق و دەسەڵآتی ئەوەیان بەخۆیان ئەدا کچانێک بچەوسێننەوە و بە ڕوانین و نیگاکانییان ڕووتیان بکەنەوە کە مانگی جارێک یان دووجار لەپاڵ دایکییان یان خوشکی گەورەی شووکردوویان بۆیان هەبوو بچنە بازاڕ. جارجارەش هەندێ کچی جەربەزەی بوێریان لێ هەڵدەکەوتن و بۆیان ئەگەڕانەوە و دەموجاویان بۆ جوان جوان ئەشووشتنەوە و یان پێیان ئەگووتن، مەگەر تۆش دایک و خووشکت نییە
ئەمڕۆ کوڕ و نەوەی هەمان ئەم پاڵەوانانەی جاران، لە پشت پەردەی فەیسبووک کە بە مانشێتی گەورە و ڕەنگدار لە ئەکاونتەکانییان ووتەی فەلسەفی و زانستیی و فیکری مەزن مەزن ئەنووسن، کەچی وەک کەسێکی هەناو نەخۆشیش ئەڕشێنەوە لە کۆمێنتدان بۆ ئەم و ئەو، ژن بێ یا پیاو گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە تەنها لەبەر ئەوەی ئەکاونتێکی هەیە و هیچ سانسۆریک نییە لەسەر بێدەنگکردن و سنووربۆدانانی، ئازادە، حەق بەخۆی ئەدا هەرچی قسەی نەشیاوە، جنێوی پیس و ئەوپەڕی بێڕێزی بەرامبەر بە ئەوەیتربکات کە یان پۆستەکەی بەدڵ نییە، یان وینەیەک، یان هەرلەبەر ئەوەی دانیشتووی شاریکە، حوکمی پێشینەی بەسەردا داوە کە سەر بەم تەرەفە و دژبەو تەرەفیترە...
کاکی شۆفێریش، جا فەیسبووکچی بێت یان تەعلیقچی، یان هیچیان، تەنها بە هەبوونی سوکانێک لەژێردەستیدا، حەق و دەسەڵات بەخۆی ئەدا بەسەرتدا بشکێنێتەوە، ڕێگەت پێبگرێ یان لەبەردەمتا بووەستێ، فوولت تێبگرێ و بە پشتتەوە بنووسێ، بێشەرەف و بێنامووست بکات، لەسەیارەکەت داتگرێتە خوار و پڕ جنێویشت بکات... دواتریش پێت بڵێ، ئاخر تۆ ژنی چیت لەگەڵ ناکرێ !
پیاوی کورد تەنها سوکانێک و ئەکاونتیکی ساختەی فەیسبووکی لەبەردەستە، خەریکە نیشتمان کاول ئەکا و ژیان لە خەڵک و ژنان هەراسان و بە جەهەننەم ئەکا،
ئەی ئەگەر ببین بە دەوڵەت؟؟؟
ئاخر لەخۆڕا نەوتراوە، خوا تا چیای نەبینی، بەفری تێناکا[1].
10-08-2019
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 2,531 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!