زیانی ساڵانەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە کوردستان 20 ملیۆن دۆلارە
📊 ئامار و راپرسی
شارەزایەکی بواری هاتوچۆ دەڵێت زیانی ئابووریی رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە 20 ملیۆن دۆلار تێپەڕ دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت پلانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ.
بەپێی ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە سێ ساڵ و شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە 15 هەزار رووداوی هاتوچۆ روویانداوە (7,846 رووداو لە دەرەوەی شار و 7,206 رووداویش لە ناوشار).
زیانە گیانییەکانی ئەو رووداوانە مردنی 2,419 کەس و برینداربوونی 26,141 کەس بووە. زیانە ماددییەکانیشی تێکچوون و لێدرانی زیاتر لە 35 هەزار ئۆتۆمبێل بووە.
مەریوان عەزیز، راهێنەری پێشکەوتوو و جێگری سەرۆکی رێکخراوی هێڵی سوور بۆ هۆشیاریی هاتوچۆ پێیوایە رووداوەکانی هاتوچۆ زۆر لەوە پترن، چونکە هەموو رووداوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگاکان تۆمار ناکرێن. ئەویش بەهۆی نەبوونی کۆمپانیای دڵنیایی لە کوردستان.
مەریوان عەزیز دەڵێت بەهۆی جەنجاڵیی شەقامەکان زۆرترین رووداوی هاتوچۆ لەنێو شارەکان روودەدەن، بەڵام بەهۆی خێرایی کەمی لێخورین زیانی گیانی و ماددیی پێکدادانەکان بە بەراورد بە رووداوەکانی دەرەوە کەمترە، بۆیە زۆرجار ئەگەر مردن و برینداربوونی توندی لێ نەکەوێتەوە، شوفێران لەنێوان خۆیان لەسەر قەرەبووی زیانەکان رێکدەکەون و پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادار ناکەنەوە، بۆیە لە ئاماری پۆلیسدا تۆمار ناکرێن.
بەپێی هێڵکاری و لێکۆڵینەوەی ئەفسەرانی هاتوچۆ بۆ هۆکاری رووداوەکان دەرکەوتووە 59%ی رووداوەکان بەهۆی خێرایی لێخوڕین، 8.3% بەهۆی ناتوندوتۆڵیی ئۆتۆمبێلەکان و 32.7%یش بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ و خراپیی رێگاکانەوەیە.
مەریوان عەزیز دەڵێت بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان پێویستە هاتوچۆی گشتی گەشەی پێبدرێت و سنوورێک بۆ هاوردنی ئۆتۆمبێل دابنرێت، رێگا سەرەکییەکانیش بکرێن بە دوو ئاراستە کە ئێستا تەنیا 11%ی رێگاکان دوو ئاراستەن.
بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، دەستەی ئامار ساڵانە راپۆرت لەسەر هۆکار، شێواز، شوێن، کات و ژمارەی رووداو و قوربانییەکان ئامادە دەکات، بەڵام راپۆتەکانی ئەم دەستەیە، ئاماری رووداوەکانی ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای
هەڵەبجەهەڵەبجە و شارۆچکەی
سۆرانسۆرانی تێدا نییە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار، لە سێ ساڵی رابردوودا تەنیا لە سنووری پارێزگاکانی
هەولێرهەولێر،
سلێمانیسلێمانی،
دهۆکدهۆک و
گەرمیانگەرمیان 12,474 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 1,784 رووداو.
راپۆتەکەی دەستەی ئامار داتای وردی لەسەر شێواز و کاتی رووداوەکان خستووەتەڕوو، بەجۆرێک لە ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگی رابردوودا 8,941 رووداوی پێکدادان، 2,648 رووداوی وەرگەڕان، 2,390 رووداوی بەرکەوتن بە مرۆڤ و 520 رووداویش بە هۆکاری دیکە روویانداوە.
بەپێی داتاکان 61%ی رووداوەکان لەکاتی رۆژ و 31.7% ی رووداوەکانیش لەکاتی شەو و 7.3 رووداوەکانیش لە کاتی رۆژهەڵاتن و رۆژئاوابوون روویانداوە. زۆرترین رووداوەکانیش لە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول تۆمارکراون.
تارق زیاد حەمۆ، راهێنەر و سەرپەرشتیاری تیمی کارمەندانی کۆمپانیاکانی PVI بۆ پشکنینی ساڵانەی شیاویی ئۆتۆمبیل، دەڵێ: بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانە ماددییەکانی رووداوەکانی هاتوچۆ، دەبێ رووداوەکانی ناوشار و دەرەوەی شار جیابکەینەوە، چونکە رووداوەکانی دەرەوەی شار بەهۆی خێرایی لێخوڕین زیانی زیاترە، دواتریش بەها و جۆری ئۆتۆمبێل و شێوەی پێکدادان دیاری بکەین، چونکە تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان بەگوێرەی جۆر و نرخی ئۆتۆمبێلەکان و توندی و سووکیی شوێنی بەرکەوتنەکە دەگۆڕێت، زیانە ماددییەکەش دوو جۆرە: بەشێکی بۆ تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دەڕوات، بەشێکیشی بۆ دابەزینی بەهای ئۆتۆمبێلەکە دوای پێکدادان.
بە گوتەی تارق، زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن لاشە و پلێتەکانیان زۆر تەنک و بێهێزن، بۆیە لەکاتی پێکداداندا زیانی گەورەیان بەردەکەوێت، تەنانەت هەندێکیان بە کەڵکی چاککردنەوەش نایەن، بۆیە دڵنیام ئەگەر کۆمپانیای دڵنیایی هەبووایە، نزیکەی 15%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە رێگەیان پێنەدەدرا جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر شەقامەکان.
بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هاتوچۆ، تارق حەمۆ بەباشی دەزانێ هۆشیاری لێخورین و ناسینەوەی هێماکانی هاتوچۆ زیاتر بکرێن و مەرجەکانی بەخشینی مۆڵەتیش توندتر بکرێن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە
وەزارەتی بازرگانیوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەکار بەستووە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بازرگانانی کوردستان بایی 700 ملیۆن دۆلار یەدەگی ئۆتۆمبێلی بچوک و بارهەڵگریان بە هەموو جۆرەکانی هاوردە کردووە، بەشێکی لە هەرێمی کوردستان بەکارهاتوون و بەشێکیشی هەناردەی عێراق کراوە.
تارق زیاد حەمۆ، دەڵێت: لەبەر ئەوەی کوردستان پەیڕەوی سیستەمی بازاڕی ئازاد دەکات، بۆیە هەر بازرگانێک ریکلام بۆ باشیی کاڵا یەدەگەکانی دەکات و بەنرخی جیاواز دەیفرۆشێت، ئەمەش تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی لەکاتی پێکدادان و وەرگەڕان زیاد کردووە.
گوتیشی: بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 60%ی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لە جۆری تازەن و بەشێکیان بەهایان بەرزە و نرخی پارچە یەدەگەکانیشان بەرزە، بۆیە دەتوانین لەهەر پێکدادانێکی هاتوچۆ بەتێکڕا سەرووی 2000 دۆلار تەنیا بۆ تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان دیاری بکەین و هەمان بڕیش بۆ دابەزینی بەهای ئۆتۆمبێلەکە دیاری بکەین، بەوپێیە هەر ئۆتۆمبێلێک لەکاتی پێکدادان زیانی 4 هەزار دۆلاری بەردەکەوێت.
مەریوان عەزیز، دەڵێت: لەکاتی هەر پێکدادانێک بەلایەنی کەمی دوو ئۆتۆمبێل یان زیاتر زیانیان بەردەکەوێ، ئەگەر بە تێکڕایی بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا 2 هەزار دۆلار دیاری بکەین و تەنیا رووداوە تۆمارکراوەکانی پێکدادان و وەرگەڕان لە سێ ساڵ و شەش مانگی رابردوودا وەربگرین کە 11,585 رووداو بووە، ئەوا دەتوانین بڵێین هەرێمی کورستان لە سێ ساڵ و شەش مانگی رابردوودا تەنیا بەهۆی رووداوی هاتوچۆ 23 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، ئەگەر کۆی رووداوە تۆمار نەکراوەکانیش بە نمونە وەربگرین، ئەوا زیانەکە بۆ نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە 20 ملیۆن دولار.
هاتوچۆ پلانی هەیە
لیوا رزگار عەلی، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بە (رووداو)ی گوت: بەداتا و ئامار، سەرجەم رووداوەکانی هاتوچۆ و هۆکاری رووداوکان و زیانە ماددی و گیانییەکانمان لە کۆبوونەوەیەکی فراوان خستە بەردەم وەزیری نوێی ناوخۆ، ئَێستا لە هەوڵی داڕشتنی پلانێکی گشتگیرداین بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان و زیانە گیانی و ماددییەکان، بەڵام تا داڕشتن و پەسەندکردنی پلانەکە هیچ زانیارییەک لەبارەی ناخەینەڕوو.
[1]
01-10-201901-10-2019