کاترین هەکیم کتێبی سەرمایەی ئیرۆتیکی وەک ڕێبەڕێک بۆ بەگەڕخستنی جەستەی ژنان دەنوسێت، کە تێیدا ڕێنوێنی ژنان دەکات باشتر و زەقتر سود لە سەرمایەی ئیرۆتیکی خۆیان وەربگرن و بەکاریبهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی باشتری کار و بەرزبونەوەی پلەی کۆمەڵایەتی و... هتد.
ئەو مەبەستی لە سەرمایەی ئیرۆتیکی خستنەڕو و نمایشکردنی جەستەیە بە وروژێنەرترین شێوە بۆ سەرنجڕاکێشانی ئەوانی تر... ئەم کارە دەرهاویشتەی لۆژیکی سەرمایەداریی جیهانی هاوچەرخە کە لەسەر یەک بنەما کار دەکات؛ قازانجکردن بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ شتێک.
هیچ کوشتنێک بە ئەندازەی کوشتنی شتێک لە ڕێگەی خودی ئەو شتەوە کاریگەر نییە، لەبەرئەوەی هەرگیز پێی نازانێت کە خەریکە خۆی دەکوژێت. ڕوانگەی کاترین هەکیم بۆ ژن کە تەبایە لەگەڵ سەرمایەداری، کوشتنی هەموو ئەگەر و ئیمکانە داهێنەرەکانی ژنە لە ڕێگەی خودی جەستەی ژنەوە و هاوکات ملکەچکردنی تەواوەتی ژنە لەبەرانبەر پیاو و سیستەمدا. لەلای خۆمان لە هەرێمی کوردستان ئەم کوشتنی ژنە بە جۆرێکی تر لە پانتایی میدیا و فەزای مەجازیدا ڕەنگی داوەتەوە.
یەکێک لە دەستکەوتە دیارەکانی پرۆسەی پەڕینەوەی میدیا لە فۆرمی تەقلیدییەوە بۆ فۆرمە مۆدێرنەکەی، بریتییە لەبەدەستهێنانی پانتایی و فەزایەکی فراوانتر. ئێستا سۆشیال میدیا و میدیای نوێ لە فەزایەکی بێئەندازە فراواندا ئیش دەکەن، ئەوان دەستیان بە هەموو کونجەکانی دنیا دەگات، دەستیش بۆ هەموو کونجەکان دەبەن.
ئەگەر هاوڕابین لەسەر کاریگەریی نەرێنی میدیا لەسەر کۆمەڵگە، ئەوە بەپێی هاوکێشەیەکی سادەی ماتماتیکی، دەتوانین بڵێین تاکو ڕوبەری ئیشکردنی میدیا فراوانتر بێت، کاریگەرییە نەرێنییەکانیشی زیاتر دەبن. یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی میدیای ئەمڕۆش بریتییە لە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دژی ژنان. کەواتە لەگەڵ زیادبوونی ڕوبەری ئیشکردنی میدیادا، توندوتیژیش بەشێوەیەکی فراوانتر بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەم دووانە لەپەیوەندییەکی ڕاستەوانەدان.
ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیارترین دەرکەوتەی میدیای نوێ و فراوانترینیان بێت، ئەوا زوتر و ڕونتر هەست بە کوشتنی مەجازییانەی ژن دەکەین تیایدا کە لێکەوتەی واقیعی لێدەکەوێتەوە. میدیای نوێ هاوشان لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا پەرە بە کاڵاکردنی ژن دەدەن لەپێناو قازانجی زیاتر و کەڵەکەکردنی سەرمایەدا. بۆیە بەهیچ جۆرێک ڕەوشی ژن و تایبەتمەندییەکانی ژن لەبەرچاو ناگرێت.
ئەگەر زۆر دورنەکەوینەوە، هەڵوەستەیەک دەکەین لەسەر پێشبڕکێی سایتە کوردییەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین خوێنەر. زۆرترین خوێنەر لە فەرهەنگی ئێستای میدیای کوردیدا مانای زۆرترین پارەی هەیە. کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای زۆرترین خوێنەر ڕیکلام بە سایتەکان دەدەن. سایتەکانیش دەبێ کەڵکەڵەی ئەوە بچێتە سەریانەوە کە چۆن و بە چی شێوازێک ئەو زۆرترین خوێنەرە لەماوەیەکی کورتدا لەخۆیان کۆبکەنەوە. هەموو ڕێگاکانی بەدەستهێنانی زۆرترین خوێنەریش دەچنەوە سەر ئیشکردن لەسەر جەستەی ژن وەک سەرمایەیەکی ئیرۆتیکی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جنسی سەرکوتکراوی زۆرترین بەکاربەری فەزای مەجازی کە دواجار بەکاڵاکردنی ژن و بەرخۆرکردنی نەخۆشانەی پیاو کۆتایی دێت. خێر و بێری ئەم پرۆسەیە بۆ کێیە؟ بۆ ژنی بەکاڵابووە، یان پیاوی نەخۆشخراوی بەرخۆر؟ بێگومان بۆ هیچیان. خێروبێری دەبێتە قازانج بۆ سەرمایەداران.
سایتە کوردییەکان ئیشکردنیان بووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕۆژانەی ئاسایی دەکەن، بەشەکەی دیکەشیان تەرخانکردووە بۆ کۆکردنەوەی خوێنەر. ئەوان لەرێگەی ئەم بەشەوە ڕاوی خوێنەر دەکەن و ژنیش وەک باشترین ئامراز بەکاردەهێنن فڵان هونەرمەندی ژن لەژووری نوستنەکەی ببینە.. بزانە ماچی کێ دەکات؟.. بزانە لەباوەشی کێدایە؟.. وروژێنەرترین وێنە.. گەورەترین سمت.... هەموو ئەم دەربڕینانە و هاوشێوەکانیان بەکاربردنی سەرمایەی ئیرۆتیکی جەستەی ژنانە کە بە چەوساندنەوەی ژنان کۆتایی دێت.
ئەم ئیشکردنەی میدیا لە پرۆسەیەکی دیالەکتیکیدایە لەگەڵ هۆشیاریی کۆمەڵگەدا، هەروەها پەیوەستییەکی تەواویشی بە سیستەمەوە هەیە. هەم میدیا کلتورێکی دژە ژن لەناو کۆمەڵگەدا دەچەسپێنێت و هەم کۆمەڵگەش جارێکی دیکە دەبێتەوە بە بەرهەمهێنەرەوەی ئەو کلتورە و کادر و بکەری تری بۆ پەروەردە دەکات. هەربۆیە ڕەخنەکردنی ئەم شێوازە لە ئیشکردنی میدیا ناگاتە مەبەست، تاکو نەبەسترێتەوە بە سیستەمەوە. هەڵەیە گەر پێمانوابێت بە ئامۆژگاریکردنی موحەریرەکان کۆتایی بە کوشتنی مەجازییانەی ژن دەهێنین، بنەڕەتی کێشەکە خۆی لە باڵادەستیی (پارە)دا دەبینێتەوە، پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە موحەریرەکانەوە نییە (بەدڵنیاییەوە زۆرێک لەو موحەریرانە ژنن).
میدیا ئێستا بۆتە بکوژێکی پیشەگەری ژن، پیشەگەر بەو مانایەی هەر میدیایەک بەشێکی تایبەت و ڕۆژنامەنوسی تایبەتی بۆ ڕاوکردنی خوێنەر داناوە، کاریگەرترین ئامرازیش بەدەستیەوە جەستەی ژن-ە وەک سەرمایەی ئیرۆتیکی. دیارە سەرمایەی ئیرۆتیکی جگەلەوەی دەستەواژەیەکی تەواو سەرمایەدارانە و نەخۆشانەیە، ئەوا بەکاڵاکردنی دوا سنورە شەخسییەکانی جەستەی مرۆڤە و لە مرۆڤ خستنی مرۆڤە.
میدیا هێندە پیشەگەرانە دەستی داوەتە ئیشەکە، ئەوانەی کارەکە دەکەن بەهیچ شێوەیەک هۆشیاریی ئەوەیان نییە کە خەریکی چین و چی بەرهەمدەهێنن، بە قەولی مارکس نازانن چی دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن[1].