مۆتەکەی غلۆربوونەوە بۆ ژێر هێڵی هەژاری
ئاماژە ترسناکەکانی هەژاریی لەکوردستاندا
“هەژاریی مایەی شەرمەزاریه لەوڵاتێکدا بەباشی حوکمبکرێت، بەڵام سەروەت و سامان مایەی شەرمەزاریه لەوڵاتێکدا کە بەخراپی حوکم دەکرێت.” کۆنفۆشیۆس، ، سەرکرده و فەیلەسوفی چینیەکان، 551-479ی پێش زاینی.
دەمێکە کەوتنەخوارەوە بۆ ژێر هێڵی هەژاری لەکوردستاندا بۆتە مۆتەکەیەکی ڕاستەقینه، بەتایبەتی دوای ئه و قەیرانە دارایی و ئابوریەی لەچوار ساڵی ڕابردودا کوردستانی گرتەوە. سەرەتای مانگی ڕابردوو بانکی جیهانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر دۆخی ئابوری عێراق.
چارتێکی ڕاپۆرتەکە بۆ نیشاندانی ڕادەی هەژار ییە لەناوچە جیاجاکانی عێراقدا؛ ئەمەش لەسەر بنەمای بەراوردکردنی ئه و داتایانەی لەساڵی 2012 و دوای ساڵی 2014 کۆکراوەتەوە.
راپۆرتەکه خێراییەکی ترسناک نیشان دەدات لەفراوانبوونی ئه و گروپە خەڵکەی بەردەوام دەکەونە ژێر هێلی هەژاریەوه لەکوردستانی عێراقدا. بەڵام لەمە ترسناکتر بێدەنگی و بێباکی دەسەڵاتداران و میدیاو نوخبەی کوردستانە بەرامبەر ئەم هەژاریە.
بەپێی ئەم چارتەی ناو ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی هەژاری لە ساڵی 2012دا (3.5%) بووە لەکوردستانی عێراقدا، بەڵام ئەم ڕێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ (12.5%) لەدوای ساڵی 2014. لە ماوەی ئه و دوو ساڵەدا ئاستی هەژاری لەکوردستاندا 9 پلەی سەدی هەڵکشاوە. ئەم ژمارە زۆر ترسناکە بەرەچاوکردنی ئه و لێکەوتە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی لەم هەژارییە هەڵکشاوە چاوەڕواندەکرێت.
دیارە لەم ماوەیەدا لە هەموو عێراقدا ڕێژەی هەژاری بەرزبۆتەوە لە (18.9%) بۆ (22.5%، ) بەواتای (3.6%) پلەی سەدی. ئەمەش دەکرێت وەک دەرەنجامی شەڕی
داعشداعش و دابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانیەکان و کورتهێنانی بودجەی حکومەتی عێراق ببینرێت. بەڵام ژمارەکان لەکوردستاندا جیاوازترو ترسناکترە.
جگە له و ناوچانەی داعش کاریگەری ڕاستەوخۆی لێکردوون داگیری کردن، هیچ بەشێکی تری عێراق بە ئەندازەی کوردستان ڕێژەی هەژاریی تیایدا تەشەنەی نەکردووە. بۆ نمونە لە بەغدا ڕێژەی هەژاری کەمتر لە (1%) زیادی کردووه، لە (12%)ەوە بەرزبۆتەوە بۆ (12.8%). لە باشوری عێراق ڕێژەکە کەمی کردووە لە (33.6%) ەوە بۆ (31.5%). بەڵام له و ناوچانەی داعش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە، وەک پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین و ئەنبار لە (25.7%)ەوە تەشەنەی کردووە بۆ (41.2%)، بە واتای (15.5) پلەی سەدی.
بۆچی هەرێمی کوردستان به و خێراییە غلۆردەبێتەوە بۆ خوار هێڵی هەژاریی، لەکاتێکدا تا ساڵی 2012 باشترین هەرێم و ناوچەی عێراق بو لەڕووی ئاماژەکانی هەژارییەوە. بێگومان یەکەمین وەڵامی ئەم پرسیارە سیاسەتی دارایی و بودجەی حکومەتی کوردستان بووە لەچوار ساڵی ڕابردودا. چونکە شۆکە ئابوریەکەی ساڵی 2014(دابەزینی نرخی نەوت) بۆ هەموو عێراق وەک یەک وابوو، تەنها شۆکە ئەمنی و سیاسیەکان جیاواز بون لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکیتر.
لێرەدا دەکرێت کوردستان بەراورد بکەین به بەغدا، کە بە هەمانشێوەی کوردستان توشی لێکه و تەودەرەنجامەکانی شەڕی داعش بوو بەڵام نەک کاولکاریەکانی. بەواتایەکی تر، ئه و فشارو گرفتانەی داعش و بازاڕی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دروستی کرد هەمان ئه و شتانەبوون کە بەغداش ڕوبەڕوی بویەوە. بەڵام ڕێژەی هەژاری لە کوردستاندا (8.2) پلەی سەدی بەرزتر بووە لەوەی کە لەبەغدا ڕویداوە.ئایا ئەندازیارانی پلانی سەربەخۆیی ئابوری کوردستان تێدەگەن لەم ژمارانه؟ ئایا دەزانن تا 8 فەرمانبەری ئاسایی (وەک نمونەیەک بۆ چینی ناوەڕاست) لەبەغدا کەوتۆنەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، لەکوردستاندا 125 فەرمانبەر کەوتونەتە ژێرهێڵی هەژارییەوە؟ بێگومان لێکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیەکانی ئەم هەژارییە تەشەنەکردووەی کوردستان لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا دەبینین، گەر لەئێستادا دەرنەکەوتبن.
سەدان لێکۆڵینەوه و پەیپەری زانستی لەبەردەستە بۆ نیشاندانی کاریگەریە وێرانکەرەکانی هەژاری لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی. هەمیشە پەیوەندیەکی یەکتر-تەواوکەر هەیە لە نێوان هەژاری و توندوو تیژی سیاسی و شەڕی ناوخۆ. هێشتا بە ڕوونی وەڵامی ئه و پرسیارە نەدراوەتەوە کە ئایا هەژاری دەبێتە هۆی هێشتنەوەی وڵاتان لە ناو بازنەی توندوتیژی و شەڕی ناوخۆ، یاخود بە پێچەوانەوە ئەوە شەڕو نائارامیە سیاسیەکانە کۆمەڵگاکان بە هەژاری دەهێڵنەوە. نمونەی دەیان وڵاتی ناوچەکه و جیهان له بەردەستە کە چۆن هەژاری و شەڕی ناوخۆو توندوتیژی سیاسی بەردەوام لە بازنەیەکدا دەخولێنەوه و یەکتر تەواودەکەن، هەر لەیەمەن و ئەفغانستان و سودان و سۆماڵەوە تا ئەگاتە مۆزەمبیق و کۆنگۆو سلفادۆر.ئەگەر تەماشایەکی داتاکانی بانکی جیهانی بکەین دەبینین ئه و ناوچانەی عێراق کە بەرزترین ڕێژەی هەژاری تیا تۆمارکراوە لە ساڵی 2012، ڕێک هەمان ئەوناوچانەن کە زۆرترین ڕوداوی توندوتیژی سیاسی و کۆمەڵایەتی تیا تۆمارکراوە. بۆنمونە پارێزگاکانی نەینەواو سەلاحەدین و ڕوومادی کە دەرگایان لەداعش کردەوە پێشتریش ڕێژەیەکی بەرچاوی هەژاری تیابووە (25.7). لە باشوری عێراقیش کە ڕێژەی هەژاری تیا بەرز بووە (33.6ی ساڵی 2012)، هەمیشە توندوتیژی کۆمەڵایەتی و شەڕی عەشایەری لە ئاستێکی زۆر باڵادا بووە، بۆ نمونە لە پارێزگای بەسره بە دۆشکه و ڕەشاشی زۆر پێشکەوتوو چەکدارانی هۆزەکان شەڕدەکەن. تەنانەت لەسەر کێشە کۆمەڵایەتیەکانیش بە چەکی قورس شەڕدەکەن، بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان.کەواتە پێویستە چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ئەم هەژاریە ؟ هیچ زیرەکی ناوێت بۆ ئەوەی تێبگەین لەوەی کە چۆن باشترین و خێراترین دەوای هەژاری ڕەخساندنی دەرفەتی کاره. زۆربەی ئابوریناسەکان “گەشەی ئابوری” دەکەنە دەروازەی قوتاربوون لەهەژاری و پێیانوایە ڕیشەکێشکردنی هەژاری بەگەشەی ئابوری دەکرێت. بەڵام ئەوەی کە ئاسان نیه و زۆریش ئاڵۆزە پرسی بەدیهێنانی گەشەی ئابورییە. چۆن و بەچی دەتوانرێت ئابورییەکی داتەپیوی وەک ئەوەی عێراق و کوردستان بخرێتە سەر سکەی گەشەکردنێک کە قابیلیەتی بەردەوامی هەبێت.
هەر ستراتیجێکی سیاسی و ئابوری کە ئامانجی بەدیهێنانی گەشەیەکی تەندروست بێت پێویستی بەسیاسەت و میکانیزمە کاراکانی دابەشکردنەوە ی داهات (distribution) هەیە. پێویستە کار لەسەر میکانیزمەکانی دابەشکردن بکرێت ئینجا کەمکردنەوەی ئاستی نایەکسانی و گەندەڵی دارایی.گرفتەکە ئەوەیە هەموو ئەم میکانیزمە سیاسی و ئابوری و داراییانە تەنها لەسایەی سەقامگیری سیاسیدا دەژین، دامو دەزگای کاراو بە هێزی حوکمڕانیان دەوێت کە نەلەعێراق و نەلەکوردستانیشدا نیە. ئەمانە بەحکومەتێک دەکرێت کە یاساو دەستور ئاراستەی بکات نەک میلیشیاو مافیای سیاسی.
من نازانم تا چەندە سیاسیەکانی کوردستان لەهەستیاری و گرنگی ئەم کێشەیە تێگەیشتوون، بەڵام بەدڵنییاییەوە ئەگەر ئەمساڵ هەوڵی چارەسەرکردنی دەست پێنەکەن ئەوا ساڵانی داهاتوو ئەرکیان زۆر قورستر دەبێت.
تەواوی ڕاپۆرتەکەت بانکی جیهانی لەم لینکەدایە: (http://pubdocs.worldbank.org/…/mpo-am18-iraq-irq-ks-9-13-fi…)
ئامادەکردنی: محەمەد حسێن