تەمەنی 29 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی #کۆیە#یە. ماوەی 12 ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە ئوسترالیا نیشتەجێیە. بڕوانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی منداڵ هەیە. ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ گەنجێکی مالیزی هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی کچێکن.
جاسمین هەمیشە سەرقاڵی کاری مرۆیی و پڕۆژەی خێرخوازی بووە، وەک خۆی دەڵێت ئێستا بەو خەونەی گەیشتووە خەونی من کارکردن بوو لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بواری هاوکاریی مرۆیی و پڕۆژەی خۆبەخشی. ئێستا بە خەونەکەم گەیشتووم و ماوەی چوار ساڵە بە خۆبەشی کاری وەرگێڕان بۆ ئەو پەنابەرە کوردانە دەکەم کە دێنە ئوسترالیا. سێ ساڵیشە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خەریکی پڕۆژەی خێرخوازین بۆ منداڵان و کەسانی پەککەوتوو.
ئەمساڵ جاسمین دەیەوێت بەشداری پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی بکات بۆ هەڵبژاردنی شاجوان. لەبارەی ئەو کێبڕکێیە و بەشداریکردنیشی دەڵێ: لە کێبڕکێی شاجوانی یونایتد نەیشنس، هەموو وڵاتێک دەتوانێت بەشدار بێت. هەر ساڵە لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەمساڵیش ڕکابەرییەکە لە هیندوەستان بەڕێوەدەچێت. کێبڕکێیەکە بۆ سێ گرووپی جیاوازە و بەسەر چەند لیستێکدا دابەش بوون. ئەوانیش هەڵبژاردنی شاجوان بۆ کچان، شاجوانی ژنە جیابووەوەکان لە هاوژینەکانیان و هەروەها هەڵبژاردنی شاجوان بۆ ئەو ژنانەی هاوژین و منداڵیان هەیە.
جاسمین یەکێکە لە بەشداربووەکانی ڕکابەری لە کێبڕکێی شاجوانی گرووپی سێیەم و دەڵێت: لەم کێبڕکێیەدا ژنانی تەمەن 28 بۆ 52 ساڵی لە وڵاتە جیاوازەکان بەشدار دەبن. 40 ژنی 40 وڵات لە ڕکابەریدا دەبن بۆ لەسەرنانی تاجەکە. من دەمتوانی لەسەر ناوی ئوسترالیا بەشداری بکەم، بەڵام لەسەر ناوی کوردستان و وەکوو ژنە کوردێک و تاکە نوێنەری کوردستان و ئێراقیش بەشداری ڕکابەرییەکە دەکەم، چونکە من کوردم و هیچ شتێک ناتوانێت ئەمە بگۆڕێت، دەمەوێت ناو و توانای ئافرەتی کورد پێشانی دونیا بدەم.[1]