ئۆزگۆر مەهمەتئۆغڵو، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ژووری بازرگانی #ئامەد# وتی: بەپێی دەزگای لێکۆڵینەوەی ئابوری تورکیا، هاوردەکردن لە 8 مانگی 2019دا، لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکيا واتە باکوری کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان، گەیشتووەتە 109 ملیۆن دۆلار.
مەهمەتئۆغڵو وتیشی: بەراورد بە ساڵانی 2016 تا 2018، لەمساڵدا ئاستی وبەرهێنان زیادیکردووە، بەڵام نەگەیشتووەته ئاستێک کە بە دڵی بازرگانەکانی باکووری کوردستان بێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: قەیرانی دارایی لە تورکیا و پێناسەی گومرگی لە ئیبراهیم خەلیل، هۆکارن لەوەی کە هاوردەکردن لە باکووری کوردستانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەک پێوست نەبێت.
وتەبێژی ژووری بازرگانی ئامەد ئاشکراشیکرد: بەگشتی لە تورکیا بواری ئابوری هیچ بەرەوپێشچونێکی خێرا نییە، بۆیه زۆر بەی بازرگانانی باکووری کوردستان لە هاوردە کردنی کەلوپەلەکانیان بۆ باشووری کوردستان، دەستبەرداری کاری بازرگانی بوون.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ڕێگای سەرەکی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیایە، بەپێی ئامارەکانی #وەزارەتی بازرگانی# عێراقیش لەساڵی 2018دا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات 13 ملیار دۆلار بووە.[1]