کاتێک هەریەک لە ئێمە گوێبیستی وشەی ئەخلاق دەبین، ڕادەچڵەکێین و سەرسام دەبین. لەوەش قورستر نیگەران دەبین کاتێک لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەوڵی ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ئەخلاقمان دەدرێت یاخود پێمان بووترێت تۆ بێ ئەخلاقیت. ئەمە جگە لەوەی بێئەخلاقی لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵات بە گشتی بە یەک مانا و بە یەک شیکارکردن دێت کە وشەیەکی جنوێدان و عەیبەیە و تەنها بەو مرۆڤانە دەوترێت، کە پەیوەندییەکی هاوژینییان لەگەڵ یەکتردا هەبێت و سێکس بکەن، بۆیە ڕەنگە یەکێک بێت لەو وشانەی زۆر بە کار دێت و زۆریش دەخرێتە پاڵ ئەویتر و زۆریش هەن، کە بەرپرسیارێتیی ئەو وشەیە هەڵناگرن و لێکدانەوەیان بۆی نییە.
بێگومان پێوەرەکان بۆ لێکدانەوەی وشەی ئەخلاق لە کۆمەڵێکەوە بۆ ئەویتر جیاوازیی بەخۆوە دەبینێ.
بۆ نموونە، لەکەدارکردنی شەرەفی پیاو کە بە شەرەفی ژنەوە گرێ دراوە و تەنها لە ئەندامێکی جەستەی ژنەکەشدا کورت کراوەتەوە لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتدا بە گشتی بە مانای بێئەخلاقی دێت، لە کاتێکدا لە کۆمەڵێکی دیکەدا خۆی لە چەندین بەها و پێوەر و بیروباوەڕدا بەرجەستە دەکات، وەک ڕاستگۆیی، جددێتی، دڵسۆزی و ئەمانەت و … هتد.
لێکدانەوە و هۆکاری خودی تێڕوانینەکان بە پێی بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن لە کۆمەڵدا، بۆیە هۆکاریی ئەو دوو دید و لێکدانەوە جیاوازانە دەگەڕێنەوە بۆ چەندین هۆکاری کولتووری و هۆی بەرژەوەندیخوازییەوە کە ئایا کۆمەڵایەتی بێت یان سیاسی و یاخود هەر هۆیەکی تر.
لێرەوە پرسیارێک دێتە ئاراوە بەوەی داخۆ کێ مافی ئەوە دەدات بە مرۆڤێکی تر کەسی بەرامبەر بێئەخلاق بکات یان نا؟ بە چ پێوەرێک بنەما ئەخلاقییەکان دەگۆڕێت؟ بۆ لە کۆمەڵێکدا بەهاکان و لەوی تردا کولتوور و میزاجییەت ببێتە سەنگی مەحەکی بڕیارسازی لەمەڕ چەمک و کاردانەوەکانی ئەخلاق؟ ئایا مرۆڤ لە هەر کوێ بێت نابێت بە پێی ستانداردێکی مرۆیی باڵا لێکدانەوە و پۆلێنکردنیان هەبێت؟
گەر واقیعێک مرۆڤگەلێکی بەرهەمهێنا بێت، کە زۆرێک لە بەرپرسەکانی بە پلان کار بۆ خەفەکردنی مێشک و هزری هاووڵاتییەکانی بکات، زوربەی هێز و سەرکردە سیاسییەکانی ئینتیمای نیشتیمانییان بەرەو نەمان بردبێت، ناپاکییان لە وڵاتەکەیان کردبێت و بە هۆی لافی دیموکراسییەوە، ناهەقی و نادادپەروەرییان لەگەڵ هاووڵاتییەکانی کردبێت. گەر کارکردوانێکی بەرهەمهێنا بێت کە هیچ بەرهەمێکی کاریان نەبێت و تەنها مووچەخۆر بن، گەر ئەندازیارێک، بۆ نموونە؛ ببێتە هۆی ڕووخانی تەلار و کوشتنی هەزارەها هاووڵاتیی بێتاوان، گەر پزیشکێک، بە هۆی نەزانینەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی مرۆڤەکان و دەستدرێژیکردنە سەر نەخۆشەکانی، گەر شۆفێرێک، بێ هیچ زەوق و هونەرێک شەقامی کردە موڵکی خۆی و مرۆڤەکانی کردە نێچیری، گەر مامۆستایەک، ویژدانی فرۆشت و پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کرد بە قوربانیی دو وپوول و گەر پیاوێک، بە هۆی تەمەڵی یان هەر هۆیەک پارە بە کچەکەی یان ژنەکەی پەیدا بکات و گەر خاوەن پۆست و هەر فەرمانبەرێک، بووە هۆی بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی و خراپبەکارهێنانی کەلوپەلی دەزگاکانی کاری تێدا دەکات، گەر مامۆستایەکی ئایینی، بە هۆی پەیامی ئایینییەوە بووە هۆی فریودان و خەڵەتاندنی دەوروبەر و ڕۆشنبیرێک، مەدەنییەت لای تەنها دروشم بێت و گەمەی بە چارەنووسی کچانێک کرد و هاوسەرێک، سوکایەتی و ستەمکاری بەرامبەر بە هاوسەرەکەی کرد و گەر هەر مرۆڤێک، ناپاکیی بەرامبەر بە بیروباوەڕەکانی کرد و قسەی شتێک و ڕەفتاری شتێکی تر بوو و چەندین نموونەی واقیعی تر … ئایا هەریەک لەوانە ناچنە ژێر پۆلێنی بێئەخلاقییەوە؟
لێکدانەوە و هۆکاری خودی تێڕوانینەکان بە پێی بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن لە کۆمەڵدا، بۆیە هۆکاریی ئەو دوو دید و لێکدانەوە جیاوازانە دەگەڕێنەوە بۆ چەندین هۆکاری کولتووری و هۆی بەرژەوەندیخوازییەوە کە ئایا کۆمەڵایەتی بێت یان سیاسی و یاخود هەر هۆیەکی تر.
لێرەوە پرسیارێک دێتە ئاراوە بەوەی داخۆ کێ مافی ئەوە دەدات بە مرۆڤێکی تر کەسی بەرامبەر بێئەخلاق بکات یان نا؟ بە چ پێوەرێک بنەما ئەخلاقییەکان دەگۆڕێت؟ بۆ لە کۆمەڵێکدا بەهاکان و لەوی تردا کولتوور و میزاجییەت ببێتە سەنگی مەحەکی بڕیارسازی لەمەڕ چەمک و کاردانەوەکانی ئەخلاق؟ ئایا مرۆڤ لە هەر کوێ بێت نابێت بە پێی ستانداردێکی مرۆیی باڵا لێکدانەوە و پۆلێنکردنیان هەبێت؟
بێئەخلاقی؛ وشەیەک نییە کورت کرابێتەوە لە شتێکی دیاریکراودا، هێندەی شێوازی ژیانە و پێویستە ڕەنگدانەوەی لە ژیانی مرۆڤەکاندا هەبێت و لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و گوفتاریاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت.
بۆ نموونە، پابەندبوونی مرۆڤەکان بە ئاکارە پیشەییەکانەوە سەرچاوەیەکی سەرەکیی نەمانی زۆرێک لە گرفت و کێشەکان چارەسەر دەکات. بۆیە پیاچوونەوە بەم چەمکە گرنگێتیی خۆی هەیە، هەروەک چۆن لادان لە بنەما ئەخلاقییە بنچینەییەکان کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵکانی دیکە پێویستە بە تاوان ئەژمار بکرێت و ئەوانە ببنە هۆی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە کە پیادەی دەکەن، نەک قسەکردن لەسەر ڕەفتارە کەسێتییەکانی گەر زیانیشی هەبێت تەنها بۆ خودی تاکەکان خۆیانە و پێویستە باج و بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن، چونکە بە گۆڕینی پێوەرەکان ئاڕاستەی باڵانسی تاوانبارەکان دەگۆڕێن و ئەو کات هەموان پێکەوە دەتوانین بە پێی پێوەرە ڕاست و ستانداردە مرۆییەکان یان لیستی تاوانبارانی ڕاستەقینە بزانین یاخود هیچ کەس نەبێتە تاوانبار لەمەڕ پێوەرە جیاوازەکانی هەر کۆمەڵێک کە وشەی ئەخلاق لکۆی هەموو لێکدانەوەکاندا تێڕوانینێکی لاستیکییە (مطاطی) و بە پێی پێوەرەکان دەگۆڕێن.
ئیدی لای هەموان ڕوون دەبێت، کە وشەی بێئەخلاق دەشێت بۆچی بە کار دێت یان پێوەرەکانی بۆ ئەخلاق لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟ یاخود لە بنەڕەتدا کێ و بۆ دەبێت مرۆڤەکان مافی ئەوە بدەن بە خۆیان کە وشەی بێئەخلاقی بخەنە پاڵ ئەویدی هەر کات ویستیان؟[1]
نووسینی کنێر عەبدوڵا