نەبوونی ماڵ بۆ داڵدەدانی ژنان لە #کەرکووک# ژنانی بێ پەناگە کردووە بەرامبەر ئەو توندوتیژییەی دژیان دەکرێت.
لە شاری کەرکووک تا ئێستا ماڵی داڵدەدان (شێڵتەر)ی ژنان بوونی نییە. ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە ڕەوانەی شێڵتەرەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن. نەبوونی شێڵتەر ترسی لای ڕێکخراوەکانیش دروستکردووە، چونکە زۆر جار ڕێکخراوەکان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بەهۆی داڵدەدانی ژنانەوە.
شۆخان عومەر توێژەری کۆمەڵاتی و چالاکوانی مافی ژنان دەربارەی پێویستی شاری کەرکووک بۆ شێڵتەر بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: نەبوونی شێڵتەر کێشەیەکی زۆری بۆ ئێمە دروست کردووە وەکو چالاکوانی مافی ژنان کاتێک کە ئەم ژنانەی کێشەیان هەیە یان لە ترسی کوشتنیان لەسەرە پەنا بۆ ئێمە دەبەن ئێمە نازانین لە کوێ دایانبنێین، چونکە ئەگەر لای ئێمە بمێننەوە ئەوە ئێمە لەلایەن یاساوە سەزا دەدرێین، چونکە مۆڵەتمان نییە بۆ ئەم کارە.
هەروەها شۆخان عومەر ڕایگەیاند: کاتێک کە ژنان کێشەیەکیان تووش دەبێت بەهۆی نەبوونی شێڵتەر لە شاری کەرکووک ناچارین ڕەوانەی شێڵتەرەکانی هەرێمی کوردستانیان بکەین، لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەی ئەو کەسانەی وەر دەگیرێن لە شێڵتەرەکان دیاری کراوە و ئەمەش کێشەیەکی دیکەی دروست کردووە بۆ ژنان.
سرود ئەحمەد بەپرسی لقی کەرکووکی کۆمەڵەی هیوای عێراقی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە پێش 7ساڵ لە سەردەمی دکتۆر نەجمەدین پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەڵێنمان پێدرابوو کە دوو شەڵتەر لەم شارە دروست بکرێت، بەڵام دروست نەکرا. بەداخەوە لەم شارە ڕۆژ بە ڕۆژ حاڵەتی کوشتن و خوکوشتن و توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، هەروەها شێوازی لێدان و ئەشکەنجەی ژنان بەهەمان شێوە ڕوو لە زیادبوونە، ئێمە ناتوانین داڵدەی ئەو ژنانە بدەین کە توندوتیژی بەرامبەریان ئەنجامدراوە، چونکە شوێنمان نییە و یاساش قبوڵ ناکات ئەم ژنانە لە خۆبگرین.
سرود ئەحمەد دەربارەی ئەو هەڕەشانەی ڕووبەروویان دەبێتەوە کاتێک داڵدەی ژنان دەدەن ڕاشیگەیاند: ئێمە زۆر جار لە بەر ئەو حاڵەتانە تووشی مەترسی دەبین، چونکە ئەگەر هەیە بە چەکەوە بێنە سەر ناوەندەکەمان بەهۆی ئەوەی شارەکە هەمووی چەکدارە، بەهۆی نەبوونی یاسا بۆ پاراستنی شێڵتەر حکومەت و لایەنی ئەمنیش ڕۆڵیان نییە لە پاراستنی ئەو ژنانە، بۆیە ئەگەر ئێمە شێڵتەرمان هەبێت حاڵەتی کوشتن کەم دەبێتەوە و توندوتیژی دژی ژنان کەم دەبێتەوە، چونکە شێڵتەر دەتوانێت ئەو ژنانە بپارێزێت کە ڕووبەڕووی توندتیژی و هەڕەشەی کوشتن دەبنەوە.
چیمەن ئەحمەد پارێزەر و چالاکوانی بواری ژنانە لە کەرکووک لەسەر کێشەی نەبوونی شەڵتەر پێی وتین: بوونی شێڵتەر لە شاری کەرکووک زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ژنان، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو ژنانە بپارێزین، کە تووشی توندوتیژی و هەڕەشەی کوشتن دەبنەوە بەهۆی ئەوەی قەیرانێکی یاسایمان هەیە، چونکە تاوەکو ئێستا لە عێراق ئەو بابەتە بە یاسایی نەکراوە و لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش شێڵتەر بوونی نییە، چونکە دانانی شێڵتەر بە یاسا دەبێت لە ژێر چاودێریی بەشی توندوتیژی خێزانیدا بێ وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
هەروەها چیمەن ئەحمەد ووتیشی: ئێمە وەکو چالاکوانی مەدنی چەندین جار لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار باسمان لە گرنگیی دروستکردنی شێڵتەر کردووە و داوامان کردووە شێڵتەرمان بۆ دروست بکەن لە شارەکە[1].