10 هەزار کوردی خورماتوو پاش ئاوارە بوونیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان
بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کاروبارە مرۆییەکانی ئیدارەی گەرمیان ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا لە سنووری گەرمیان نزیکەی دوو هەزار خێزانی کوردی ئاوارەی خورماتوو کە ژمارەیان دەکاتە 10 هەزار کەس ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و له و ژمارەیەش نزیکەی 60 خێزانیان لە کەمپەکانن.
وتیشی: ئەوانەی ماونەتەوە زۆربەیان له و خێزانانەن کە کەسوکاری پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشن یان لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان بوون و دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی خورماتوو هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
باسی لەوەشکرد: وەکو ڕێکخراوەکان و هەروەها کەمپەکان لە ماوەی ڕابوردوودا بە پێی توانا و ئەوەی لەبەردەستدا بووە هاوکاری ئاوارەکانی خورماتوو لە گەرمیان کراوە و ئەوانەشی کە ماونەتەوە لە داهاتوودا هەر ڕێکخراو و لایەنێکی حکومی هاوکاریان بکات ئاسانکارییان بۆ دەکەن.
لە 16-10-2017 تەوای کوردانی خورماتوو ئاوارەی ناوچەکانی کوردستان بە تایبەتی گەرمیان بوون و لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە بە دەیان خانوو و موڵک و دوکان و کارگەی کورد سوتێندران و تەقێندرانەوە و تاڵان کران، تاوەکو ئێستا ئەوانە قەرەبوو نەکراونەتەوە.
[1]