ناڤینی ئازاد
ناڤین رەشۆ دەروێش، کچە رزگاربوویەکی ئێزدی، پێشتر ماڵیان لە گەڕەکی ئازادی بوو لە سەنتەری شارۆچکەی شەنگال و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ کارمەندی رادیۆی چیای شەنگال بوو، رۆژی یەکەمی هێرشی
داعشداعش لە 03-08-2014 لە تەمەنی 20 ساڵیدا رفێندرا و لەو بارەیەوە دەڵێت: لە سەرەتای هاتنی داعش، لە بەیانییەوە خۆمان گەیاندە چیای شەنگال، ئێوارەی هەمان رۆژ دەستگیرکراین و رۆژی دواتر بردیانینە سوریا.
جوانەکانیان برد بۆ موسڵموسڵ
ناڤین وتی: دوای هەفتەیەک چەکدارانی داعش داوایان لە ئێمە کرد بە زۆر موسڵمان ببین و واز لە ئایینی خۆمان بێنین، دواتر ناونووسکراین و لێک جیاکرایین، ئەو کچانەی کە جوان بوون و ئەو ژنانەی کە لە تەمەنێکی مامناوەندبوون و پیاوەکانیان لەگەڵ نەبوون، پێکەوە بردیانینە شاری موسڵ بۆ ماڵێکی سێ نهۆمی کە ژمارەیەکی زۆری کچانی ئێزدی تیابوو.
وەک دیاریی بە سەر چەکدارەکاندا دابەشکراین
وتیشی: لە سەرەتاوە کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە نەکرد، بە دیاریی بەسەر چەکدارەکانیان دابەشکراین، دوای دوو مانگ لە رفاندنمان یەکەم جار کە چەکدارێکی ئەو رێکخراوە منی بۆ خۆی برد، منیان لە موسڵەوە هێنایە ناوچەی گرعزێر لە
شنگالشنگال و لەوێ ناونووسکراین و بە پێشبرکێ و راکێشانی ناوەکانمان ناوم بۆ یەکێکیان دەرکەوت و منی بۆ خۆی برد. دواتر چەند جارێک کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمەوە کرد کە لە سەرەتادا وانەبوو. جارێک بیستم ئەو چەکدارە بیانییانەی کە لە دەرەوەی عێراق و سوریا هاتوونەتە ناو ئەو رێکخراوە، گەلێک پارەیان پێبووە، ئەوان دەیانوت هەر دەکوژرێین و ناگەڕێینەوە بۆیە ژیانمان خۆش دەکەین. ئەو چەکدارە بیانییانە بەهای کڕین و فرۆشتنی کچانی ئێزدی-یان لەسەر یەکتر گران دەکرد، چونکە هەر چەکدارێک لە ئەوروپاوە هاتبا توانای هەبوو کچێک بە دڵی خۆی بە 10 بۆ 15 هەزار دۆلار بکڕێت، لەهەمانکاتدا نەیاندەویست منداڵیان هەبێت لەو کچانە، چونکە ئەگەر منداڵیان هەبوایە دواتر نەیاندەتوانی کچەکە بفرۆشنەوە، کاتێک چەکدارەکە دەکوژرا کچەکە ئازاد دەبوو و کەس نەیدەتوانی بیفرۆشێت.
ئەو کچە رزگاربووە دەڵێت: ئەو چەکدارەی جاری یەکەم منی بۆخۆی برد، چەکدارێکی کورد بوو بە زمانی سۆرانی قسەی دەکرد، دوای چەند رۆژێک لە ناوچەی گرعزێر لە سنووری شەنگال بردمیە شوێنێکی تر، دواتر بە دیاریی دامی بە هاوڕێیەکی خۆی. ئەو چەکدارەی منی وەک دیاریی وەرگرت، نزیکەی دوو ساڵ لەلای مامەوە، لەو ماوەیەی کە لە ناوچەی باغۆز بووین ژیان لەوێ زۆر سەخت بوو، نان و ئاو و خواردن بەشێوەیەکی گشتی زۆر کەم بوو، ئاردیش بە دەست خەڵک نەدەکەوت.
لە باغۆزەوە بۆ کەمپی هۆڵ
ناڤین بە بەرگی نیقابەوە
ناڤین دەڵێت: دوای ئەوەی هێرش کرایەسەر باغۆز و شەڕ و پێکدادانی سەخت روویدا، من لەگەڵ خێزانەکانی داعش هەڵاتم و باغۆز-مان جێهێشت، خۆمان گەیاندە کەمپی هۆڵ، ماوەی دوو مانگ و نیو لەو کەمپەدا مامەوە و دواتر رزگارکراین و بردیانینە ماڵی ئێزدیەکان لە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان.
کەمپی هۆڵی چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان بەسەر سێ بەش دابەشکرابوون، بەشی عێراق و سوریا و پەنابەران، من لە بەشی پەنابەران بووم، لە بەشی ئێمە تەلەفۆن و کارەبا نەبوو، خواردن لەو کەمپەدا باشبوو.
چۆنیەتی رزگاربوون
ناڤین وتی: لەوکاتەی لە کەمپی هۆڵ بووم، بەردەوام هەوڵمدەدا رێگایەک بۆخۆم بدۆزمەوە و هەڵبێم، بەڵام نەمتوانی. جارێک لە خێمە هاتمە دەرەوە کەسێکم بینی جگەرەی بەدەستەوەبوو بە دووری چەند مەترێک، پرسیارم لە ژنێکی داعش کرد ئەوە کێیە؟ وتی: رۆژنامەنووسن، یەکێکیان کوردە و ئەویتر خەڵکی بریتانیایە، ژنێکی کوردیشیان لەگەڵدایە. کە زانیم دوو کەسیان کوردن دڵم بەشێوەیەکی خێرا لێیدا، زۆر ترسام و دەمویست خۆم تەسلیم بکەم و نەمتوانی، دواتر چەند جارێک ئەو گروپە هاتنە ناو کەمپەکە، رۆژێک هاتنە خێمەی بەرامبەرمان، دیسان پرسیارم کرد: ئەمانە کێن؟ وتیان: رۆژنامەنووسن. منیش بریارمدا خۆم تەسلیم بکەم.
لەوە دەترسام کە خۆم تەسلیم بکەم بمدەنە دەستی سەربازەکانی ئەمریکا و دواتر کەسوکاری خۆم نەبینم، یان خۆم بدەمە دەستی
یەپەگەیەپەگە و بمبەنە شوێنێک و کەسی خۆم لەوێ نەبێت. جاری وایش هەبوو وابیرم دەکردەوە کە خۆم تەسلیم بکەم بەڵام ئەوان باوەڕم پێنەکەن کە ئێزدیم و بڵێن داعشە. دواتر بەو ژنە داعشەم وت: من ئێزدیم و دەمەوێت قسە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بکەم.
ناڤین وتی: ژنە داعشەکە بانگی رۆژنامەنووسە کوردەکەی کرد و هاتە دەرەوە لە خێمەکە، منیش پێموت: کچێکی کوردی ئێزدی لای ئێمەیە، دەیەوێت خۆی تەسلیم بکات. ئەویش وتی: لە کوێیە؟. وتم: لێرەیە. من خۆم قسەم لەگەڵ رۆژنامەنووسە کوردەکە دەکرد بەڵام ترسام، پێمنەوت ئەو کچە ئێزدییە خۆمم.
ژنە داعشێک چی بە ناڤین وت؟
ناڤین دەڵیت: لەوکاتەدا رۆژنامەنووسە بریتانیەکەش هاتەدەرەوە و پرسیاری کرد، ویستی بزانێت ئێمە باسی چی دەکەین. دواتر زانیی کە کچێکی کورد دەیەوێت خۆی تەسلیم بکات. ئەویش لەگەڵ رۆژنامەنووسە کوردەکە وتی: منیش هاوکاردەبم. لەو کاتەدا ژنە داعشەکە بردمیە ناو خێمەکە و پێی وتم: کات هاتووە خۆت تەسلیم بکەی. جارێکی تر چوومەوە لای هەردوو رۆژنامەنووسەکە و پێم وتن: من ئێزدیم و دەمەوێت خۆم تەسلیم بکەم. ئەوانیش وتیان هاوکاریت دەکەین.
هەر دوو رۆژنامەنووسەکە بەمنیان وت دەچینە دەرەوەی کەمپەکە و کەسێکی ئێزدی لەوێیە، قسەی لەگەڵدا دەکەین و چاوەڕێمان بکە کەمێکی تر دەگەرێینەوە. دوای نزیکەی دوو کاتژمێر هاتن و پێکەوە لە کەمپەکە دەرکەوتین، کاتێک گەیشتینە ناو ئیدارەی کەمپەکە ئەوەندە ترس و دڵەڕاوکێم لا دروست بوو، چاوەکانم وشک بوون و فرمێسکیش نەهاتەخوارەوە. لە ئیدارەی کەمپەکە وێنەی منیان گرت و دواتر بردیانمە ماڵی ئێزدییەکان. 17 رۆژ لەوێ بووین و لە 06-06-2019 گەیشتینە شارەدێی سنۆنێ لە سنووری شەنگال و لە هەمان رۆژدا گەیشتمە لای کەسوکارەکانم لە ناحیەی باعەدرێ.
[1] ⚠️ Этот пункт был написан в (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) языке, нажмите на значок
, чтобы открыть элемент на языке оригинала!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!