#04-09-2019# بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی و ئامادەبوونی د. بەرهەم ئەحمەد صالح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی، مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# کۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە #سلێمانی# ئەنجامدا.
لەکۆبونەوەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەڵسەنگاندنی کاروباری حزبی و ڕێکخراوەیی، بەتایبەتی بەستنی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی تاوتوێ کران.
لەبارەی چوارەمین کۆنگرەوە، جەختکرایەوە، کە ئامادەکاری پێویست لەماوەی دیاریکراودا، تەواوبکرێ، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دا، کە ڕۆژی شەممەی داهاتوو بەرێوەدەچێت، ئه و پێشنیاز و ڕێوشوێنانەی بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی هەڤاڵانە لەئارادان، تاوتوێ دەکرێن بەمەبەستی پەسەندکردنیان.
لە کۆبونەوەکەدا، کاروباری حکومەتی هەرێم هەڵسەنگێنرا، لەمڕووەوە، جەخت کرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ناوەرۆکی ڕێکەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی و کارنامەی حکومەت.
کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی، بەپێویستی دەزانێت، بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە لیستێکی هاوبەشی کوردستانی، بەبەشداری لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکبهێنرێت، بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان، کە بڕیارە لە (1)ی نیسانی ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت.[1]