بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
بەشی بیست و یەکەم :بنەماڵەی بەرزنجیەکان
بنەماڵەی بەرزنجیەکان بەگشتی و شێخانی بەرزنجە بەتایبەتی لەمێژووی کۆن و نوێ ی ناوچەکەدا ڕۆڵی ئایینی و سیاسی دیاریان هەبووە. هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئەو چالاکیەی بەرزنجیەکان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام و ساسانیەکان. بەرزنجیەکان بە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا بڵاون. لە سەرەتای ئیسلامەوە پێگەیەکی ئاینی بەهێزیان بۆخۆیان دروستکردووە. زانای ئاینی دیاریان لێ هەڵکەوتووە.
یەکەم بنەماڵەن سۆفیگەریان هێناوەتە ناوچەکە و تەریقی قادریان بڵاوکردۆتەوە. تەکیە و خانەقاکانیان لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ڕێزی تایبەتی لێ گیراوە و لەلایەن سوڵتانە عوسمانی وپادشا سەفەویەکانەوە پشتیوانی لێکراوە.
لەسەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی باباندا شێخانی بەرزنجە دەستەڵاتیان لەگەڵ میرەکانی باباندا دابەشکردووە. دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری بەدەست میرانی ئیمارەتەکەوە بووە و دەستەڵاتی ئاینیش شێخانی بەرزنجە بەڕێوەیان بردووە، تەنانەت تێکەڵاوی کۆمەڵایەتیشیان لەگەڵ بنەماڵەی میرانی باباندا هەبووە و ژن و ژنخوازی لەنێوانیان هەبووە.
لەپاش کەوتنی ئیمارەتی بابان، دەستەڵاتی سیاسیش کەوتە دەست شێخانی بەرزنجە، بنەماڵەی شێخ مارفی نودێ 1753-1838 ی نوێنەراتی سیاسی خەڵکی ناوچەکەیان کردووە.
لەپاش شێخ مارف، کاک ئەحمەدی شێخ 1793-1887 جێگەی باوکی گرتەوە. لەپاش کاک ئەحمەدی شێخ، شێخ سەعیدی کوڕی کە دەکاتە باوکی شێخ مەحمود 1881-1956 شوێنی گرتەوە. لە 1909 دا کاتێک ئیحاد و تەرەقیەکان دەستەڵاتی سەڵتەنەتی عوسمانیان گرتە دەست، لەگەڵ شێخ سەعیددا لەسلێمانی توشی ناکۆکی بوون. شێخ سەعید ئیتحادیەکانی بە لادەر و مولیحد وەسف دەکرد، بۆیە بریاریاندا شێخ سەعید و بنەماڵەکەی نەفی بکەن بۆ موسڵ. لەپاش ماوەیەک مانەوەیان لەموسڵ، لەجەژنی قوربانی 1909 دا شەڕێکی گەورە لەنێوان موسڵاویەکان و دەستوپێوەندەکەی شێخ سەعیددا بەرپادەبێت. لەئەنجامدا شێخ سەعید و شێخ ئەحمەدی کوڕی دەکوژرێن و شێخ مەحمودی کوڕیشی زیندانی دەکرێت. لەوشەڕەدا نزیکەی 500 کەس لەهەردوولا دەکوژرێت. شێخ مەحمودیش دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. پەیوەندی سلێمانی بە ولایەتی موسڵەوە دەپچڕێت.
دەستەڵاتی ئاینی و سیاسی دەکەوێتە دەست شێخ مەحمود. لە 1914 دا کاتێک بەریتانیەکان هێرش دەکەنە سەر ویلایەتی بەسرە و بەغدا، شێخە عەرەبەکانی ئەو دوو ویلایەتە داوای هاوکاری لە شێخ مەحمود دەکەن. ئەویش بە سوپایەکی هەزار سوارەوە بەهانایانەوە دەچێت و بەشداری شەڕی شوعەیبە دەکات.
لەپاش ئەوەی لە 1914 ەوە بەهۆی شکستی والیە عوسمانیەکانی بەغدا و بەسرە لەبەردەم هێرشەکانی بەریتانیەکاندا بۆشایی سیاسی لەناوچەکەدا دروست دەبێت. شێخ مەحمود ئەو بۆشاییە سیاسیە پڕدەکاتەوە. ئیدارەی ناوچەکە دەگرێتەدەست. لە 1918 دا لەگەڵ بەریتانیەکاندا دەکەوێتە دانوستان. لە دانوستەکانی لەگەڵ بەریتانیەکاندا هیوای بە پرەنسیبەکانی ویلیسن (سەرۆک کۆماری ئەمریکا) دەبێت کە 14 مەرجی ئەمریکی بوون بۆ بەشداریکردنیان لەجەنگی جیهانی یەکەمدا. دووان لەو مەرجانە مافی چارەخۆنووسی گەلان بوو لەپاش جەنگەکە.بەریتانیەکان بەڵێنیان بە شێخ دابوو کە کوردستانی سەربەخۆی تەسلیم دەکەن، شێخ مەحمود بەسەرپەرشتی بەریتانیەکان (میجەر نوئێل و میجەر دانلیس)ئیدارەی ناوچەکەی دەکرد، بەڵام دواتر نێوانی لەگەڵ بەریتانیەکاندا تێک چوو، ئەفسەرەکانیانی زیندانی کرد. بەریتانیەکان هێرشیان کردە سەر شێخ مەحمود، سوپاکەیان شکاند و خۆشیان بەدیل گرت. سزای لەسێدارەدانیان کەمکردەوە بۆ نەفی کردنی بۆ هیندستان.1922 شێخ مەحمودیان لە هیندستانەوە هێناوە و کردیانە نوێنەری سلێمانی.حکومەتێکی مەحەلی لە سلێمانی بەسەرۆکایەتی شێخ قادری برای پێکهێنا. کاتێک بەریتانیەکان شافەیسەڵیان وەکو پادشای عێراق ڕاگەیاند 1922، شێخ مەحمودیش لەهەمان کاتدا خۆی وەکو مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند. شەڕ لەنێوان بەریتانی و شێخ مەحموددا هەڵگیرسایەوە لەبەر ئەوەی ئیعترافی بە پادشابوونی فەیسەڵ نەدەکرد لە عێراقدا. بەڵام بەریتانیەکان حکومەتەکەی شێخیان ڕوخاند. شێخ هەڵهات بۆ ئێران.
لەپاش کۆتایی ژیانی سیاسی شێخ مەحمود، کوڕەکانی : شێخ لەتیف و شێخ باباعەلی ڕۆڵی سیاسی شێخیان دەگێڕا.
شێخ لەتیف 1917 - 1972، لە سیەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵی برایەتی دامەزراند، دواتر کۆمەڵەی کوردیەت (دواتر کە کوردایەتی لێوە دروست بوو) یان دامەزراند. لە 1946 دا، کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، کرایە جێگری سەرۆکی پارتی (جێگری مەلامستەفای بارزانی)
شێخ باباعەلی 1912 -1996 چەندجارێک لەحکومەتەکانی عێراقدا کرایە وەزیر. لە 1946 وەزیری دارایی بوو. لە 1958 وەزیری گەیاندن و کاربوو، 1963 دا کرایە وەزیری کشتوکاڵ.
هەر لەبەرزنجیەکان سەرکردەی سیاسی دیکە کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا، شەهید شێخ شەهاب (خاڵە شەهاب) 1932-1976 و شاسوارجەلال (شەهید ئارام) 1947 -1977 بوون. سۆزانی خاڵە شەهاب ئەندام پارلەمانی هەرێمی کوردستان بوو. وەزیری دارایی ئێستای هەرێمی کوردستانیش ئاواتی شێخ جەناب برازای خاڵە شەهابە. وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان د. سامان حسێن مەحمود لە بنەماڵەی بەرزنجیە.
عومەر بەرزنجی، باڵوێزی عێراقە لەڤاتیکان. وەکیل وەزیری دەرەوەی عێراق بوو. عەمەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە شێخانی بەرزنجەیە.
هەریەک لە مستەفا کاوە حەفید نەوەی شێخ مەحمود و عیسا ڕەشید بەرزنجی ئەندامی باڵای ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیمن.
شێخانی کەسنەزانیش لە شێخانی بەرزنجەن. مەڵاسی شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریم وەزیری بازرگانی عێراق بوو لە 2014 دا. دکتۆر نەهرۆ شێخ مەحمود ئەندام پارلەمانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی یەکێتی نیشتمانی عێراقیە.
هەر لە بنەماڵەی بەرزنجیەکان شێخ جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی، پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی دەستەڵاتی بەعسدا، دواتر کرایە سەرۆکی مەجلیسی تەنفیزی کوردستان. [1]