بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
بەشی بیستەم : بنەماڵەی شەرکەسیەکان
قورسترین بەشی گەڕان بەناو مێژووی سیاسی عێراقدا، کاریگەری شەرکەسیەکانە لە ڕێڕەوی سیاسی عێراقدا. لەهەمان کاتدا سەرەکیترین بەشی مێژووی سیاسی عێراقیش پەیوەستە بە شەرکەسیەکانەوە.
لەڕەچەڵەکدا شەرکەس (چەر-کاس هەروەکو قەف -کاس، قەفقاز، کاس بەمانای زەوی، واتە زەوی چەرەکان، یان زەوی قەفیەکان) کۆمەڵێک هۆزی قەفقازین لە سەدەی چواردە و پانزەهەمەوە بە تورکیا و شام و عێراقدا بڵاودەبنەوە. لە ئێستادا نزیکەی سێ ملیۆن شەرکەسی لە تورکیا و عێراق و شامدا نیشتەجێن. لەکوردستاندا لە شارەکانی کەرکووک و سلێمانیدا شەرکەسەکان تێکەڵاوی کورد بوون. بەپێ ی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان لەسەدەی حەڤدەهەمدا لەسلێمانی زۆرترین خێزانی شەرکەسی هەبووە کە 632 خێزان بوون. پاشان لەبەغدابوون 500 خێزان، بەپلەی سێهەم لە بەعقوبە 250 بوون، پلەی چوارەم لە کەرکووک 190 خێزان. شەرکەسەکانی سلێمانی کە لە ڕەچەڵەکی چیچانین، لەگوندەکانی : سیانزار، چنارە، شێرە، بەردەرەشە، کانی میراندا نیشتەجی دەبن و نزیکەی 200 خێزانیشیان لە مەرکەزی شاری سلێمانیدا تێکەڵاوی شارەکە دەبن.
لەسەردەمی فەرمانڕەوای مەمالیکدا (1740-1831) لەگەڵ ئەو شەڕوشۆرە زۆرەی لەگەڵ حوکمداریەکەیانیدا بەرپاببوو، نزیکەی یەک سەدە، فەرمانڕەوایی و هەرسێ ویلایەتەکەی عێراق دەگرنەدەست.
گەورەترین بنەماڵەی سیاسی شەرکەسی کە کاریگەریان لە مێژووی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا هەبووبێت، بنەماڵەی سڵێمان فایەقی شەرکەسی 1814-1896ی متەسەریفی بەسرەیە. سڵێمان فایەق دەکاتە باوکی هەریەک لە مەحمود شەوکەت سلێمان پاشا 1856-1913 کە کرایە سەدرئەعزەم (سەرۆک وەزیران) ی سەڵتەنەتی عوسمانی و دواتر لە 1909 دا سوڵتان عەبدولحەمیدی لە دەستەڵات خست. هەروەها باوکی خالید سلێمان 1887-1945 ی وەزیری مەعاریف1929 و وەزیری ئاودێری 1930 ی عێراق بوو. کوڕی سێهەمی سلێمان بەگ، حیکمەت سلێمانی 1889-1964 سەرۆک وەزیرانی عێراق 1936 بوو. حیکمەت سلێمان پێش ئەوەی بەکر سدقی بیکات بە سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پارلەمان بوو، دووجاریش وەزاتەکانی مەعاریف و ناوخۆی بەدەستەوەبووە.
حیکمەت سلێمان و تۆفیق سەعدون (ئامۆزای عەبدول موحسین سەعدون لەبەشی شەشەمدا باسکراوە)ئاوەڵزاوای یەکتربوون، کچی محەمەد فازیل شەرکەسی -داغستانیان هێناوە. محەمەد فازیل بە فەرمانی سوڵتان لە پاش جەنگی عوسمانی و ڕوس، لە داغستانەوە نقڵی بەغدا کرابوو. لە 1913 دا بە وەکالەت کرابوو بە والی ولایەتی بەغدا.
هەر لە بنەماڵەی شەرکەسیەکان تاهیر یەحیا 1913-1986 ی سەرۆک وەزیرانی عێراقە لە 1965 دا. هەروەها ناجی شەوکت 1891-1980 کە لە 1933 دا سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، ناجی شەوکت عەرابی پەیوەندی نێوان حاج ئەمین حوسەینی موفتی قودس و ڕەشید عالی گەیلانی بوو بە نازیەکانەوە. لە 1938 ەوە ناجی شەوکەت بە پلەی وەزیری مفەوەز لە ئەنقەرە نوێنەری عێراق بوو ئەو پەیوەندیەی لەڕێگای کونسوڵی ئەڵمانیا لە ئەستەنبوڵ بۆ دروست کردبوون.
هەروەها لیوا سامی شەوکەت 1893-1987 ی برای ناجی شەوکەت بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی عێراق دامەزراند لە 1933 دا. چەندجارێک وەزیری وەزارەتەکانی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتیش بووە. لە1946 دا یەکەم کەس بوو داوای مۆڵەتی کردنەوەی حیزبی بەعسی قەومی لە حکومەتی عێراق کەلەگەڵ چەند سەرۆک هۆزێکدا دایمەزراندبوو، دواتر بەعسێکی تر لە 1947 دا لە سوریا دامەزرا و ئەویش بوو بەئەندام لەگەڵیاندا. [1]