بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
بەشی نۆزدەهەم : بنەماڵەی بارزانی
بنەماڵەی بارزانی لە ڕەچەڵەکدا دەچنەوە سەر هۆزی زێباری. لە ناوچەی مێرگەسوور، گوندی بارزان نیشتەجێن. دامەزراندنی ئەو بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ باپیرەیان، شێخ تاجەدین کە لە 1825 دا تەریقەتی نەقشبەندی لە سەید تەهای نەهری وەرگرتووە. لە گوندی بارزان تەکیەی نەقشبەندی دەکاتەوە. لەپاش شێخ تاجەدین، شێخ عەبدولسەلامی کوڕی تەریقەت بەڕێوە دەبات. لەپاش شیخ عەبدولسەلام، شێخ محەمەد کە لەناو بارزانیەکاندا بە (محەمەدی مەهدی ناسراوە) دەکاتە باوکی مەلامستەفا بارزانی و باپیری مەسعود بارزانی، تەریقەت و تەکیەکەی بۆ دەمێنێتەوە. لەپاش شێخ محەمەد، شێخ عەبدولسەلامی دووەم، برای شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا دەبێتە شێخی بارزان.شێخ عەبدولسەلامی دووەم لە1914 دا عوسمانیەکان لەسێدارەی ئەدەن و شێخ ئەحمەدی برای دەبێتە خودانی بارزانیەکان.
تەریقەتی نەقشبەندی و بەتایبەتیش تەکیەکان جگە لە ئەرکە ئایینیەکەیان، ڕۆڵی سیاسیشیان لە کوردستاندا بینیووە. لەسەردەمی ئیمارەتە کوردیەکاندا، دەستەڵاتی سیاسی لەنێوان میر و شێخی تەریقەتەکاندا دابەشکراوە، پێکەوە کۆمەڵگەیان بەڕێوەبردووە. بەڵام لەپاش کەوتنی میرنشینەکان، ئەرک و ڕۆڵی سیاسی میرەکانیش بۆ شێخەکانی تەریقەت ماوەتەوە. لە تەکیەکانەوە بڕیارە سیاسیە چارەنووسسازەکان دراوە. شێخانی نەهری (شێخ عوبەیدوڵای نەهری و سەیدتەهای نەهری کوڕی) لەپاش هەڵوەشاندنەوەی میرنشینی بەدرخانیەکان، دەکەونە پێشەوەی دیمەنە سیاسیەکانی ئەو سەردەمە لەنێوان عوسمانی و ڕوس و بەریتانیەکاندا. ڕوس و بەریتانیەکان لەڕێگای کونسڵەکانیان لە شاری وان ئەو تێکەڵاوە سیاسیە ناکۆکەیان لەگەڵ شێخانی نەقشبەندی نەهری پەیداکردووە. بەهەمان شێوەش لە کۆتایی ئیمارەتی باباندا، ئەرکی سیاسی میرە بابانیەکان بۆ شێخانی بەرزنجە- تەریقەتی قادری دەمێنێتەوە و شێخ مەحمودی حەفید ئەو ڕۆڵە سیاسیەی گێڕاوە.
شێخانی بارزان هەردوو میراتی سیاسی و ئاینی نەهریەکانیان لە سەید تەهاوە بۆ دەمێنێتەوە. لەیەکەم ئەرکی سیاسیاندا خۆیان لە هۆزی زێباریەکان جیادەکەنەوە. ئەم جیابوونەوەیە ناکۆکی و شەڕی خوێناوی بەدوای خۆیدا دێنێت. دەڤەرەکەیان (زێبار) بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زێ دا دابەش دەبێت. بەشی بارزان لە ڕۆژهەڵاتەوە دەبێتە ناوەندێک سەرپەرشتی هۆزەکانی سنوورەکەیان دەگرنە ئەستۆ، بەمەش لە سەرپەرشتی هۆزەکانی ترەوە، هۆزی بارزان دروست دەبێت. تا سەردەمی شێخ عەبدولسەلام هۆزی بارزان دروست نەبووە کە دەڵێت (من بەتەریقەت خالیدیم، بەعەشیرەت زێباریم و مەسکەنیشم بارزانە). لە ڕۆژئاوای ڕووبار (زێ) کەشەوە هۆزی زێباریەکان بەرانبەریان سەنگەر دەگرن، ناکۆکیە قوڵەکەشیان لەوێوە دەست پێدەکات و زێباری دەبێت بە دوو کەرتەوە.
شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا ئەرکیان دابەش دەبێت. شێخ ئەحمەد ئەرکی شێخایەتی دەگرێتە ئەستۆ و مەلا مستەفای براشی ئەرکە سیاسی و سەربازیەکان بەڕێوە دەبات.
لە سی یەکانی سەدەی ڕابردوودا هەردوو برا بەهۆی پەیوەندیە ئایینیە - مێژوویەکەیانەوە بە هەکاری و شەمزینانەوە ڕووی سیاسیان لە باکووری کوردستان بوو. ڕاپەڕینە چەکداریەکانی بارزان بە ڕابەرایەتی هەردوو براکە، کۆماری تورکیا و شانشینی عێراقی نیگەران کردبوو. لە 1935 دا هەردوکیان دوودەخرێنەوە بۆ سلێمانی. لەکاتی دامەزراندنی کۆماری مەهاباددا مەلا مستەفا لەسلێمانیەوە هەڵدێت بۆ بارزان و لەوێوە چەکدارەکانی کۆدەکاتەوە، ڕوودەکاتە کۆماری مەهاباد. لەپاش شکستی کۆمارەکەی قازی محەمەد، هەڵدێت بۆ ڕوسیا، تا 1958و بەکۆماری بوونی عێراق لەوێ دەمێنێتەوە.
لە عێراقی کۆماریدا ڕۆڵی سیاسی بنەماڵەی بارزانی گەورەدەبێت. لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا 1946، کاتێک مەلا مستەفا 1903 -1979 لە یەکێتی سۆڤیەت بوو، ئەو پارتە مەلا مستەفا وەک سەرۆکی خۆیان دەستنیشان دەکەن. لە 1958 دا لەگەڵ حکومەتی کۆماری (عەبدولکەریم قاسم) دا ڕێکدەکەون و مۆڵەتی فەرمی بەپارتی دیموکرات دەدەن. لەکۆنگرەدا مەلا مەستەفا دەکەنەوە بە سەرۆکی پارتی. لە 1961 دا لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم دا تێک دەچێت. ڕاپەڕینی چەکداری ئەیلول دەست پێدەکات تا1970کەلەگەڵ ئەحمەد حەسەن بەکر و حکومەتی بەعسیەکاندا ڕێکدەکەون و پەیمانی 11 ی ئازار کە بریتی بوو لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان ئیمزادەکەن. لە 1974 دا لەگەڵ حکومەتەکەی بەکردا ناکۆک دەبنەوە، ڕاپەڕینی چەکداری دەستپێدەکاتەوە. بەڵام سیان لە کوڕەکانی مەلا مستەفا، عوبەیدوڵا 1927-1982 کە وەزیری دەوڵەت بوو لە حکومەتەکەی بەکردا هەروەها لوقمان و سابیر، لەباوکیان جیادەبنەوە، تا 1982 لەگەڵ حکومەتی بەعسیەکاندا دەمێننەوە. لە1982 دا سەدام حسێن هەرسێکیانی لەسێدارە دا.
لە 1975 دا مەلا مستەفا شۆڕشەکەی ڕادەگرێت. دەست لە سەرکردایەتی سیاسی پارتەکەی هەڵدەگرێت بۆ ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی کوڕی جێدەهێڵێت.
لەپاش مردنی ئیدریس بارزانی 1944 -1986، مەسعود بارزانی دەبێتە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لەپاش کەوتنی کۆمارەکەی سەدام حسێن و دروستکردنەوەی کۆماری سێهەمی عێراق 2003. بنەماڵەی بارزانی لەعێراقدا ڕۆڵی سیاسیان فراوانتر دەبێت.
مەسعود بارزانی دەکرێتە ئەندامی مەجلیسی حوکمی عێراق و دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2017.
خاڵی مەسعود بارزانی، هوشیار زێباری چەندجارێک وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی عێراق بەڕێوەدەبات.
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی برازای مەسعود بارزانی کە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.
مەسرور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانی کە لەئێستادا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ماوەی دەساڵ ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بوو.
مەنسور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانی فەرماندەی لەشکری یەک و گوڵانی هەرێمی کوردستانە.
سیروان سابیر بارزانی، برازای مەسعود بارزانی فەرماندەی هێزی تایبەتی پڵنگی ڕەشی هەرێمی کوردستانە.[1]