بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
بەشی بیست و دووەم و کۆتایی : یاداشتەکەی شا فەیسەڵ
لەناو عێراقیەکاندا یاداشتەکەی شا فەیسەڵی یەکەم لەهەموو ناکۆکیە نێوخۆییەکاندا دێتەوە بەرباس و بیرخستنەوە.
شا فەیسەڵی یەکەم 1883-1933 کە لەگەڵ بەریتانیەکاندا دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراق بوو، ساڵێک بەر لە مردنەکەی یاداشتێکی بۆ چەند کەسایەتیەکی سیاسی ئەوکاتە ناردووە، تیایدا دەڵێت :
.. پێم وایە هێشتا لە عێراقدا شتێک نیە ناوی گەل بێت. بەڵکە چەند قەوارەیەکی بەشەری (کتل بشریە) هەیە کە بەتاڵن لە هەر فیکرەیەکی نیشتمانی و پڕن لە دابونەریتی ڕیاکاری ئاینی. هیچ شتێک پێکەوە کۆیان ناکاتەوە.گوێڕایەڵی خراپەکاری و لایەنگری فەوزان، ئامادەن لەهەر ساتێکدابێت هەڵچن بەڕوی هەر حکومەتێکدابێت.ئێمە پێمان وایە لەم حاڵەتەدا، لەو قەوارە ناکۆکانە گەلێک دروست بکەین، پەروەردەی بکەین و فێریان بکەین و دایانمرکێنینەوە.
لەو یاداشتەی شا فەیسەڵەوە کە 87 ساڵی بەسەردا تێپەڕیووە، پێکهاتەی عێراق بەهەمان ئەو دۆخەوە ماوەتەوە کە فەیسەڵ باسی دەکات.
لەبیست و یەک بەشی ڕابردوودا ئێمە مەبەستمان لە گێڕانەوەی حکایەتەکانی بنەماڵە سیاسیەکان نەبوو، بەڵکە ویستمان دەست بخەینە سەر هۆکاری ئەو فەشەلەی لە دروستبوونی ئەو دەوڵەتەدا ڕوویدا کەناوی عێراقە و تا ئێستەکەش بەزۆر و زەبری جەنگەکان ئەو ناکۆکیانە کۆکراونەتەوە کە هیچ لایەکیان ئامادەی چارەسەرکردنی نین.
لەبەر ئەوەی سیاسەت وەک مومارەسە و وەکو فیکر، بەبێ دوو پایەکەی مێژوو و جیوگرافیا نەبێت پەککەوتە و نەزۆک دەبێت، ئێمە لەم گێڕانەوە مێژوویانەوە ویستوومانە ئەو دوو پایەیە بخەینەوە ژێر سەقفی سیاسەت تا لەتوانایدا بێت چارەسەری مێژوویی پرسە نیشتمانی و دیموکراسیەکانی ناو دەوڵەتەکەی پێ بکات. هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی واقیعی سیاسی لە ڕێگای پێکهاتە سیاسیەکانی عێراق خۆیەوە. لەداهاتوودا دەشێت ئەم بابەتە بە وردەکاریەکانیەوە ببێتە کتێبێک هەوڵێک بێت بۆ (پرۆژەیەکی چارەسەری) و شێوازێکی تر بێت سیاسەتی بەرە ناکۆکەکانی لەسەر دابڕێژرێتەوە.[1]