ئەو ژنانەی بە ناوی پیاوێکەوە ناسراون لەناو کۆمەڵگە، ئەو پیاوە کەسێکە دارای پێگەو مەقامێکە، یان کەسێکی ناسراو و خۆشەویستە و خاوەن هەڵوێست و لەخۆبووردەیە و بەم شێوەیە ناو و ناوبانێگێکی هەیە لەناو خەڵک و کۆمەڵگەدا، لە پاش مەرگیان جا ئەم مەرگە بە شێوەی ئاسایی و دەستی قەدەربێت، یان بە گیان بەخت کردن و شەهید بوون و خۆ قوربانی کردن بێت، ئەوە ژنەکانیان لەپاش مەرگیان قوربانییەکی ترن و دۆخی ژیانیان ئەستمە درکی پێبکرێت، هەر ڕۆژێکیان مردنێکە.
ئەو ژنانەی هەتا دوێنێ ژیانێکی ئازادیان هەبووە و خاوەنی بڕیاری خۆیان بوون لە هاتووچۆو ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیاندا، ئەمڕۆ ئیتر بێ مێردو بێ خاوەن دەبینێرن، ئەوان ئیتر تەنها جەستەیەکن لە چاوی کۆمەڵگە، جەستەی بێ خاوەنیش بەتێڕوانینی باوی کۆمەلگە ڕۆژهەڵاتیەکانیش ڕێگەیەکە بۆ تاوان و گوناە و عەیبە.
ئیتر ئەبێ ئەم ژنانە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، لە ماڵە باوک یان برا، بەکراسێکی نیلی و بێ ڕەنگ بە خامۆشی وبە حەیاو حورمەتەوە هەنگاو هەڵنێن، حەیاو حورمەت دووبارە بە پێناسەی کۆمەلگە داخراوەکان بەواتەی گرنگی نەدان بە شێوەو ڕووخسار و سەرو قژ و جوانی و گەنجی ژن دێت، یانی لە گۆڕ نانی حەزو غەریزەکان، یانی بە قەدەری خوا قایل بوون و گوڕایەڵی ئەمر و نەهی پیاوەکانی بنەماڵە.
نابێت لە بیرمان بچێت ژن هەرچەند ئازاد و خاوەن بڕیاری خۆی بێت، بەڵام وەک خەسەڵتێکی مێینەیی پێیخۆشەو پێویستی بەوەیە پیاوێک لە ژیانیدا وەک هاوسەرو هاوڕێ گرنگی پێ بدات و ڕۆژانە بۆی دووپات بکاتەوە کە چەندی خۆشدەوێت، یان ئەو بۆنەی لەخۆیی داوە تا چەند بۆنێکی خۆشە، یان ئەو کراسەی پۆشیوییەتی چەند ڕەنگی جوانە و چەندیش لێی دێت، یان ئەمڕۆ جوانتر لە هەرکات دەنوێنێت. بیستنی هەموو ئەوانە بۆ ژنە شەهیدێک یان هە ڕ کەسایەتیەکی بەو جۆرە وەکو ئاماژەمپێدان لە زاری پیاوێکی دیکەوە بۆ هەمیشە دەبێت خەیاڵی خامۆش و شاراوەی شەوانی تەنیایی بێت.
ئەو ژنانەی تەنانەت خاوەنی ناوی خۆشیان نین و ناوەکەشیان لێ دەسەندرێتەوە و بەناوی هاوسەری کۆچکردووی فڵان و فیسار بانگ دەکرێن.
ئیتر ئەو ژنانە موڵکی نیشتیمانی ئەو مرۆڤانەن کەوەها دەڕوانن لە ژنانی دوای ڕوداوەکان و کارەسات، هەر بە موڵکی پیاو دەمێننەوە بە مردویی.
نووسینی:خەزان ڕەحیم