ژمارەیەک لە ژینگە پارێزانی باڵەکایەتی هاوشان لەگەڵ بەشێک لە گەنجانی وەرتێ هەستان بە پاککردنەوەی گوندی وەردێ لەو هەڵمەتەشدا زیاتر لە 200 عەلاگەی زبڵ و پاشماوەیان کۆکردەوە و بڕیاریشە هەڵمەتەکە بەردەوامبێت.
پێشەوا فەقێ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی پارێزەرانی ژینگەی باڵەکایەتی وتی: لەدرێژەی ئەو هەڵمەتە ژینگە پارێزیەی دەستمان پێکردووە لە وەرزی بەهارەوە بۆ پاککردنەوەی شوێنە گشتیەکان و گوندە کانی باڵەکایەتی، ئەمڕۆ هەستاین بە پاککردنەوەی گوندی وەرتێ لە زبڵ و پاشماوە پلاستیکیەکان و زیاتر لە 200 عەلاگە زبڵ و پاشماوەی پلاستیکمان کۆکردەوە.
وتیشی: وەرتێ گوندێکی جوانی هەیە و ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگە بەڵام لە هەڵمەتی ئەمڕۆدا کە ئەم هەموو زبڵ و پاشماوە پلاستیکیەمان کۆکردەوە نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان و ژینگە بەگشتی لەژێر مەترسیەکی گەورەدایە، هەر بۆیە ئێمە باوەڕمان وایە کە سیمینار و هۆشیاری تیۆری کاریگەریەکی وای نیە تاکو بە مەیدانی ژینگە پارێزان دەست بە چاڵاکی ژینگەیی نەکەن.[1]