لە ڕێگای ئەم ئاگادارییەوە ڕای گشتی و مێدیای کورد ئاگادار دەکەین کە کۆنفڕانسێک لە ژێر ناوی کۆنفرانسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەممە ڕێکەوتی 19-10-2019 لە شاری ستۆکهۆڵم، پایتەختی سوێد بەڕێوە دەچێت. کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانس لە کۆتایی مانگی ئاگۆستەوە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و شارەزایان و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکانی نیشتەجێ لە وڵاتانی دنیا، بۆ ئەم کۆنفرانسە بانگهێشت کردووە. لە لیستەی بانگهێشتندا جگە لە ڕەچاوکردنی هاوسەنگیی ڕەگەزی، هاوسەنگی لە نوێنەرایەتیکردنی هەموو شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەبەرچاو گیردراوە. هەروەها ژومارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی چالاکی نیشتەجێی دەرەوەی کوردستان بۆ ئەم کۆنفڕانسە بانگهێشت کراوون.
کۆمیتەی ئامادەکار هەروەها گشت ڕێکخراو و حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێی نامەی تایبەتەوە بانگهێشت دەکات، تا وەک میوان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بن.
کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفڕانس، کە لە کۆمەڵێ چالاک و شارەزای بواری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە، ماوەیەکی زۆرە خەریکی زەمینەسازی بۆ پێکهێنانی ئەم کۆنفرانسە نەتەوەییەیە. شایانی ئاماژەپێکردنە، کاری ئەم کۆمیتەیە لەگەڵ دەستپێکی کۆنفرانسەکە، کۆتایی پێ دێت.
ئامانجی گشتی لە کۆنفرانسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاونانی بە کردەوەیە بۆ وەگەڕخستنی پتانسیەل و توانا نیشتمانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی پلاتفۆڕمێکی یەکگرتووی نەتەوەییدا. لە پێناوی گەیشتن بەو ئامانجە گشتییەدا، کاری سەرەکیی کۆنفرانس بریتیی دەبێت لە پێکهێنانی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پێکهێنانی چەند کۆمیسیون و کۆمیتە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم ناوەندە.
زانیاریی زۆرتر سەبارەت بە کۆنفرانسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێکهاتەی ئه و ناوەندەی لە کۆنفرانسدا بەردی بناغەی بۆ دادەندرێ، لە دوکۆمێنتێکی تایبەت بە بنەما و ئامانجەکانی کۆنفرانسدا هاتووە کە لەگەڵ ئەم ئاگادارییە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەبێتەوە.
لە داهاتوودا زانیاریی زۆرتر سەبارەت بە میکانیزم و بەرنامەی کاری کۆنفرانس بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بۆ بەدواچونی زانیاری زیاتر سەبارەت بە پرۆسەی کاری کۆنفرانس یان وتووێژی مێدیایی دەتوانن پێوەندی بکەن بە دەستەی وتەبێژی کۆنفرانس لە ڕێگای ئەم مەیلەوە:
k.n.rojhalat@gmail.com