رۆژی 30-08-2019 کۆتا کاروانی حاجیان دەگاتەوە هەرێمی کوردستان، بەرێوەبەری حەج و عومرەی #سلێمانی#ش ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ حاجیانی هەرێم (45) ملیۆن دۆلاریان بردوەتە سعودیە و دو حاجیش لەوێ گیانیان لەدەستداوە.
ئاوێنە: کامەران عەلی، بەرێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی، بە میدیای ڕەسمی گۆڕانی ڕاگەیاند؛ بۆ ئەمساڵ بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج حەوت هەزارو 130 حاجی هەرێمی کوردستان گەشتیان کردوە بۆ وڵاتی سعودیە و لەو ڕێژەیەش دو هەزارو 900 حاجی خەڵکی پارێزگای سلێمانی بون.
ئاشکراشی کرد، هەر حاجیەکی هەرێمی کوردستان چوار هەزارو 200 دۆلار(42 وەرەقە) تێچوی گەشتەکەی بوەو ئەو حاجیانەشی لە ڕێگەی پشکی بازرگانییەوە بەشداریان کردوە شەش هەزارو 500 دۆلار(65 وەرەقە)، تێچوی گەشتەکەیان بوە.
جەختی کردەوە، بە کۆی گشتی حاجیانی هەرێم بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ (45) ملیۆن دۆلاریان بردۆتە وڵاتی سعودیە.
لەبارەی گەڕانەوەی حاجیانی هەرێم، بەرێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی ڕایگەیاند؛ گەڕانەوەی کاروانی حاجیان بۆ هەرێم بە شێوەیەکە ڕۆژێک لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە و ڕۆژی دواتر لە فڕۆکەخانەی #هەولێر#ەوە، تا ئێستاش سێ هەزار حاجی گەڕاونەتەوە و (30)ی ئەم مانگەش کۆتا کاروانی حاجیان لە هەولێر دادەبەزن.
کامەران عەلی ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژانە هەشت کاروان کە (380) حاجی لە خۆی دەگرێت لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەگەڕێنەوەو تا ئێستاش یەک هەزارو 700 حاجی لە کۆی دو هەزارو 900 حاجی سلێمانی، گەڕاونەتەوە و (29)ی ئەم مانگە کۆتا کاروانی حاجیانی پارێزگای سلێمانی دەگەڕێنەوە.
لەبارەی دۆخی حاجیانی هەرێم لە وڵاتی سعودیە، کامەران عەلی باسی لەوەکرد، حەجی ئەمساڵ لە کەشێکی گەرم و ئارامدا بەڕێوەچوە و لە کاتی عەرەفە و مینا دو جار باران باریوە و حاجیانی هەرێمیش لە شاری مەککە لە هۆتێل و لە کێوی عەرەفەش لە ژێر خێمە و خێوەتدا بێ کێشەو گرفت بون.
وتیشیلە وەرزی ئەمساڵی حەجدا دو کەس لە حاجیانی هەرێمی کوردستان کە خەڵکی #هەڵەبجە# و #دهۆک# بون لەوێ گیانیان لەدەستداوە.