12 شارەوانیی لە سنووری پارێزگاکانی #سلێمانی# و #هەڵەبجە#، کرێکارەکانی دەستیان لە پاککردنەوە هەڵگرتووە، ئەوەش بە هۆکاری نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی کارکردنیان لەلایەن کۆمپانیای پاککەرەوەوە، ئەوەش بوەبەهۆی کۆبوونەوەیەکی زۆری خۆڵوخاشاک، شارەوانیش دەڵێت لەسەرخەتن بۆ چارەسەریی.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە بەرپرسانی کۆمپانیای گارێکس لە سنووری #شارەزوور# وەریگرتووە، گرێبەستی فەرمی کۆمپانیاکە لە 15-1-2016 بۆ 15-1-2019 کراوە بەمەبەستی پاککردنەوەی خاشاکی سنوورەکە، دواتر کاتەکەی درێژکراوەتەوە بۆ 15ی مانگی 7، و بەردەوام بوون لە کارەکانیان تا سەرەتای ئەم مانگە، ئەمڕۆش دوو ڕۆژە لە سنووری 12 شارەوانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەستیان بەمانگرتن کردووە، کە (شاری هەڵەبجە، شارەدێی سیروان، شارۆچکەی شارەزوور، شارەدێی وارماوا، شارۆچکەکانی سەیدسادق و #پێنجوێن#، و شارەدێیەکانی تەوێڵە، بیارە، خورماڵ، گەرمک، ناڵپارێز، بەرزنجە و عەربەت.
کاری ئەو کرێکارانە تەنها پاککردنەوە نییە، بەڵکو ئاودانی دارەکانی سنوورەکانی خۆیانە، کە لەکاتی ئاونەدانیان مەترسی وشکبوونیان هەیە.
دەربارەی چارەسەرکردنی گرفتی کرێکاران، سالار ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی شارەزوری سەربە پارێزگای سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: کێشەکان دوو بەشە لە سنووری شارەوانی شارەزوردا، ئەویش ئەوەیە کۆمپانیای پاککەرەوەی گارێکس ماوەی سێ مانگە سولفەیان لەلایەن #وەزارەتی دارایی#ەوە بۆ دابین ناکرێت، کێشەیەکی دیکەشیان ئەوەیە ماوەی گرێبەستەکەیان تەواوبووە، نە ئەوەیە تەندەری تازەیان بۆ بێت، نە ئەوەتا گرێبەستەکەیان بۆ درێژبکرێتەوە.
سالار ئەحمەد ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکەی بە گرفتێکی گەورە ناوبرد و وتیشی: ژیانی ئەگەر ڕۆژێک زبڵ هەڵنەگیرێتەوە کارەسات ڕودەدات، ئەمڕۆش دوو ڕۆژە هیچ زبڵ و خاشاکێک لە سنوورەکەدا هەڵنەگیراوەتەوە و بازاڕو کۆڵانەکان ژیانی تێدا ئەستەم بووە، پێویستە چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە، هەرچەندە هەموو سەرۆکی شارەوانییەکان بە پارێزگاکانیشەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرە ئیدارییەکان هەموویان لەسەر هێڵن، بەڵام تا ئێستا گرفتەکە چارەسەر نەکراوە.
ئەوەشی وت: ئەگەر کێشەکە چارەسەرنەبێت کارەساتێکی ژینگەیی زۆر قورس ڕودەدات، وەک شارەوانیش هیچ کرێکارو ئامێرێکمان لانەماوە زۆر قورسە ئەو کەرتە وەربگیرێتەوە خۆمان ئیدارەی بدەین، چاوەڕوانی ئەو کەسانەین بڕیاربەدەستن لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی شارەوانی، داواکارین ئەم کێشەیە چارەسەری بکەن.