چوار گەنجی گوندی شیرەمەڕ لەڕێگای چاندنی 100 نەمامی جۆراوجۆر و خزمەتکردنیان، گوندەکەیان دەکەن بە ناوچەیەکی گەشتیاریی.
چوار گەنجی دانیشتووی گوندی شیرەمەڕی سنووری شارەدێی خورماڵ-ی پارێزگای #هەڵەبجە# لە ساڵی 2014 لە دەوروبەری سەرچاوەی ئاوی گوندەکەیان 100 نەمیان لە جۆرەکانی (سنەوبەر، توو، سەبەح بەح) چاند، ئەویش بە ئامانجی سەوزکردنی گوندەکەیان و کردنی بە ناوچەیەکی گەشتیاریی.
گەنجەکان ماوەی پێنج ساڵە خزمەتی ئەو دارانە دەکەن و دەیانپارێزن، ئێستا شوێنەکە بووە بە ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش، بەڵام پێویستی بە سەوزکردنی زیاتر و چاندنی گوڵ و نەمامی زیاتر هەیە.
ئەگەرچی لە وەرزی هاویندا نەمام پێویستی بە ئاودانی زیاترە، بەهۆی ئەوەی ئەو گەنجانە، فەرمانبەرن و لە دامودەزگا حکومەییەکان ڕۆژانە دەوام دەکەن، بۆیە لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ-یان بۆ ئاودانی دارەکان تەرخان کردووە، داواش دەکەن، گوندنشینانی دیکە هاوکاریان بن لە ئاودانی دارەکان.
محەمەد مەحمود، نیگەرانە لەوەی هەندێک جار کەسانێک بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لەو نەمامگەیە دەکەن، بەڵام لەجیاتی خزمەتکردن شوێنەکە پیس دەکەن و دارەکان دەشکێننەوە.
سەرچڵ یونس-یش دەڵێت: پێشتر ئەم شوێنە هیچ نەمامێکی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا بووە بە هاوینەهەوارێکی بچووک و دڵگیر، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بیپارێز و ڕێگا لە لەناوچوونیان بگرن.
ئەو گەنجانە، بڕیاریان داوە بەگوێرەی توانا و دەرفەتی خۆیان خزمەتی زیاتر بە ژینگە بکەن و ڕێژەی سەوزایی گوندەکەیان زیاتر بکەن، وەک خۆشیان دەڵێن: تەمەن درێژیی و تەندروستیی باش، بەندە بە ژینگەیەکی خاوێنەوە، بۆیە دەبێت کلتوری نەمام چاندن زیاتر برەوی پێبدرێت.