#هەپەگە# ڕایگەیاند: لە سنوری پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و #ئامەد#ی باکوری کوردستان گەریلاکان زنجیرە چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر ئەنجامداوە و لە ئاکامیدا 9 سەرباز و ئەندامێکی میتی تورک کوژراون و تەرمی 2 سەربازیش کەوتۆتە دەستی گەریلاکان.
لەو بارەوە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە بڵاوکراوی ڕاگەیاندوە و ئەم زانیاریانەی بۆ ڕایگشتی ئاشکرا کردوە:
ئێوارەی دوێنێ گەریلاکان لە گردی شەهید ئافاتی سەر بە ناوچەی گەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان یەکینەیەکی سووپای تورکیایان کردۆتە ئامانج و گورزی زۆر قورسیان لێداوە و لە ئاکامیدا، 7 سەرباز کوژراون کە تەرمی 2 سەربازیان کەوتۆتە دەستی گەریلاکان. هاوکات 4 مۆڵگەی سەربازیش خاپوور کراون. دوابەدوای چالاکییەکەی گەریلاکان ژمارەیەک هەلیکۆپتەری جەنگی ڕویان کردۆتە مەیدانی شەڕەکە و
ئەوانیش کراونەتە ئامانج و ناچار پاشەکشێ کراون.
هەمان ڕۆژ لە ناوچەی چەلێی سەر بە جۆلەمێرگ، کاروانێکی سەربازی سوپای تورکیا کە بەرەو سەربازگەکانی ئەو ناوچەیە دەچوو، لەلایەن گەریلاکانەوە کراوەتە ئامانج و لەوێش وێڕای کوژرانی 2 سەرباز و برینداربوونی 3ی دیکە زریپۆشێکش بە تەواوی لەناوبراوە. شەوی ڕابردووش، لە گردی کۆردینەی هەمان ناوچە دەستەیەک لە گەریلاکان لە سوپای تورکیان داوەتەوە و زیانی زۆریان لە دوژمن داوە، بەڵام ژمارەی کوژراو برینداران تا ئێستا نەزانراوە:
لە ڕێککەوتی 23ی مانگی ڕابردووش، لە ئامەد ئۆتۆمبیلێکی ئەندامانی دەستگای سیخوڕی و هەواڵگری میتی تورک لەلایەن گەریلاکانەوە کراوەتە ئامانج و لەوێش ئەوەندەی ڕوونبووەتەوە ئەندامێکی میت کوژراوە و 3دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی هەپەگە لە سەرجەم ئەو چالاکیانەدا گەریلاکانی بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ بگات گەڕاونەتەوە شوێن و بارەگاکانی خۆیان.
لە بارەی هیرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەپەگە ڕایگەیاندووە: 14ی ئەم مانگە، لە هەرێمی زاپ بەهۆی بۆردومانەوە گەریلایەک شەهید بووە. هەروەها لە10ی ئەم مانگەوە بە بەردەوامی گوند و ناوچەکانی هەرێمەکانی گارا، حەفتانین، زاپ، زێ و خواکوڕک بە چڕی بۆردومان کراون و بەو هۆیەوە زیانیکی زۆر وەبەر ڕەز و باخی گوندنشینان کەوتووە.