%80ی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کەوتوونەتە دەڤەری سۆرانەوە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە کە چوارەم ڕۆژی پشووی جەژنی قوربانە، پڕ ببوون لە گەشتیار.
بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بەدواڕۆژی وت: ئەمڕۆ 14-08-2019 کە چوارەم ڕۆژی جەژنی قوربانە، سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری هەر چوار قەزاکەی دەڤەرەکە (سۆران، چۆمان، ڕواندز و مێرگەسۆر) جمەیان دێت لە گەشتیارو تەواوی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە پڕبوونە لەگەشتیار.
ئاماژەی بەوەشدا کە هێشتا ئاماری هەرچوار ڕۆژەکەمان کۆنەکردووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەین زیاتر لە پەنجا هەزار گەشتیار هاتبێتنە ئه و دەڤەرە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران باسی لەوەشکرد کە: زۆرینەی ئوتێل و موتێل و هاوینەهەوارو ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران پڕبوونه و جێگە نەماوە گەشتیار تیایدا بمێنێتەوە.
روونیشیکردەوە کە: هاتنی ئه و هەموو گەشتیارە زۆرە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزارو بەوهۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵک کاریان بۆ پەیدا بووه و جموجوڵێکی باشی گەشتیاری دروستبووە.
%80ی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کەوتوونەتە دەڤەری سۆرانەوە، ناوچەکە خاوەنی چەندین هاوینەهەوارو ناوچەی گەشتیاری کەرتی تایبەت و گشتییە.
هاوینەهەوارەکانی (بێخاڵ، جوندیان، گەلی عەلی بەگ، کانی ماران، گەلی سەکران، گەلی فەقیان، پڕژێ و مەکێ) کەوتوونەتە دەڤەری سۆران و بەوهۆیەوەش ساڵانە بەتایبەتی لەوەرزی بەهارو هاوین و پشووەکان هەزران گەشتیار لە باشوورو ناوەراستی عێراق، ناوخۆو دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەکە دەکەن.
[1]