بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی هێشتا 763 ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، تەنها لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش 403 هەزار کەس گەڕاونەتەوە پارێزگای موسڵ و سەڵاحەدین.
بەپێی نوێترین ئاماری فەرمانگەی قەیرانەکانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەماوەی شەش ساڵی ڕابوردوودا 3 ملیۆن و 200 هەزار ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان، ئه و ئاوارانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە 38%یان خەڵکی ئەنبارن، 30% خەڵکی نەینەوان لە 14% خەڵکی سەڵاحەدین-ن، لە 18% کەی تر خەڵکی ناوچەکانی تری عێراق-ن.
هەربەپێی ئامارەکانی کۆچی نێودەوڵەتی و فەرمانگەی قەیرانەکان هێشتا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس تر لە عێراقییەکان ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، له و ڕێژەیەش 763 هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستان لە 29 کەمپدا ئاوارەن لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش 403 هەزار کەسیان گەڕاونەنەتەوە پارێزگای موسڵ و سەڵاحەدین، 73 هەزار کەسی دیکەش دووبارە گەڕاونەتەوە کەمپەکا، بەهۆکاری نەبوونی خزمەتگوزاری لە شوێنەکانیان و مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.
هەربەپێی ئامارەکان لە دوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014 بۆ عێراق، دوو ملیۆن کەس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، لە ئێستاشدا 60% ئاوارەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژیان و گوزەران لە ناوچەکانیان زۆر سەختە و بەشێکیان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لەو بارەیەوە نەسرەدین هەرکی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: حکومەتی بەغدا بەرامبەر دابینکردنی پێداویستی ئاوارەکان کەمتەرخەمبووە، هۆکارەکەشی بۆ قەیرانی دارایی و ئابووریی دەگەڕێننەوە لە ساڵانی ڕابوردوودا.
وتیشی: هەروەک چۆن پارە بۆ هێزە سەربازیی و ئەمنی و پێداویستیەکانیان هەیە، دەبووایە پارەی زیاتر بۆ ئاواره و ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانکراوەکان تەرخانبکرابووایە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: هاوکاری حکومەتی بەغدا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانیش بۆ ڕەوشی ئاوارەکان بێ سەروبەری و پەرتەوازەیی پێوەدیارە.[1]