بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
بەشی هەژدەهەم :بنەماڵەی بێگات
بێگات بنەماڵەیەکی عەرەبی سونی سەربەهۆزی بوناسری دەڤەری تکریتن. بنەماڵەی بێگات و هۆزی بوناسر بەناوبانگ بوون بەچەتونی و توندڕەوی. هەردوو ناوەکەیان (بێگات و بوناسر) لە ئەنجامی شەڕەوە لە سوڵتانە عوسمانیەکانەوە وەرگرتووە کە پشتیوانیان کردوون لە جەنگەکانیاندا. لەسەدەی چواردەهەمدا کاتێک شا ئیسماعیلی سەفەوی 1487-1524 عێراقی ئێستای لەژێردەستەدابوو، بەفەرمی مەزهەبی شانشینەکەی لە سونیەوە گۆڕی بۆمەزهەبی شیعی، سوڵتان سەلیم 1470-1520 ی عوسمانی نیگەران بوو لە بە شیعە کردنی ناوچەکە وجیهادی ڕاگەیاند لەدژی سەفەویەکان و هێرشی کردە سەریان. لە باکورەوە لە سنووری چاڵدێراندا و لە باشوورەوە لە سنووری بەغدا بەر سوپای سەفەویەکان کەوتن، شا ئیسماعیل لەهەموو بەرەکانەوە لەبەردەم هێرشەکەی سەلیم خاندا شکا کە دواترلە پەیمانی چاڵدێرانەوە پێکهاتن بە دیاریکردنی سنووری نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەکە.
هۆزەکەی بوناسر کە جەنگاوەری سەرەکی سوپای عوسمانیەکان بوون لە شەڕی گرتنی بەغدادا لەلایەن سوڵتانەوە نازناوی (ناصر- سەرخەر) یان وەرگرت و هۆزەکەیان ناونا بوناسر.
چەند ساڵێک پاش ڕێکەوتنی چاڵدێران شەڕی نێوان سەفەوی و عوسمانیەکان هەڵگیرسایەوە. شاعەباس 1571-1629 زۆربەی ناوچەکانی لە عوسمانیەکان سەندەوە. عوسمانیەکان بەفەرمانی سوڵتان موراد، جارێکی تر هێرشیان کردەوە سەر بەغدا و ئیالەتی شارەزوور (ئیالەتی شارەزوور تا کەرکووک و کفری و بەشێک لە ئیلامیشی دەگرتەوە) بوناسریەکان بەشداری سوپاکەی عوسمانیەکان بوونەوە.لە 1638 دا قەڵای کەرکووک و شاری کفریان بۆ سوپاکەی سوڵتان موراد داگیرکرد. کۆتایی جەنگەکەش بە پەیمانی قەسری شیرین 1639 کۆتایی هات. سوڵتان لەپاداشتی بەشداری بوناسریەکاندا نازناوی (بێگات کۆی بەگ - بەگەکان) ی لەگەڵ زەوی و زارێکی زۆردا بەخشی پێیان.
بێگاتەکانی تکریت سوودمەندبوون بەهۆی گۆڕینی ڕێگای کاروانە بازرگانیەکان لە بەسرەوە بۆ حەلەب و دواتر بۆ ئەستەنبول بە ناوچەکەیاندا. بەڵام لەپاش دروستکردنی هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر (هێڵی بەرلین - بەغدا 1904) ڕێڕەوی کاروانە بازرگانیەکان گۆڕدرا و دەڤەری تکریت و هۆزی بوناسر توشی قەیرانی ئابووری بوونەوە. هەژاریەکی کوشندە ڕووی لەناوچەکەیان کرد.
لەسەردەمی عێراقی شانشیندا مەولود موخلیس 1885-1951 کە ئەفسەرێکی تکریتی نزیک لە پادشای عێراق بوو، داوای لە پادشای عێراق کرد بەهۆی بوونی بێکاری و قەیرانی ئابووریەوە، ڕێژەی گەنجە بێگات - تکریتیەکان بەزیادەوە لەبەرچاوبگرێت بۆ وەرگرتنیان لە سوپای عێراقدا. لەسەر داخوازی موخلیس لە کۆلیژە سەربازیەکانی شانشینی عێراقدا ژمارەیەکی زۆر لە بێگاتەکان وەرگیران و دواتر بۆنە ئەفسەری پلەدار لە سوپای عێراقدا. لەوانەش شەش کوڕ و برازای مەولود موخلیس بوونە پلەداری سەربازی کەدواتر ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە حیزبی بەعسدا و سەدام حسێن لە کاتی پاکتاوکردنەکەی حەردان تکریتیدا ئەوانیشی لە ناو برد.
یەکێک لەو ئەفسەرە بێگاتانەی ئاسەواری بە مێژووی ناوچەکە و عێراقەوە دەمێنێتەوە خەیروڵا توڵفاحە 1910-1993 کە دەکاتە هەم خاڵ و هەم خەزوری سەدام حسێن. خەیروڵا ئەفسەرێکی قەومچی توندڕەوی سەرسام بەنازیەکان بوو. بیرۆکەی دامەزراندن و هاندانی سەدامی خوشکەزای لە ڕێکخراوی (شەبیبە -لاوان) لە (لاوانی هیتلەر)ەوە وەرگرتبوو. لەبەر ئەوەی سەدامی لەمنداڵیەوە پەروەردە کردبوو، سەدام لەژێرکاریگەری خەیروڵادا بووە ئەندامی شەبیبەی بەعسیەکان کە حیزبێکی قەومچی عروبی (عروبە) بوون. ئەفسەری دووەمی کاریگەر لە بێگاتەکان لیوا ڕوکن ئەحمەد حەسەن بەکر 1914-1982 بوو. بەکر ئەفسەرێکی بەشداری کودەتای یەکەمی بەعسیەکان بوو لە 1963 دا. دواتر کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. لەپاش ئەوەی سەرۆک کۆماری ئەوکاتە عەبدولسەلام عارف بەعسیەکانی لەدەستەڵات دوور خستەوە، بەکریش لە دەستەڵات دوورخرایەوە لەپاش ماوەیەک زیندانکردن عەبدولرەحمان عارفی سەرۆک کۆمار ئازادی کرد.
1968 دا لەگەڵ سەدام حسەین دا کودەتایان بەسەر عەبدولرەحمان عارفدا کرد و کرایە سەرۆک کۆماری عێراق تا ساڵی 1979 و دواتر سەدام حسەینی جێگری بووە سەرۆک کۆماری عێراق تا 2003.
بێگاتەکان لە ساڵی 1968 ەوە دەستیان بەسەر دەستەڵات و هەموو جومگەکانی تری دەوڵەتی عێراقدا گرت. ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ زەواجی سیاسیدا، لە 1968 ەوە کەوتنە زەواجی کۆمەڵایەتیش لەناو خۆیاندا.
خەیروڵا توڵفاح، کچەکەی خۆی لە سەدام حسێن مارەکرد بوو. کوڕە خاڵەکەی سەدام، عەدنان خەیروڵا کرایە وەزیری بەرگری عێراق، کچەکەی ئەحمەد حەسەن بەکری مارەکرد. کچی دووەمی بەکر ژنی بەرزان تکریتی برای سەدام حسێن بوو. کچی سێهەمی شووی کردبوو بە تاهیر تۆفیق وەزیری پیشەسازی ع، کچی چوارەمیشی ژنی مونزیر موتڵەگ سەرۆکی دیوانی کۆماری سەردەمی بەکر بوو کە دەکاتە ئامۆزای ساڵەح موتڵەگی جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق.
ئەحمەد حەسەن بەکر لەپاش ئەوەی سەرۆک کۆماری لە 1979 دا بۆ سەدام حسێن جێهێشت. بنەماڵەی بێگات زیاتر دەستەڵاتی بنەماڵەکەیان لە عێراقدا فراوان کرد.
عەلی حەسەن مەجید ی ئامۆزای کردە وەزیری بەرگری و دواتر وەزیری ناوخۆ.
هەردوو کوڕەمامەکەی تری سەدام، حسێن کامل و سەدام کامل کە مێردی ڕەغد و ڕەنای کچی سەدامیش بوون لە 1996 دا بەفەرمانی سەدام کوژران. حسێن کاملی کردبووە وەزیری پیشەسازی عەسکەری و سەدام کاملیشی کردبووە لێپرسراوی سوپای گاردی کۆماری. ڕۆکانی ئامۆزاشیانی کردە لێپرسراوی کاروباری هۆزەکان لە عێراقدا.
بەرزانی برای سەدام ماوەیەک لێپرسراوی دەزگای موخابەراتی عێراقی بوو. عودەی کوڕی سەدامیش کچەکەی بەرزانی مارەکردبوو. پاشان بەرزان کرایە باڵوێزی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان - جنێف. بەرزانی ئامۆزاشیان کە برای ڕۆکانە کرایە جێگری لێپرسراوی گاردی کۆماری. وەتبانی برای سەدام کە ئەویش کچی خەیروڵا تولفاحی مارەکردبوو کرایە وەزیری ناوخۆ. ئیبراهیمی کوڕی وەتبان لەگەڵ ئەیمەن و عومەری سەبعاوی مامیاندا، سێ کەسی سەرەکی ناو داعش بوون، لە ڕووداوی سپایکەر 2014 دا، بەشداری سەرەکی کوشتاری خوێندکارەکانی کۆلیژی سەربازی بوون.سەبعاوی برای سەدام سەرۆکی دەزگای موخابەرات و دواتر بەڕێوەبەری ئەمنی عامەی عێراق بوو.
بنەماڵەی بێگات کارەساتبارترین قۆناغیان لە مێژووی عێراقدا تۆمارکرد کە زنجیرەیەکی بێکۆتایی کوشتن و خوێن ڕشتنی گەلانی عێراقی بە کورد عەرەبەوە لێکەوتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.[1]