بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق
بەشی حەڤدەهەم : بنەماڵەی تاڵەبانی
بنەماڵەی تاڵەبانی سەربەهۆزی زەنگەنەن. زەنگەنەکان هۆزێکی کوردی نیشتەجێ ی ماد دەشتی نزیک کرمانشاه بوون، دواتر بە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە. بەپێ ی شەرەفنامەکەی شەرەفخانی بەدلیسی و مێژووی کورد و کوردستانەکەی محەمەد مەردۆخ بێت ئەم هۆزە گەیشتوون بە سنووری ئەفغانستان ولە دەڤەری بلوجستاندا نیشتەجێ بوون.
تاڵەبانیەکان لەپاش ئەوەی دەچنە سەر تەریقەتی قادری، شێخەکانیان لەناوچەکانی گەرمیاندا : کفری، خانەقین، کەرکووک، چەمچەماڵ، دواتریش لە کۆیە و بەغدا تەکیەی تاڵەبانی دەکەنەوە وتیایدا نیشتەجێ دەبن.
باپیرانی تاڵەبانیەکان شێخ ئەحمەد ی شێخ مەحمود لەسەدەی شانزەهەمدا یەکەم جار لەگوندی تاڵەبانی نزیک چەمچەماڵ نیشتەجێ دەبێت و لەوێوە نازناوی تاڵەبانی وەردەگرێت نەوەکانی (شێخانی تاڵەبان) ی لێ دەکەوێتەوە. شێخ عەبدولڕەحمانی کوڕی شیێخ ئەحمەد کەدەکاتە باوکی شێخ ڕەزای تاڵەبانی 1835-1909(شاعیر)تەکیەی کەرکووک و بەغدا ئاوەدان دەکاتەوە، برەو بە تەریقەتەکەیان دەدات و مورید و لایەنگری لەدەور کۆدەبێتەوە. تا سەردەمی شانشینی عێراق شێخ عەبدوڵای کوڕی شێخ ڕەزا سەرپەرشتی تەکیەی بەغدا دەکات و نزیکایەتی لەگەڵ ماڵی پادشای عێراقدا دەبێت. شێخ حەسەنی کوڕی عەبدوڵای نەوەی شێخ ڕەزا چەندجارێک دەکرێتە وەزیر لە حکومەتەکانی کۆماری عێراقدا، وەزیری گواستنەوە 1959، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی 1963.
بنەماڵەی تاڵەبانی لە پارلەمانەکانی حکومەتی پادشایی و دواتر کۆماریدا چەندین جار دەبنە ئەندام پارلەمان : عەبدول وەهاب تاڵەبانی لە خولی هەشتەمی پارلەمان لە 1937 دا. فایەق تاڵەبانی لە خولی نۆهەم 1939 دا. لە خولی دەیەم جارێکی تر عەبدول وەهاب تاڵەبانی 1943 دا. خولی یانزەهەم فازیل تاڵەبانی لە 1947 دا. لە خولی دوانزەهەم جارێکی تر عەبدول وەهاب تاڵەبانی لە 1949 دا. لە خولی چواردەهەم حەبیب تاڵەبانی لە 1953 دا.
لە سەردەمی کۆماری عێراقدا تاڵەبانیەکان ڕۆڵی سیاسیان کاریگەرتر دەبێت. مکەڕەم تاڵەبانی حیزبی هیوا دادەمەزرێنێت لە 1939 دا، دواتر جیادەبێتەوە دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی شیوعی عێراقی و ماوەیەکیش سکرتێری حیزبەکە بووە. چەند جارێک دەکرێتە وەزیر لە حکومەتە کۆماریەکانی عێراقدا : 1972 وەزیری ئاودێری بووە. پاشان وەزیری گواستنەوە بووە تاساڵی 1977، لە 1991 تا 2003 ڕاوێژکاری سەدام حسێن بووە بۆ کاروباری کوردستان و نێوەندگیری لەنێوان حکومەت و هێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستاندا.
جەلال تاڵەبانی 1933-2017 دیارترین ناوی تاڵەبانیەکان و کاریگەرترینیان بووە لە سیاسەتی کورد و عێراقدا. زاوای دامەزرێنەری پارتی ژیانەوەی کوردستان و دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیبراهیم ئەحمەد 1914-2000 بوو. لە 1976 دا لەگەڵ شەش لە هاوڕێکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دادەمەزرێنێت. لە 2005 تا 2014 دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق. قوباد تاڵەبانی کوڕی مام جەلال تاڵەبانی دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. لاهور شێخ جەنگی برازای تاڵەبانی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانە. هەر لە بنەماڵەی تاڵەبانی، ئاڵا تاڵەبانی ماوەی دوو خولە ئەندامی پارلەمانی عێراقە. بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانە. بایز تاڵەبانی 1944-2018 وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان 2008- 2013 بووە. ڕێبوار تاڵەبانی لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامی و دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە. مامە ڕیشە 1955-1985 یەکێکە لە پارتیزانە ناودارەکانی کوردستان لەنەوەی تاڵەبانیەکانی چەمچەماڵ بوو.[1]