یەک لە دامەزێنەرانی خولی یەکەمی #خەڵاتی گەلە#.
یەکێکە لە کوردە ناودارەکانی بەریتانیا، ئەو لە شاری لەندەن دەژی، ئەو لەوێ بەردەوام چالاکی مەدەنی بۆ پشتگیری لە کوردستان دەکات، لە چەندین کەمپیندا دەیان هەزار دۆلاری وەکو پشتیوانی بۆ کوردانی لێقەوماو کۆکردووەتەوە.
عەتا موفتی، کوڕەزای #موفتی پێنجوێنی# شاعیری کۆچکردووی باشووری کوردستانە. ئێستا ئەو لەنێو کوردستانیانی بەریتانیا، زۆرتر بەهۆی خۆیەوە دەناسرێ. چونکە داینەمۆ و گوڕوتینی پشت زۆربەی چالاکییەکانی ڕەوەندی کوردی بووە لە لەندەن
لە دەیەکانی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، هەربۆنەیەکی تاڵ و شیرینی نەتەوەیی هەبووبێ، کوردانی نیشتەجێی بەریتانیای هێناوەتە سەر شەقام.. ئەو سازێنەری زۆربەی ئەو خۆپیشاندان و چالاکییانە بووە. چونکە هەرزوو درکی بەوەکردبوو کە باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان، چەند پێویستیان بە زیندوێتی ڕەوەندی کوردی هەیە.
عەتا موفتی ڕۆژنامەنووسیشە. لەلاپەڕەی ڕۆژنامەکانیشدا ناویبەسەر وتار و ڕاپۆرتەکانەوەیە. هەروا حەزیشی بە هونەر و چالاکی هونەریی هەیە. لەوانەیە میراتی خوێندەواریی باپیری بێ کە ساڵانێکی زۆر لە پێنجوێنەوە بە شیعری نیشتمانی و ئایینی و نەتەوەیی، خەڵکی بۆ وشیاریی هاندەدا.
لوکا، کەسێکی بەریتانییە و بەرێوەبەری چالاکیە هونەریەکانی تابێر ناکڵە لەبارەی عەتا موفتییەوە دەڵێ لە ساڵی 1997وە ڕێکخەری چالاکییەکانە، لە ساڵیادی ڕۆژنامە کوردییەکان توانی هاوکارییەکی باش بۆ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەکان کۆبکاتەوە.
تیمبێرک، کەسێکی دیکەی بەریتانییە و بەڕێوەبەری پرۆژەی پۆرتۆبیلۆ پۆپ ئەپ سینەما لە لەندەن دەڵێ زۆر خۆشبەختم عەتام ناسی، 7 ساڵە یەکدی دەناسین، زۆر شتی پێشانداوم، کە پێشتر نەمدەزانی، بەردەوام خەڵکی لە دەوری یەکدی کۆدەکاتەوە، ئەو دیبڵۆماتکارێکی تەواو سەرکەوتووە، خەڵک و کولتوور و نەتەوەکەی خۆشدەوێت، لەوەش تێگەیشتووە کە کولتوور نەتەوە یەکدەخات.
پێشرەو، چالاکوانێکی کوردە لە لەندەن دەڵێ ئەمڕۆ ڕۆژێکی ئاسایی نییە بۆ ئەو. لەهۆڵی ڕیجن پارک لەندەن کوردستانیان ڕێورەسمێکیان بۆ ڕێزگرتن لە ڕەوتی ژیانی ڕێکخستووە، بەتایبەت ئەوبەشەی لەنێو ڕێکخستن و جوڵاندنی ڕەوەندی کوردیدا بەسەری بردووە.
ئێستا زۆرتر لەهەرکاتێک کورد پێویستی بەوەیە دەنگی بگاتە جیهان بەهۆی ئەو گەمارۆیەی بەغدا خستوویەتیە سەری. هەموو ئەوانەش کە لێرەن، بەهۆی پشتیوانی گشتپرسی و ناڕەزایەتی هێرشەکانی سوپای عێراق، بەشێکی ساڵی 2017 لەسەر شەقامەکانی لەندەن بوون.