تەنها لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی، زیاتر لەنیوەی هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ڕابوردوو لەسنووری قەزای پێنجوێن ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراوە.
ئەحمە سەعید، بەرپرسی ڤێتێرنەری پێنجوێن ڕاگەیاند: بەپێی ئامارێک کە لەبەردەستدایە، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لەلایەن دانیشتوان و هاووڵاتیانی سنووری قەزای پێنجوێن و دەوروبەریەوە، نزیکەی 200 سەر ئاژەڵ لە (مەڕ و بزن و مانگا) بەمەبەستی قوربانیی جەژن سەربڕدراون.
وتیشی: هەروەها نزیکەی 30 جگەری ئەو ئاژەڵانەی کە کرابوونە قوربانی، دوای پشکنین فڕێدراون، چونکە لە ڕووی تەندروستییەوە بۆ خواردن نەشیاو بوون و زیانیان هەبووە.
روونیشیکردەوە: بۆ ڕۆژانی جەژن لەکاتژمێر 8.30ی بەیانی تا 1ی دوانیوەڕۆ، لەکوشتارگەی پێنجوێن، لەلایەن پزیشکانی ڤێتێرنەرییەوە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەین و پاشان ڕێگە دەدەین کە بکرێنە قوربانی، ئەگەر هیچ گرفتێکی تەندروستییان نەبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی ساڵی 2018دا، تەنیا 300 سەر ئاژەڵ کراونەتە قوربانیی و ئەوەش بەراورد بەتەنیا یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵ، کەمترە.[1]