بەپێی ئامارێک لە ساڵی 2018 و شەش مانگی یەکەمی 2019، چواردە هەزار و 369 گرێبەستی هاوسەرگیری هەڵوەشێندراوەتەوە و لەم جیابوونەوەیەشدا پشکی زۆرتر لە پارێزگای سلێمانی بووە و کەمترینیشی لە پارێزگای دهۆک بووە.
لە ئامارێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم کە بەتایبەت دەست دواڕۆژ کەوتووە: لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی 2019دا پێنج هەزار و 147 گرێبەستی هاوسەرگیری هەڵوەشێندراوەتەوە بە جۆریک لە هەولێر دوو هەزار و 53، لە سلێمانی دوو هەزار و 434، لە دهۆک 690.
بەپێی ئامارەکە: پارێزگای دهۆک کەمترین ڕێژەی جیابوونەوەی بەرکەوتووە و سلێمانیش زۆرترین ڕێژەی جیابوونەوەی بەرکەتووە، پارێزەرێکیش پێی وایە هۆکاری کەمی جیابوونەوە لە دهۆک بۆ زاڵبوونی کلتوری عەشایەری و زۆری ڕێژەی مارەیی دەگەڕێتەوە.
پارێزەر عەدنان شاکر، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەپێی ئەوەی چوار ساڵ لە پارێزگای دهۆک خوێندوویەتی شارەزای ڕەوشی کۆمەڵایەتی ئه و پارێزگایە بووە و ڕەوشی کۆمەڵایەتی لە دهۆک جیاوارە لەگەڵ هەولێر و سلێمانی، لەوێ مەسەلەی دابونەریت زاڵە و پێیان وایە عەیبەیە ژن لە پیاوەکەی جیاببێتەوە، پرسێکی تر مەسەلەی قورسکردنی باری ئابوری و مارەییە لەسەر پیاوەکە کە لە بادینان هەرکاتێک کورێک بیەوێت ژن بهێنێت مارەیی زۆر لەسەر زاوا دادەنێن و وەک نەریتێکیش زێڕێکی زۆر بە زاوا دەکڕن، ئەم هۆکارانە وایان کردووە له و پارێزگایە ژن و مێرد کەمتر لەیەک جیا ببنەوە.
وتیشی: ڕۆژانە لە کاتی پیشەی پارێزەرایەتی کە چەندین کەیسی کێشەی ژن ومێردم لایە و هەندێکیان لەیەک جیادەبنەوە و بەشێکیشی چارەسەر دەبێت و ژن ومێردەکە ئاشت دەبنەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەی کوردی زیاتر بەهۆی لەیەک حاڵی نەبوونە و جیاوازی تەمەنی زۆرە و لایەنی ئابوریش هۆکارێکی دیکەیە کە وا دەکات ژن و مێرد لەیەک جیاببنەوە.
ئاماری تەواوی 12 مانگی ساڵی 2018 بڵاودەکاتەوە و بەپێی ئامارەکەش لە ساڵی ڕابوردوودا نۆ هەزار و 192 گرێبەستی هاوسەرگیری هەڵوەشێندراوەتەوە بەجۆرێک لە هەولێر سێ هەزار و 598، سلێمانی چوار هەزار و 85، دهۆک هەزار و 509.
ئەمەل جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە ساڵی ڕابوردوو بەراورد بە 2017 و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ڕێژەی جیابوونەوە زیاترە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە باری ئابوری هەرێم بەراورد بە ساڵانی پێشووتر لە 2018دا زۆر باشتر بووە، بەڵام ئه و ڕەوشە خراپەی بەسەر هەرێمدا هات وایکردووە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بمێنێت و لە ئێستاشدا دوو پرسی گرنگ بوونەتە هۆکاری زۆرترین لەیەک جیابوونەوە، ئەوانیش لەیەک تێنەگەیشتن و ئارەزووەکانە کە هەردووکیان بۆ هەردوو ڕەگەزەکە پێویستن.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان دەشڵێت: پرۆژەیەکمان هەیە لە ئێستادا خستوومانەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش بەر لە ئەنجامدانی مارەبڕین پێویستە کچ و کوڕ خولی ڕاهێنان ببینن و بۆ ئەوەش لە دادگاکان وانەی تایبەت هەیە هەفتانە پێشکەش دەکرێت کە پێویستە کۆمەڵگەی کوردی بایەخ به و جۆرە بابەتانە بدات، چونکە زۆربەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکان لە تەمەنێکی زوودا دەکرێن و پێویستیان بە تێگەیشتن و حاڵیکردن هەیە لە ژیانی ژن و مێردایەتی.
بەبۆچوونی توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش جگە له و کێشانەی باس دەکرێن کە هۆکارن بۆ جیابوونەوەی ژن ومێرد، دەستێوەردانی کەسانی نزیکی ژنەکە و پیاوەکەش هۆکارن بۆ لەیەک هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری.
بێریڤان خۆشەوی، توێژەری کۆمەڵایەتی لە هەولێر بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو: هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ دروستبوونی کێشە لە نێوان ژن و مێرد، یەکێک لەوانە دەستێوەردانی کەسی سێیەمە و هانی لایەنێک دەدات لە دژی ئەوەکەی تر، ئەمەش وادەکات نەتوانرێ کێشەی ژن و مێرد چارەسەر بکرێت کە چەندینجار لەکاتی ئاشتەوایی ئەم حاڵەتە زاڵ بووە بەسەر پرۆسەی ئاشتکردنەوەی ژن و مێرددا.
ئاماژەی بەوەشکرد: یاسای توندوتیژی خێزانی وەک پێویست کاریگەری نەبووە لەسەر کێشەکانی خێزان، چونکە زۆربەی ئه و پیاوانەی کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکەن لە دوای ئەوەی کەیسەکە دەگاتە دادگا وەک پێویست سزای پیاوەکە نادرێت و ژنیش هەیە هۆشیاری کەمە و دوای ئەوەی مێردەکەی ئازاری دەدات یان مافی پێشێل دەکات ناچێت لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات.[1]