لەم ڕۆژانەدا میدیاکانی دەسەڵات و بە تایبەت میدیاکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، بە هەمو جۆرێک کار لە سەر تەخوینکردنی #پەکەکە# دەکەن. هەوڵی ئەوە دەدەن لە زهنیەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دا ئەو وێنەیە بچەسپێنن، کە پەکەکە هێزێکی تیرۆریستییەو هۆکاری هێرشەکانی تورکیایە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە بەرمبەردا هەوڵی ئەوەش دەدەن ڕەوایەتی بە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بدەن.
ئەم پەیام و بانگەشە میدیایە ڕێکخراوانە، ئاماژەن بۆ بونی هەماهەنگیەکی هەوڵگری و میدیای و سەربازی ورد لە نێوان هەرێم و تورکیا دا. وا بڕوات دور نیە لە هەنگاوەکانی داهاتودا دەسەڵاتدارانی هەرێم لەوە سڵ نەکەنەوە ڕاستەوخۆ هێزەکانی پێشمەرگە بخەنە خزمەت ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا. واتە بە دور نازانرێ شەڕی کورد-کورد بەرپا بکرێت.
شەڕی دەسەڵاتدارانی تورکیا دوو لایەنەیە لە ئاستێکدا شەڕی دەسەڵاتخوازیە، لەم ڕوەوە دەستێوەردانەکانی بۆ کاروباری وڵاتانی نزیک و دور بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن. لە ئاستێکی تردا شەڕی کورد وەک نەتەوە دەکات، نایەوێت لە هیچ شوێنێکی ئەم سەرزەمیەنەدا نەتەوەی کورد بونێکی فەرمی و خاوەن کەرامەتی هەبێت. بۆ سەرکەوتنی لە هەردو ئاستەکاشدا کەڵک لە هەمو ئامرازێکی وەردەگرێت، بە پشتگیریکردن و پڕچەککردنی گروپە تیرۆریستیەکانیشەوە.
گەر لە کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێمدا نەوت خاڵی هاوبەشی سەرەکی کاری پێکەوەیی نێوان هەرێم و تورکیا بوبێت، وا دیارە لەم کابینەیەدا ڕوبەڕوبونەوەی پەکەکە ئەو خاڵە هاوبەشەیە. بەڵام لە هەردو قۆناغەکەدا ئەجێنداکە تورکیە، قوربانیەکە کوردە.
ئەو گەمارۆدان و گوشارە توندەی کە زیاتر لە (دە) ڕۆژە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی هەرێمەوە لە سەر کوردە ئاوارەکانی تورکیا لە کامپی (مەخمور) دانراوە مایەی شەرمەزاریە. ئەو بێدەنگیە مەترسیدارەی لە ئاست هێرش و داگیرکاری هەرێمی کوردستان، لای پەرلەمان و حکومەت و حیزبەکان و هاوڵاتیان هەیە هیچ پاساوێکی نیە. چەند هەڵوێستێکی خۆپەرستانەو خەمناکە کاتێک دەبیستین و دەبینین بەشێک لە سیاسیەکان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و پەرلەمانی و ڕۆشنبیران و میدیاکارانیش لە بەر ئەوەی دەرگای گەشتی هاوینە هەوارەکانی تورکیایان بە ڕودا دانە خرێ ئامادە نین هەڵوێستێکیان هەبێ!
لەم کاتەدا هەموان لە ناو شۆکی ئەو وێنانەداین کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوەوە بەرچاومان دەکەون؛ وێنەی جینۆساید، وێنەی هەوڵەکانی سڕینەوەی نەتەوەیەک. ئەوەی ئێستا تورکیا دەرحەق بە ئینسان و خاکی کوردستانی دەیکات هەمان شتە؛ هەمان عەقڵیەتە، عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی، سڕینەوەی کورد وەک نەتەوە، سوتاندنی کوردستان وەک نیشتیمان. لەم سۆنگەیەوە دەبێ بپرسین؛ ئایا لە داهاتوی نزیکدا دەبێ هەڵوێست و ڕۆڵی هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بە چ ئاقارێکدا بڕوات؟ ئایا ئەمانیش ڕۆڵی جاش و مستەشارەکان سەردەمی بەعس بۆ تورکیا دەگێڕن یان ڕۆڵێکی بەرپرسانە؟
هێشتا ڕون نیە لە گریمانەی شەڕ لە قۆناغێکی فراوانترو چڕ تردا چی دەبێت؟ بەڵام بەرپرسیارێتی مێژویی و ئینسانی و نەتەوەیی ئەوەیە نەک نەبنە بەشێک لە شەڕ، بەڵکو دەبێت چ پارتی چ یەکێتی و تەنانەت گۆڕان و هێزەکانی تریش لە لایەک هەوڵی ڕاگرتنی شەڕو هێرشەکان بدەن، لە لایەکی ترەوە لە سەر بنەمای پێکەوە ژیانی ئازادانەو دیموکراتیانەی نێوان هەمو نەتەوەو پێکهاتەکان هەوڵی چارەسەری کێشەکان بە ڕێگای ئاشتی و گفتوگۆ بدەن. لەم ڕوەوە دکتۆر #بەرهەم ساڵح# وەک سەرۆک کۆماری عێراق زیاتر لە هەموان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیەو دەتوانێ ڕۆڵێکی گەورەی مێژویی بگێڕێت.[1]
عەبدوڵای مەلا نوری