لە ماوەی دوومانگدا دەوڵەتی تورک 50 جار بە تۆپ و فڕۆکە هێرشی کردووەتە سەر 44 شوێن لە باشوری کوردستان و لە ئەنجامی هێرشەکانیشدا پێنج هاوڵاتی شەهید و 16ی دیکەش بریندار بوون، لە ماوەی یەک ساڵیشدا 16 گوند و ناوچەی برادۆست داگیرکراون.
ڕۆژی 27/5/2019 دەوڵەتی تورک هێرشی چنگ-ی بەئامانجی داگیرکردنی ناوچەی خواکورک و برادۆست لە سنووری پارێزگای #هەولێر# دەستپێکرد و لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆ 50 جار بە فڕۆکە و تۆپ هێرشی کردووەتە سەر برادۆست و #قەندیل# و بادینان.
لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەدا دەوڵەتی تورک دەستی بە بۆردوومانی چڕی ناوچەکە کرد و بۆ ئەو بۆردوومانەش 30 کۆپتەری بەکارهێنا، لە کاتژمێر 06:00 تا 08:00ی ئێوارە بێ ناوبڕ بۆردوومانی دەورووبەری چەمی لۆلان و چیای شەکیف-ی کرد، لەدوای بۆردوومانەکەش ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە چیای شەکیف دابەزاند.
بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهیدبوو
ڕۆژی #04-06-2019# لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا گەنجێکی ئێزدی، بەناوی ئەمین ساڵح، کە کۆچبەری سنووری #زاخۆ#یە و لە باخێکی سنوورەکەیدا کاری کردووە، بە دەستڕێژی گوللەی سەربازانی تورک گیانی بەختکرد.
ڕۆژی #05-06-2019# فڕۆکە جەنگییەکان گوندی مێرگەڕەش-یان لە برادۆست بۆردوومان کرد و ئاگر کەوتەوە، بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە سێ پێشمەرگەی پارتی شوێنی بۆردوومانەکە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکان دووبارە دەستیان بە بۆردوومان کردەوە و هەر سێ پێشمەرگەکەیان بریندار کرد و یەکێکیان قاچێکی لەدەستدا، دووان لە پێشمەرگەکان برا و ئەوی دیکەشیان ئامۆزایان بوو.
هەوڵە داگیرکارییەکانی تورکیا زیاتر بوون، ئەگەرچی پێشتر لەڕێگای داردەستەکانییەوە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و خەڵکی ناوچەکەدا کۆبووەوە و هەوڵی دابوو بە پارە قایلیان بکات تا سیخوڕییان بۆ بکات، ئەمجارەش لە مانگی حوزەیرانەوە دەستیکرد بە فشارخستنە سەر هاوڵاتیان بۆ ئەوەی لەژێر ناوی شاخەوانیی لە ناوچەکە بگەڕێن و شوێنی مانەوەی گەریلاکانی #هەپەگە#-یان پێی بلێین.
ڕۆژی 10/6/2019، مەراسیمی سوێندخواردنی #نێچیرڤان بارزانی# وەک سەرۆکی هەرێم لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، مەولود چاوشئۆغڵو، ئامادەی مەراسیمەکە بوو، لەگەڵ خۆشییدا دیاریی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هێنا، ئەویش تۆپباران و بۆردوومانی گوندەکانی بێرکم و خەلیفان و سیران بوو لە برادۆست، هەروەها سەرنجڕاکێشە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، کە لە کارنامەی مەراسیمەکەدا هەبوو، بەهۆی ئامادەبوونی چاوشئۆغڵۆوە لابرا، ئەمەش ڕەخنە و نیقاشێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕۆژی 12/6/2019 فڕۆکەجەنگییەکان، گوندەکانی گوهەرز، ناوەندی گوندەکانی سەرگەل و کانێ-یان بۆردوومان کرد، کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکیی نێوان #دهۆک#، #ئامێدی#، شیلادزێ و دێرەلۆک، هەروەها ڕێگای چوونە ناوەوەی ناوچەی ئامێدی-یان بۆردوومان کرد و لەو سێ شوێنەی کە بۆردوومان کرا، زیانێکی زۆر گەیشتووەتە ماڵ ومۆڵکی هاوڵاتیان، هەروەها لە ڕێگای چوونە ناوەوەی ناوچەی ئامێدی بەنزینخانەیەک و ناوەندی تۆڕی ئاویش کرایە ئامانج.
ڕۆژی 26/6/2019 لە ناوچەی گۆشینە، لە دەڤەری برادۆست، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیەکی مەدەنیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بەناوی مەنسور، گیانی بەختکرد و هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی پێشۆ، برینداربوو، کە هەردووکیان برا و دانیشتووی شارۆچکەی #سۆران# بوون، هەر لەو بۆردوومانەدا دوو هاوڵاتی دیکە برینداربوون.
ڕۆژی دواتریش لە لۆفەکانی کورتەکی بناری قەندیل دەوڵەتی تورک کوێرانە دەستی بە بۆردوومان کرد و دوو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی مەدەنیی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتیی شەهید و پێنجی دیکە برینداربوو، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزان بوون.
دوای ئەو کۆمەڵکوژییە و شەوەکەی هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورک ژمارەیەکی زۆر سەربازییان بردە بنکەی سەربازیی سیرێ لە شیلادزێ و ڕۆژی 28/6/2019 ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەربازیی کە تێیاندا چەکی قورسیش هەبوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆر سەرباز ڕەوانەی بارەگای سەربازیی گردی بێی سەربە بێگۆڤا لە زاخۆ کراون.
ڤیدیۆی جموجوڵی هێلیکۆپتەرەکان لەلایەن هاوڵاتیانی شیلادزێ-وە تۆمارکران، کە هەر لەو ڤیدیۆیانەدا هاوڵاتیان ناڕەزایەتی خۆیان لە سوپای تورک دەردەبڕی.
ئێوارەی 18ی تەمموز فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆردوومانی گوندی سپیندار-ی سەر بە شارۆچکەی ئامێدیان کرد و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.
شەوی دواتریش بۆردوومانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی-یان کرد لە شارۆچکەی مەخمور و لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتیی بریندار بوون.
لە ماوەی ئەم دوومانگەدا و سەرەرای ئەو هەموو هێرشە دژوارە و شەهیدبوونی پێنج هاوڵاتی و برینداربوونی 16ی دیکە، کەمترین هەڵوێست لەلایەن حزب، حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە نیشان دراوە، حکومەتی هەرێم دوای سێ ڕۆژ لە کۆمەڵکوژیی کورتەک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لەجیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکە ڕایگەیاند:حکومەتی هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکات و ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنەسەر و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت و به و هۆیەوە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە.