دەزگای شەهیدانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی 23-07-2019 گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سەماوە هەڵدراوەتەوە، کە ڕوفاتی قوربانیانی ئەنفالی کوردی تێدایە.
دەزگای شەهیدانی عێراق بڵاویکردەوە، بەیانی ڕۆژی سێشەمە 23-07-2019 دەستکراوە بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی کورد لە سەماوە، و زیاتر لە 80 ڕوفات لەناو ئەو گۆڕە دابون، کە هەمویان ژن و منداڵن.
منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان ساڵێک بۆ دو ساڵدایە و ژنەکانیانیش زۆرینەیان تەمەن لە چلەکاندایە
ئاماژەی بەوەکردوە، منداڵەکان تەمەنیان لە نێوان ساڵێک بۆ دو ساڵدایە و ژنەکانیانیش زۆرینەیان تەمەن لە چلەکاندایە، هاوکات دو گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵیش لەنزیک هەمان گۆڕ هەن کە دوای ڕێکارە یاساییەکان هەڵدەدرێنەوە.
هاوکات فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ لە سەماوە هەڵدرایەوە لەکۆی ئه و سێ گۆڕە بە کۆمەڵەی کە ئەمساڵ له و سنورە دۆزرانەوە.
یەکەم گۆڕ کە هەڵدراوەتەوە نزیکەی 100 ڕوفاتی تێدابوە، کە پێشبینی دەکرێت ئه و ڕوفاتانە خەڵکی #گەرمیان# بن
وتیشی، یەکەم گۆڕ کە هەڵدراوەتەوە نزیکەی 100 ڕوفاتی تێدابوە، کە پێشبینی دەکرێت ئه و ڕوفاتانە خەڵکی گەرمیان بن بەپێی قۆناغەکانی ئەنفال و کەش و هەوای ئەوکاتی پرۆسەی ئەنفال.
ئێستا قۆناغی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە، لە قۆناغی دواتر ڕوفاتەکان دەبردرێنە پزیشکی دادوەری بۆ ئەوەی پشکنینی (DNA) یان بۆ بکرێت
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوەشی خستەڕو، ئێستا قۆناغی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە، لە قۆناغی دواتر ڕوفاتەکان دەبردرێنە پزیشکی دادوەری بۆ ئەوەی پشکنینی (DNA) یان بۆ بکرێت، دوای تەواوبونی پشکنینەکانیش لە مەراسیمێکی شایستەدا دەهێنرێنەوە، هەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێن.
فواد عوسمان ڕونیکردەوە، دیمەنی هەڵدانەوەی ئه و گۆڕە بە کۆمەڵەی زۆر تراژیدیە و ئه و تاوانە سنورەکانی هەمو تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی تێپەڕاندوە، هەندێک منداڵ لە باوەشی دایکیان زیندە بە چاڵ کراون.[1]
#23-07-2019#