لە پرسەکەیدا هەموویان تاساون، فرمێسک لە چاوەکانیان دەبارێت، چونکە ژیانی قوربانیەکە جیاوازە و هەر کەسێک ئاگاداری چیرۆکی ژیانی بووبێت خۆشەویستیەکی زۆری بۆی هەبووە، ئەو پرسەیەش پرسەی (خەندە)ی تەمەن 15 ساڵانی دانیشتوی قەزای ڕانیەیە.
شەوی چوارشەمە 17 ی تەمموزی 2019، لە قەزای ڕانیە کچێکی تەمەن 15 ساڵ بەناوی (خەندە حوسێن) خوێندکاری قۆناغی پۆلی نۆیی بنەڕەتی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، کەسێکی نزیکی ئه و قوربانیەش دەڵێت: پێدەچێت هۆکاری خۆکوشتنەکەی بەهۆی زانینی چیرۆکی یەکەم شەوی هاتنە دونیایەوە بووبێت.
خەندە، لە یەکەم شەوی تەمەنی لەبەردەم دەرگای مزگەوتێک دەدۆزرێتەوە
(ڕ، م) کەسێکی نزیکی خەندەیە و ئاگادارای وردەکاری ژیانی بووە، لەباسی چیرۆکی ژیانی خەندەدا بۆ دواڕۆژ وتی: بەر لە 15 ساڵ، لەکاتی چوون بۆ نوێژی بەیانی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەبەردەمی مزگەوتێک لە ڕانیە، دەبینێت منداڵێکی بچوکی تەمەن یەک شەوە دانراوە، دواتر ئەو کەسەی خێزانەکەی بە ئاگاداری خەڵکی مزگەوت و مامۆستای مزگەوتەکە منداڵەکە دەهێنێتە ماڵەوە و بڕیاردەدەن، ئەو منداڵە بەخێوبکەن.
بەوتەی، (ڕ، م) پاشان ئه و خێزانە پۆلیس و دادگایان لەو ڕووداوە ئاگادارکردووەتەوە، دادگا بڕیاریداوە، لەڕووی یاساییەوە ئەو منداڵە کچەیان پێ ببەخشێت، لە دادگا ناوی دەنرێت (خەندە) و لە پێناسی کەسی واتا (نفوس)یش دەخرێتە سەر خێزانەکەی ئەوان.
خەندە نهێنی چیرۆکی ژیانی خۆی نەدەزانی، پێدەچێت هۆکاری ڕووداوەکەش زانینی چیرۆکی ژیانی بوو بێت
(ڕ، م) زیاتر باسی چیرۆکی ژیانی خەندە دەکات و ڕونیدەکاتەوە بەهۆی ئەو چیرۆکە تایبەتیەی ژیانی، هەموویان خەندەیان زۆر خۆشویستووە، هەموو پێداویستیەکانی ژیانیان بۆ دابینکردبوو، هەموو ئەوانەی خەندەیان دەناسی خۆشیان دەویست و مامەڵەیەکی تایبەتیان لەگەڵ دەکرد، بۆ ئەوەی هەرگیز خەندە هەست بە کەمی ژیانی خۆی نەکات.
دەشڵێت: خەندە ئاگاداری چیرۆکی ژیانی خۆی نەبوو، هیچ کەسێک ئەو نهێنیەی بۆ نەدرکاند، خێزانەکەشی نەیان ویستووە ئەو ڕاستیە بزانێت، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابوردووشدا دایک و باوکی یاخود هیچ کەسێک لە بنەماڵە ڕاستەقینەکەی دەرنەکەوتون و سۆراخی خەندەیان نەکردووە.
ئاماژە بەوەشدەکات: ئێوارەی ڕووداوەکە خەندە دۆخی دەروونی زۆر جێگیر بووە، تەنانەت خۆی ئامادە کردووە بۆ بەیانی ڕۆژی داهاتوو بەمەستی کڕینی هەندێک پێداویستی خۆی لەگەڵ چەند کەسێکی ئەندامانی خێزانەکەی بەرەو شاری هەولێر سەفەر بکات هەموو شتێک بەخۆشی ڕۆیشتوووە بەڕێوە، بەڵام لەناکاو دەنگی تەقەیەک هاتووە، کە بەداخەوە دواتر دەرکەوتووە لەناو ماڵی خۆیان خەندە کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئه و کەسە نزیکەی خەندە نایشارێتەوە کە گوماندەکەن هۆکاری ڕووداوەکە زانینی نهێنی ژیانی بێت لەلایەن خەندەوە و دەڵێت: گومان دەکەین ئەو شەوە لەناکاو نهێنی چیرۆکی ژیانی خۆی زانیبێت و بڕیاری خۆکوشتنی دابێت. جگە لەو هۆکارە خەندە هیچ گرفتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی نەبوو، ژیانی لەزۆربەی کچانی تری بنەماڵەکەی خۆشتر بوو نازێکی زۆریش پێ درابوو.
گوللەیەک بەر سەری خەندە کەوتبوو
محەمەد عەبدوڵا، بەڕێوبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی ڕانیە لەبارەی وردەکاری زیاتری ڕووداوەکەوە ڕاگەیاند: شەوی چوارشەممە (خەندە) بە برینداریەکی سەختەوە گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان، فیشەکی دەمانچە بەر سەری کەوتبوو، دوای ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتای، بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتی سلێمانیمان کرد، بەڵام بەداخەوە لە ڕێگادا پێش گەیشتنی بە شاری سلێمانی بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لە دەستدا.
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕەتیدەکاتەوە باس لە وردەکاری زیاتری ڕووداوەکە بکات، بەڵام بەگوێرەی وتەی شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بۆ دواڕۆژ ڕوداوەکە تاوانکاری نیە و هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە، پۆلیس دۆسییەی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووەتەوە.[1]