وەزیری نوێی دارایی یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی ئەنجامدا و بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو کارنامەی وەزارەت ئامادەبکرێت و بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
(ڕۆژی پێنجشەممە 18ی تەمموزی 2019) بە سەرپەرشتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری نوێی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، لە دیوانی وەزارەت یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری، سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی پێویستی بۆ ئامادەبووان دا و ڕایگەیاند: پێویستە وەزارەتمان خاڵە پەیوەندیدارەکانی ئەو بەرنامەیە بکاتە چوارچێوەی گشتی کاری داهاتووی خۆی، لەپاش ئامادەکردنی و ناردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی پەسەندکردن.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت ڕاو سەرەنجی خۆیان لەسەر تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و کارنامەکە خستەڕوو: بڕیاردرا لە هەفتەی داهاتوو کارنامەی وەزارەت گەڵاڵە بکرێ و بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.[1]