ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نەرویج لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردەوە، (15ی تەموزی 2019) دادگای ئیتالیا بە تۆمەتی تیرۆر، 12 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر مەلا کرێکاردا سەپاند.
برینجار میلینج پارێزەری مەلا کرێکار حوکمەکەی دادگای بە یەکێک لە حوکمە توندەکان ناوبرد و ڕایگەیاند، بڕیاری دادگا نادادپەروەرانە و زیادەڕەویی زۆری تیا کراوە.
دوای زنجیرەیەک دواخستن، ئەمڕۆ جارێکی تر دادگای پێداچوونەوەی شاری بولزانۆی ئیتاڵیا پرۆسەی داگایکردنی مەلا کرێکاری بەڕێوە برد، لە کاتی دادگایکردنەکەدا داواکاری گشتی داوایکرد سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بسەپێنرێت بەسەر مەلا کرێکاردا، دواتر دادگا بڕیارەکەی بە 12 ساڵ زیندانی دەرکرد.
پارێزەرە نەرویجییەکەی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە دادوەرەکان ڕەتیکردووەتەوە مەلا کرێکار باس لە کێشەکەی بۆ دادگا بکات و پارێزەرێکی ئیتاڵیشی بۆ خۆی گرتووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە پەیوەندیی پێوە بکات، جگە لەوەش ڕێگەی نەدراوە هیچ جۆرە پرسیارێک بکات لەکاتی دادگاییکردنەکەدا.
پارێزەرە نەرویجییەکەی لە زاری پارێزەرە ئیتاڵییەکەیەوە ڕایگەیاند، کرێکار ژمارەیەک بەڵگەی پێبووە بۆئەوەی پێشکەش بە دادگای بکات، بەڵام بواری نەدراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی نەرویج هەموو بەڵگەنامەیەکی سەفەر پێشکەش بە کرێکار دەکات، بۆئەوەی سەردانی ئیتاڵیا بکات بە مەبەستی دادگاییکردنی، بەڵام ڕێگە نادەن کرێکار ئەو گەشتە بکات، ئەگەر دڵنیایی نەدرێت لەوەی ڕادەست ناکرێتەوە بە وڵاتی سێهەم.
پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەش کرد، دادگای ئیتاڵیا، لەگەڵ دادگاییکردنەکەی مەلا کرێکاردا تۆمەتی ئاراستەی پێنج کەسی دیکەش کردووە، بەڵام ئاماژەی بە هیچ وردەکارییەکی ئەو کەسانە و تۆمەتەکانیان نەکرد.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا مەلا کرێکار تۆمەتەکانی دادگای نەرویجی ڕەتکردەوە، کە تۆمەتبار کرابوو بەوەی دەیەوێت خەلافەتێکی ئیسلامی لە کوردستان دابمەزرێنێت.
بە وتەی داواکاری گشتیی ئیتاڵیا، مەلا کرێکار لەپشت تۆڕی ڕەوتی شاخە کە هەوڵدەدات لە ڕێگەی توندوتیژییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوخێنێت و لە شوێنی خەلافەتێکی ئیسلامی توندڕەو شوێنی بگرێتەوە، بەڵام مەلا کرێکارە ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.
ماوەی پێنج ساڵە دادگای ئیتاڵیا دەیەوێت لەسەر چەند تۆمەتێکی جیاواز مەلا کرێکار، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام، دادگایی بکات.
دادگای ئیتاڵیا 26 هەزار لاپەڕەی لەسەر دۆسیەکە ئامادەکردووە و ئەو کاتە لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی مەلا کرێکار بەشێک لەو تۆمەتانەی خستەڕوو کە ئاڕاستەی کراون.
مەلا کرێکار ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە تۆمەتەکان ئەوەیە کە دەیەوێت عەلمانییەت لە کوردستان بگۆڕێت و خیلافەتی ئیسلامی دروستبکات.
ئەو کاتە مەلا کرێکار ڕایگەیاندبوو، ئەو تۆمەتانەی دادگای ئیتالیا ڕەتدەکاتەوە وئامادەیە بچێتە بەردەم دادگای ئەو وڵاتە، ئەگەر گیانی پارێزار و بێت و ڕادەستی وڵاتی سێهەم نەکرێتەوە.
مەلا کرێکار چەندین ساڵە لە وڵاتی نەرویج وەک پەنابەر دەژی و تا ئێستاش چەندین جار لەسەر دۆسیەی جۆراوجۆر زیندانی کراوە و دادگاش بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردووە.
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار، تا ئێستا 62 جار دادگایی کراوە و 41 تۆمەتی جیاوازی ئاراستەکراوە و بەهۆیەوە چەندجارێک زیندانی کراوە، تا ئێستاش ناوی لە لیستی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و لەلایەن بەرپرسانی یەکێتییەوە، تۆمەتبارکراوە بەوەی دەستی هەبووە لە کوشتنی 40 پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە گوندی خێڵی حەمە لە مانگی ئەیلولی 2001دا.