ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ دوو پلان جێبەجێ دەکات یان باج دەخاتە سەر بەروبوومی هاوردەکراو یان هاوردەکردن قەدەغە دەکات.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو: لە ساڵی 2017دا 901 هەزار و 157 تۆن بەروبوومی خۆماڵی بەرهەمهاتووە، 504 هەزار و 499 تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی هاوردەکراوە.
ساڵی 2018 بڕی 691 هەزار و 843 تۆن بەروبوومی خۆماڵی بەرهەمهاتووە، بڕی 550 هەزار و 455 هەزار تۆن هاوردەکراوە. هەر بەپێی ئامارەکان زۆرترین بەروبووم لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە هاوردەکراون.
ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابوردوو ڕێژەی بارانبارین زۆرتر بووە، ئەمەش وەک جوتیاران دەڵێن کاریگەری هەبووە لەسەر زیاتر بوونی بەروبوومەکانیان.
هاشم ساڵح، جوتیارێکی خەڵکی گوندی گاینجە لە دەشتی هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت: ئەمساڵ تەنیا خەیار و تەماتەم چاندووە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو بەرهەممان 20% زیادیکردووە، بەڵام ئەوەی کە ڕەنج و ماندووبوونی زیاتر کردین ئەوەیە نرخی بەروبوومەکانمان زۆر کەمە و حکومەتیش بێدەنگە.
دەشڵێت: ساڵی ڕابوردوو تەنیا 5 دۆنم زەویم داچاندبوو، ئەمساڵ 15 دۆنمم داچاند، بەڵام لەبری قازانجی زیاتر بەڵکو لەچاو پار ساڵ زۆر کەمتر قازانجم کردووە.
ئەو جوتیارە باس لەوەش دەکات: کە تەماتە و خەیاری وڵاتان کە تامیشی وەک هی خۆماڵی خۆش نییە کەچی نرخی گرانترە، بۆیە پێویستە حکومەت سنورێک دابنێت بۆ بەروبوومی هاوردە.
جەلیل شێخە، جوتیارێکی دیکەیە ئەمساڵ بڕێکی زۆر شوتی چاندووە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: حکومەت دەبوو پێش پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ هاوردە ڕابگرێت نەک کە پێگەیشت، چونکە هەزاران تۆن هاوردە کرا ئەمەش وایکرد شوتی خۆماڵی ئەو پارەیە نەکات کە قازانجێکی باشی لێبکەین.
دەشڵێت: حکومەت بێ بەرنامەیە و هیچ پاڵپشتییەکی نییە بۆ جوتیاران، سەیری وڵاتان بکە بەباشترین شێوە پاڵپشتی جوتیاران دەکەن، بۆیە بەهەر نرخێک بەرهەمەکانیان بفرۆشن زیان ناکەن.
وەزارەتی کشتوکاڵ دوای ساڵی 2013 ئەو پاڵپشتییەی ڕاگرت کە بە جوتیارانی دەدا ئەویش پێشینەی کشتوکاڵی بوو، دوای ساڵی 2015 پێدانی پەین و دەرمانی قڕکەریشی ڕاگرت.
حوسێن حەمە کەریم، بەڕێوەبەری باخداری بۆ دواڕۆژ ڕایگەیاند: ساڵانی پێش قەیران حکومەت پاڵپشتی تەواوی جوتیارانی دەکرد، بەڵام ئاشکرایە قەیرانی دارایی ئەوەی نەهێشت.
وتیشی: ئێمە ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومە خۆماڵییەکاندا بۆ هەندێک بەروبوومی خۆماڵی کە ڕێژەیەکی کەم بەرهەمهاتووە و کەمە باج لەسەر هەمان بەروبوومی هاوردە دادەنێین تاوەکو نرخی بەرزنەبێتەوە، بەڵام هەندێکیان کە ڕێژەیان زۆرە هاوردەکردنی قەدەغە دەکەین.
ئەوەشی وت: ئەوەی گرفتی سەرەکییە بۆ بەروبوومە خۆماڵییەکان، نەبوونی کارگەی پیشەسازییە تاوەکو ئەو بەروبوومانە لە قوتوو بنرێن، جگە لەوەش نەتوانراوە بەروبوومەکان لە بازاڕەکانی وڵاتان ساغ بکرێنەوە، چونکە تێچووی گواستنەوەی زۆرە.
ئاماژەی بەوەشدا: زۆربەی کارگەکان کارناکەن بۆ نموونە کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر چەند ساڵێک کاریکرد، بەڵام دواتر وەستا، کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەڵەبجە کاردەکات بەڵام بەرهەمەکەی لەبازاڕدا دیار نییە.[1]