ئەمساڵ لە ئێرانەوە 86 هەزار کەس دەچنە حەج کە 7 هەزار و 741 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوەن. ئێران داوای لە سعودیە کردبوو، ژمارەی حاجییەکانی زیاد بکات، بەڵام ڕەتکرایەوە. سعودیە ئەمساڵ ئامادە نییە هیچ حاجییەکی ئێرانی بگوازێتەوە و هەمووی لە ئەستۆی خۆی ئێران دەبێ و ڕێگە بە فڕۆکەکانی کۆمپانیای ماهان ئێیریش نادات حاجی بۆ سعودیە بگوازێتەوە بەهۆی ئەوەیکە ئەو کۆمپانییە بە هۆی بەکارهێنانی بۆ ئامانجی سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە گەمارۆی خراوەتەسەر.
ئەمە یەکەمین کاروانی حاجییەکانی ئێرانن کە بۆ مەککە دەڕۆن. ئەمساڵ لە هەموو ئێرانەوە بڕیارە 86 هەزار و 550 کەس بۆ بەجێهێنانی ڕێوشوێنەکانی حەج سەردانی مەککە و مەدینە بکەن. زۆرینەی حاجییەکانی ئەمساڵی ئێران ژنن کە ژمارەیان 43 هەزار کەسە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە 7 هەزار و 741 کەس بۆ زیارەت دەچن.
حەجی ئەمساڵ بۆ هەر حاجییەک لانیکەم 22 ملیۆن و لانی زۆریش 29 ملیۆن تمەن ئاو دەخواتەوە.
بەجێگەیاندنی ڕێوشوێنەکانی حەج لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێ جار لە ژێر کاریگەریی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی سەعودیدا بووە.
لە ڕووداوی ساڵی 2015 ی مێنادا، بەهۆی پاڵەپەستۆوە سەدان حاجی گیانیان لە دەستدا، کە زۆربەیان ئێرانی بوون. بەرپرسانی ئێرانی ڕەخنەی توندی زۆریان لەمە گرت، هەر ئەو ساڵە لە ئێران هێرش کرایە سەر باڵوێزخانە و کۆنسوڵخانەی عەرەبستان. ئەمانە پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی تەواو گرژ کرد و ساڵی دواتری لە ئێرانەوە حاجی نەچوو بۆ حەج.
ئەمساڵیش گرژی پەیوەندییەکانی دوو وڵات لە ئاستی کەمتردا کاریگەریی هەبووە. هەر چەند کە عەلی قازی عەسکەر، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری حەج گوتبووی، حەج لە پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێران و عەرەبستان جیا کراوەتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەپێی ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵات، نیوەی حاجییەکان بە فڕۆکەی ئێرانی و نیوەشیان بە فڕۆکەی عەرەبستانی هاتووچۆیان دەکرد. بەڵام ئەمساڵ عەرەبستان لەمە پاشگەز بووەتەوە و بە ئێرانی ڕاگەیاندووە کە هەر خۆی زیارەتکارەکان بگوازێتەوە.
ساڵانی ڕابردوو کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی ماهان هاتووچۆی بە 25 لەسەدی زیارەتکارەکان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەبڕیاری عەرەبستان ئەمیش ناتوانێت ئەو کارە بکات. ڕەنگە هۆکاری ئەمە بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا بگەڕێتەوە کە بەسەر کۆمپانیای ماهانیشدا سەپێنراوە.
ئەمساڵ ئێران داوای کردبوو کە پشکی حەجی زیاتر بکرێ، بەڵام عەرەبستان وەڵامێکی بەمە نەدایەوە.
حەج لە چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ ئێران پرسیکی سیاسی بووە. عەلی خامنەیی چەند ڕۆژ لەمەبەر گوتی: ئەوانەی باس لەوە دەکەن حەج پرسێکی سیاسی نییە و مەیکەنە پرسێکی سیاسی، هەڵەیەکی گەورە دەکەن. عەلی خامنەیی دەڵێ: پێکهێنانی یەکیەتیی لەنێوان موسڵماناندا، کارێکی سیاسییە.