ماوەی 3 ڕۆژە کچێکی تەمەن 17 ساڵ له قەزای #زاخۆ#، ونبووە تا وەکو ئێستاش چارەنوسی نادیارە، پۆلیسی ئه و قەزایەش دەڵێت: لێکۆڵینەوەمان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەری دەستنەکەوتووە.
خالیدە عەبدولعەزیز خەلیل ناوی ئه و کچە تەمەن 17 ساڵەیە کە لە دایکبووی ساڵی 2003یە. بەیانی ڕۆژی 3 تەمموز، له گەڕەکی (خراب بابک) لە زاخۆ لە ماڵ چووەتەدەرەوە، تا وەکو ئێستا کەسوکارەکەی نازانن چی بەسەر هاتووە.
رێناس عەبدولعەزیز، برای خالیدە لەبارەی ونبوونی خوشکەکەیەوە دەڵێت: خالیدەی خوشکم هیچ کێشەیەکی لەماڵەوە نەبوو، خێزانەکەشمان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نیە، نازانین چی بەسەر خوشکەکەم هاتووە، ئەوەماوەی 3 ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانین.
وتیشی: دەزگای ئەمنیەکانی پارێزگای #دهۆک#-مان لەسەر ونبوونی خوشکەکەم ئاگادارکردووەتەوە، ئەوانەش بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیاریەکمان لەسەری دەستەنەکەوتووە.
هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک پۆلیسی قەزای زاخۆ هەواڵەکەی بۆ دواڕۆژ پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: دوای ئەوەی خێزانەکەی خالیدە سکاڵایان لای ئێمە تۆمارکردووە لەبارەی ونبوونی کچەکەیانەوە، بەدواداچونمان دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیووە بگەینە هیچ زانیارییەک لەسەری.
رۆژانی جەژنی ڕەمەزانی ئەم ساڵ، لە پارێزگای دهۆک کچکێی دیکەی منداڵ بەناوی (دلین) لە پارێزگای دهۆک ونبوو، دوای چەند ڕۆژێک پۆلیسی دهۆک تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزییەوە و تۆمەتباری کوشتنەکەشی دەستگیر کرد.[1]